حەشدی شەعبی گوشار دەخاتە سەر عەبدولمەهدی بۆ كڕینی "ئێس-400"

:: PM:10:50:10/09/2019 ‌

پەرلەمانتارێكی عێراق لە هاوپەیمانی "فەتح" كە زۆرینەی گرووپەكانی حەشدی شەعبی لەخۆ دەگرێت، دووپاتی كردەوە كە پەرلەمان لە وەرزی داهاتووی یاساداناندا حكوومەتی عێراق ناچار دەكات بۆ كڕینی سیستەمی پێشكەوتووی مووشەكی بەرگری ئاسمانی "ئێس-400"ی رووسی بەمەبەستی رووبەڕووبوونەوەی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر حەشدی شەعبی.  

فازڵ فەتلاوی ئەمڕۆ سێشەم رای گەیاند، كردنەئامانجی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە ناوچەی ئەلبووكەمالی سەر سنووری نێوان سووریا لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل كارێكی مەترسیدارە و ناكرێت لێ بێدەنگ بین. روونی كردەوە، حكوومەت پابەندە بە وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بە هەموو شێوازێكەوە بۆ بەرگریكردن لە سەروەری و ئاسایشی لە پێشێلكردن.

روونی كردەوە، لەم وەرزی یاساداناندا پەرلەمان حكوومەت ناچار دەكات بۆ كڕینی سیستەمی مووشەكی دژە ئاسمانی پێشكەوتووی "ئێس-400"ی رووسی بۆ پاراستنی گیانی ئەندامانی حەشدی شەعبی و پاراستنی ئاسمانی عێراق لە پێشێلكردنی بەردەوام و دووپاتی كردەوە كە هاوپەیمانی "فەتح"، پاڵپشتی لەهەر بڕیارێك دەكات لە بەرژەوەندی پاراستنی سەروەری عێراق بێت.

بەم دواییە هێزەكانی حەشدی شەعبی و پارتە سیاسییەكانی نزیك لە ئێران كە لە ناو پەرلەمان و حكوومەتی عێراق باڵادەستن، گوشارەكانیان بۆ سەر عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق زیاد كرد و چەندان فەتوا و هەڕەشەیان لەدژی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی دەركرد و سووربوونی خۆیان لە هەوڵەكانی دەركردنی ئەمەریكا لە عێراق دووپات كردەوە.

ئینتفاز قەنبەر سیاسەتوانی عێراق و سەرۆكی پارتی موستەقبەل لە تویتێك نووسیویەتی، ئێستە حەشدی شەعبی سوود لە تۆمەتباركردنی ئەمەریكا و ئیسرائیل بە هێرشكردنە سەر بارەگاكانی حەشدی شەعبی دەبینێت بۆ گوشارخستنە سەر عەبدولمەهدی بۆ كڕینی مووشەكی رووسی و هەوڵدان بۆ دارشتنی یاسای دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا لە پەرلەمان.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل

ئه‌م بابه‌ته 48 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌