تیرۆری دەریایی.. ئامرازێكی تۆقاندن لە رێكخراوی قاعیدەوە تا ئێران

:: PM:05:19:10/09/2019 ‌

لەوەتەی هێرشەكانی 11ی سێپتێمبەری 2001، پرسی تیرۆری دەریایی گرنگی زیاتری نێودەوڵەتی وەردەگرێت، راستە پێشتر هێرشی دەریایی چەتەكانی دەریا بوونی هەبووە و كۆنە، بەڵام هێرشەكەی رێكخراوی قاعیدە بۆ سەر كەشتی سەربازی "كۆڵ"، لە بەندەری عەدەن لە تشرینی یەكەمی 2000دا لە رووی قەبارە و جۆری ئەو كەشتییەی كرایە ئامانج شتێكی دەگمەن بوو.

لەو ساتەوە رێكخراوی قاعیدە لە نیوچە دوورگەی عەرەب و رێكخراوەكانی لایەنگری گرنگی بە هێرشە دەریاوانییەكان دەدەن و بەڵگەش بۆ ئەوە ئەو زانیارییانەیە كە لە حەشارگەكەی ئوسامە بن لادن لە پاكستان دۆزرایەوە كە لەلایەن هێزی دەریاوانی ئەمەریكا لە 2-11ی ئایاری 2011 لەناو برا، هەروەها پۆلیسی ئەڵمانیا لە بەرلین ئامێری یادگەی دیجیتاڵیان دوای دوو هەفتە لەو رووداوە دۆزییەوە لەكاتی گرتنی مەقسوود لۆدین تیرۆریستی نەمساوی بەرەگەز پاكستانی لەبارەی ویستی رێكخراوەكە بۆ هێرشكردنە سەر ئامانجە دەریاوانییەكان.  

لە ساڵانی دوای ئەوە هەڕەشەكانی رێكخراوی قاعیدە كەمی كردەوە، چونكە رێكخراوەكە لە كردە و چالاكییەكانی گرنگی زیاتری بە ململانێ ناوخۆییەكان دا، جیا لەوە ئێستە ئێران بووەتە كێشە بۆ سەر ئاسایشی دەریایی لە كەنداوی عەرەبی و دەریای سوور بەتایبەتی لەلایەن حوسییەكانی یەمەن، بە هاوشێوەی هێرشەكەی 12ی ئایاری 2019 بۆ سەر چوار كەشتی بازرگانی لە نزیك كەناراوەكانی ئیمارات بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئێران.  

سەرەڕای بوونی رێككەوتنێك لەبارەی پێناسەی تیرۆری دەریاوانی، بەڵام بەگشتی بریتییە لە بەكارهێنان یان هەڕەشەی بەكارهێنانی رێكخراوی توندوتیژی لەدژی هاتوچۆی دەریاوانی نێودەوڵەتی لەلایەن كەس و گرووپەكانەوە بەمەبەستی نانەوەی پشێوی و تۆقاندن بۆ گەیشتن بە ئامانجی سیاسی.

دەتوانرێت تیرۆری دەریاوانی بۆ چوار جۆر دابەش بكرێت لەسەر بنەمای بەكارهێنانی ناوچە دەریاوانییەكان و سروشتی ئامانجەكەی، ئەوانیش، یەكەم/ بەكارهێنانی دەریا بۆ هێرشكردنە سەر ئامانجی زەوینی، وەك ئەو تەقینەوانەی لە 26ی نۆڤێمبەری 2008ی مۆمبای كە دەیان كەسی تیرۆریست لەو بەندەرە دابەزین و 12 هێرشیان ئەنجام دا. دووەم/ بەكارهێنانی كەشتی دەریایی بۆ بەهێزكردنی توانای گرووپە تیرۆریستییەكان، وەك ئەوەی لە سێی كانوونی دووەمی 2002 بە دەستگرتن بەسەر كەشتی "كارین" لە دەریای سوور رووی دا لەوكاتەی چەكی ئێرانی بەرەو رێكخراوی رزگاریخو ازی فەڵەستین دەگواستەوە بۆ بەكارهێنانی دژی ئیسرائیل.

سێیەم/ گۆڕینی كەشتی جەنگی و گرتنی بارمتە لەلایەن تیرۆریستانەوە، كە یەكێكە لە دیارترین رێگەكانی تیرۆری دەریایی وەك ئەوەی لە 2014 رووی دا كاتێك بزووتنەوەی لاوانی سۆماڵی باڵی ئەو وڵاتەی قاعیدە دەستی بەسەر كەشتییەكی كینیدا گرت و 11 كەشتیوانی لە رەگەزی جیاجیا بە بارمتە گرت. چوارەم/ هێرشی تیرۆریستی لەدژی ئامانجی باڵای دەریاوانی، وەك ئەو دوو هێرشەی كەناراوەكانی یەمەن لە 2000 و 2002 یەكەمیالن بۆ سەر كەشتی جەنگی (كۆڵ)ی ئەمەریكی لەلایەن دوو تیرۆریستەوە و دووەم هێرشكردنە سەر كەشتی فڕەنسایی (M / V Limburg) لە كەناراوەكانی یەمەن و بووە هۆی رژانی نەوتێكی زۆر لە ئاوی كەنداوی عەدەن لە شەشی تشرینی یەكەمی 2002. 

دوای ساڵانێك رووداویبَكی تر رووی دا بەهەمان شێوازی چوارەم لە شەشی سێپتێمبەری 2014 كە رێكخراوی قاعیدە لە نیوچە دوورگەی هیندی بۆ سەر كەشتییەكی جەنگی پاكستانی ئەنجامی دا بەمەبەستی پەلاماردانی كەشتییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە  بە بەكارهێنانی هەشت مووشەكی جۆری " C-802" كە لەسەر كەشتییە پاكستانییەكە هەبوون. لە هەمان ساڵ گرووپی بەیتولموقەدەسی سەر بە داعش هێرشیان كردە سەر چوار كەشتی بچووك لە كەناراوەكانی میسر و هەشت كەشتیوانیان كوشت.

بەم دواییە و دوای سەرهەڵدانی منلملانێی نێوان ئەمەریكا و ئێران، حەسەن رووحانی سەرۆكی ئێران و گەورە فەرماندە سەربازییەكانی ئێران چەند جارێك هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمز و هاتوچۆی دەریاوانیان لە ئاوی كەنداو كرد لە وەڵامی سەپاندنی سزاكانی ئەمەریكا بەسەر ئێران، لەوانە ئیسماعیل كواری گەورە ئەفسەر لە فەیلەقی قودسی ئێران لە حوزەیرانی 2017 رای گەیاند كە وڵاتەكەی قەدەغەی هەناردنی نەوتی وڵاتانی تر لە رێگەی گەرووی هورمز دەكات، ئەگەر تاران نەتوانێت بەهۆی سزاكانەوە نەوتەكەی هەناردە بكات. بەڵام ئێران باش دەزانێت كە ئەو هەنگاوە لە بەرژەوەندی خۆی نییە، چونكە لەلایەك تووشی دابڕانی دەكات و لەلایەكی تر ئەمەریكا واز ناهێنێت لە سزاكان و لەلایەكی تر ئێران تووشی دۆڕانی گەورە دەبێت ئەگەر رووبەڕووبوونەوەی سەربازی رووبدات، بۆیە ئێران هەوڵ دەدات لە رێگەی هێزە نافەرمی ئەو كارە بكات و گەشار دروست بكات لە رێگەی حوشییەكانی یەمەن و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان و مینی دەریاییەوە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل