كڕینی "ئێس-400".. گرێبەستێكی ئێرانی بە پارەی عێراق

:: PM:08:17:10/09/2019 ‌

سەردانی دوایی فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی بۆ مۆسكۆ لە سەرەتای ئەم مانگە ئاسایی نەبوو، بەڵكو بە فەرمانی تاران بووە بۆ كڕینی سیستەمی مووشەكی پێشكەوتووی "ئێس-400"ی رووسی، ئەوەش لە چوارچێوەی پلانێكی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ كردنی عێراق بە گۆڕەپانی سەرەكی جەنگ لەدژی واشنتن. 

بەم دواییە هێزەكانی حەشدی شەعبی و پارتە سیاسییەكانی نزیك لە ئێران كە لە ناو پەرلەمان و حكوومەتی عێراق باڵادەستن، گوشارەكانیان بۆ سەر عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق زیاد كرد و چەندان فەتوا و هەڕەشەیان لەدژی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی دەركرد و سووربوونی خۆیان لە هەوڵەكانی دەركردنی ئەمەریكا لە عێراق دووپات كردەوە.

هەروەها ئەوان كاریان بۆ گواستنەوەی هەزاران مووشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئێرانی بۆ ناو خاكی عێراق و رێگرتن لە بەغدا بە پابەندبوون بە سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران كرد، جیا لە گوشارەكانی ئێستە دەیكەن بۆ كڕینی سیستەمی مووشەكی پێشكەوتووی رووسی "ئێس-400". هەموو ئەوانەش بەمەبەستی شەرمەزاركردنی عادل عەبدولمەهدی و حكوومەتەكەی كە لە یەكەم ساڵی تەمەنی نزیك دەبێتەوە لەبەرانبەر واشنتن و تێكدانی پێوەندییەكانی هەردوولا وەك جێبەجێكردنی پلانێكی ئێرانی بۆ كردنی عێراق بە گۆڕەپانی سەرەكیی ململانێی نێوان تاران و واشنتن. بۆیە ئەوان ئاستی هەڕەشەكانیان بۆ رووخاندنی حكوومەتی عەبدولمەهدی كەم نەكردەوە ئەگەر بەپیر داواكانیان نەیەت.

وەك چاودێرانی سیاسی باسی دەكەن ئەو بابەتە عێراق دەخاتە بەردەم دوو سیناریۆ یەكەمیان وەرگرتنەوەی متمانە لە عادل عەبدولمەهدی و حكوومەتەكەی لەلایەن هاوپەیمانییەكانی "فەتح" و "دەوڵەتی یاسا"، كە لە حزبی دەعوە و میلیشیاكانی سەر ئێران پێك هاتوون بە پاساوی هاریكاری لەگەڵ واشنتن، سیناریۆی دووەم ئەنجامدانی كودەتایەكی سەربازییە لەلایەن میلیشیاكانەوە بەسەر حكوومەتی شەرعی عێراق بە هەمان پاساوی پێشوو بە هاوشێوەی كودەتاكەی حوسییەكانی یەمەن و كردنی وڵاتەكە بە گۆڕەپانی جەنگێكی ناوخۆیی كە وڵات بەرەو وێرانبوونی تەواوەتی دەبات.

هاوكات لەگەڵ گفتوگۆكانی فەیاز بۆ كڕینی سیستەمی مووشەكی رووسی، حەشدی شەعبی بڕیارێكی دەركرد بە دامەزراندنی هێزی ئاسمانی بە واژووی ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و سەركردەی كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقی، بەڵام دوای چەند سەعاتێك هاتە راگەیاندن كە بڕیارەكە ساختەیە و لەوانەوە دەرنەچووە. بەڵام سەرەڕای ئەوە فەرماندەیەكی سەربازی عێراق دووپاتی كردەوە كە حەشدی شەعبی ماوەی چەند مانگێكە بە پاڵپشتی فەیلەقی قودس بەكردەنی دەستی بە دامەزراندنی هێزی ئاسمانی كردووە لە رێگەی رەوانەكردنی زیاتر لە 100 چەكدار بۆ ئێران بۆ مەشقكردن لەسەر فڕۆكەوانی و سیستەمی بەرگری ئاسمانییەوە. 

زیاتر گوتی، ئێستە چەندان فڕۆكەوان و شارەزایانی مووشەكی ئێران لە عێراقن بۆ راهێنانكردن بە ئەندامانی میلیشیاكان لە چوارچێوەی ئامادەسازییەكانی حەشدی شەعبی بۆ بوون بە خاوەنی فڕۆكەی جەنگی و سیستەمی مووشەكی "ئێس-400"ی رووسی.

لە مانگی ئابی رابردوو ڤیكتۆر بۆنداریڤ سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی فیدراڵی رووسیا رای گەیاند كە هەریەك لە سووریا و عێراق و سوودان و میسڕ لەو وڵاتانەن ئەگەری كڕینی سیستەمی مووشەكی بەرگری ئاسمانی "ئێس-400" یان هەیە، لەوكاتەی چەند لایەنێكی سیاسی عێراقی وایان لەقەڵەم دا ئەو هەوڵانەی حەشدی شەعبی پلانێكی سوپای پاسدارانە بۆ سنوورداركردن و لاوازكردنی سوپای عێراق و بەهێزكردنی حەشد و كردنی بە هێزێكی هاوتا بۆ سوپا بە خێراترین كات لە چوارچێوەی ئامادەسازییەكانی ئێران بۆ دوورخستنەوەی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەمەریكا لەسەر خاكەكەی و گواستنەوەی جەنگی زەوینی و ئاسمانی لەگەڵ واشنتن و هاوپەیمانەكانی بەرەو بەغدا.  

ئینتفاز قەنبەر سیاسەتوانی عێراق و سەرۆكی پارتی موستەقبەل لە تویتێك نووسیویەتی، مەبەستی حەشدی شەعبی لە دامەزراندنی هێزی ئاسمانی هاندانی ئیبسرائیلە بۆ ئەنجامدانی هێرشی زیاتر لە ناو عێراق و سووتاندنیەتی بەمەبەستی دوورخستنەوەی ئێران لە هێرشی راستەوخۆی سەربازی، بۆیە ئێران ئەو هەلە دەقۆزێتەوە بۆ گواستنەوەی مووشەكی بەرگری ئاسمانی و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان بۆ عێراق.

ئێستە حەشدی شەعبی سوود لە تۆمەتباركردنی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر بارەگاكانی حەشدی شەعبی دەبینێت بۆ گوشارخستنە سەر عەبدولمەهدی بۆ كڕینی مووشەكی رووسی و هەوڵدان بۆ دارشتنی یاسای دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا لە پەرلەمان كە لە رۆژانی داهاتوو دەست بە دانیشتنی وەرزی یەكەمی دووەم ساڵی یاسادانانی دەكات.

عەلا نەشووع شارەزای سەربازی بەدووری زانی كە حەشدی شەعبی بتوانێت سیستەمە رووسییەكەی دەستكەوێت، چونكە رووسیا پێیان نادات و خۆی دەدزێتەوە، چونكە لە سووریا لەگەڵ واشتنت گەیشتووەتە رێككەوتن، بۆیە سەرەڕای بوونی سیستەمێكی مووشەكی لای حەشدی شەعبی، بەڵام ناتوانن رووبەڕووی فڕۆكەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل ببنەوە. بۆیە ئێران حەشدی شەعبی وەك سووتەمەنی جەنگ بەكاردێنێت لەبری سوپای پاسداران و هێزەكانی تری، بۆیە گرێبەستی كڕینی "ئێس-400"ی رووسی گرێبەستێكی ئێرانییە بە پارەی عێراق.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل