عەلی باباجان: بۆ ئالنگاری ئەردۆغان حزب دادەمەزرێنم

:: PM:12:26:10/09/2019 ‌
دواجار عەلی باباجان جێگری سەرۆك وەزیرانی پێشتر رای گەیاند، پێش كۆتاهاتنی ساڵ حزبێكی نوێ دادەمەزرێنم. ئەمەش لە كاتێكدایە باباجان و داود ئۆغڵو دامەزرێنەرانی ئاكپارتی، بەهۆی ناكۆكییەكانیانەوە لەگەڵ ئەردۆغان، وازیان لە ئاكپارتی هێنا.

ئەمڕۆ سێشەم 10ی ئەیلوول، عەلی باباجان جێگری سەرۆك وەزیرانی پێشتری توركیا رای گەیاند، پێش كۆتاهاتنی ئەمساڵ حزبێكی نوێ دادمەزرێنێت.

باباجان گوتی "حزبێكی نوێ دادەمەزرێنم بۆ ئالنگاری ئاكپارتی بە سەركردایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان".

پشتڕاستكردنەوەی پێكهێنانی حزبێكی نوێ لەلایەن عەلی باباجان لە كاتێكدایە ماوەیەك پێش ئێستە دەستەی هەڵبژاردن لە توركیا رای گەیاند، داواكاری پێكهێنانی پارتێكی نوێیان بەدەست گەیشتووە بەناوی یاپ (YAP).

عەلی باباجان جێگری سەرۆك وەزیرانی پێشتر لە مانگی تەمووزی رابردوو وازهێنانی لە دەسەڵات و ئاكپارتی راگەیاند بەهۆی ناكۆكی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا.

باباجان هاوشانی ئەحمەد داود ئۆغڵو سەرۆك وەزیرانی پێشتر، دامەزرێنەری ئاكپارتییە و پێشتریش وەزیری ئابووری و وەزیری دەرەوە بووە.

باباجان لە دیمانەیەكدا لەگەڵ رۆژنامەیەكی توركی ئاشكرای كردووە، كار دەكات بۆ كۆكردنەوەی ئەو كەسانەی كە لە تێگەیشتن و بیركردنەوەی ئەو نزیكن، لە گفتوگۆدایە لەگەڵ كەسایەتییە سیاسییەكانی توركیا بە مەبەستی دامەزراندنی حزبێكی نوێ. گوتی "ئەمە هەندێك كاتی دەوێت، دەمانەوێت حزبێك دامەزرێنین بەشداری لە هەڵبژاردنی 2020 بكات".

دامەزراندنی پارتێكی نوێ لەلایەن هاوڕێیانی دوێنێی ئەردۆغان لە ئاكپارتی، لە كاتێكدایە لە هەڵبژاردنی رابردووی شارەوانییەكانی توركیا، ئەردۆغان لە شارە گرنگەكانی توركیا بەرانبەر بە جەهەپەی ئۆپۆزسیۆن دۆڕا، بەتایبەت لە ئیستانبوڵ كە شادەماری ئابووری توركیایە.


وشە - فه‌رمان سادق