ترەمپ جۆن بۆڵتن لە راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا لادەدات

:: PM:08:02:10/09/2019 ‌

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لادانی جۆن بۆڵتن راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكای لە پۆستەكەی راگەیاند و دووپاتی كردەوە كە دوێنێ بە بۆڵتنم راگەیاندووە كە پێویستیمان بە خزمەتگوزارییەكانی  لە كۆشكی سپی نییە.

ترەمپ ئەمڕۆ سێشەم رای گەیاند كە بۆڵتن بەیانی ئەمڕۆ دەستی لەكار كێشاوەتەوە و هەفتەی داهاتووش راوێژكارێكی نوێ دیاری دەكەین، روونی كردەوە، دوێنێ بە بۆڵتنم راگەیاند كە ئیتر خزمەتگوزارییەكانی لە كۆشكی سپی پێویست نییە.

سەرۆكی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە كە لەگەڵ بۆڵتن لە زۆرێك لە پێشنیازەكانی جیاوازە و لەسەر ئەو بنەمایەش داوای لێ كر دووە دەست لەكار بكێشێتەوە.

پێنجشەمی رابردوو ترەمپ رای گەیاند كە پلانی هەیە بەوەی ژمارەی سەربازانی ئەمەریكا لە ئەفغانستان بۆ 8600 سەرباز كەم بكاتەوە كە ئێستە نزیكەی 14 هەزارن، ئەوەش لە رێگەی رێككەوتن لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانستانی لەبەرانبەر دەستبەرداربوونی ئەو بزووتنەوەیە لە رێكخراوی قاعیدە.

هاوكات دوورخستنەوەی بۆڵتن لە گفتوگۆكان لەگەڵ تاڵیبان و ئەمڕۆش لە پۆستەكەی دوای ئەو راپۆرتانە دێت كە باسی بڕگەكانی رێككەوتنی ئەمەریكا و تاڵیبانیان كرد و تۆمەتی ئەو دزەكردنەش خرایە ئەستۆی تیمی بۆڵتن، ئەگەرچی ئەو رەتی كردەوە و رای گەیاند كە نەخۆی و نە ئەندامانی تیمەكەی هیچ شتێكیان بە رۆژنامەكان نەگوتووە.  





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل