خەندە فاتیح:دەمەوێ بە شێوەكاری ناخۆشییەكانی ژیان لە بیر كورد ببەمەوە

:: AM:11:29:11/09/2019 ‌

خەندە فاتیح محەمەد /26 ساڵ/ شێوەكارێكی شاری سلێمانییە، ئەگەرچی بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە بەشی ئینگلیزی كۆلێژی زمان بەدەست هێناوە، بەڵام لە هونەری شێوەكاریدا دەستڕەنگینە. خەندە لەم‌ دیمانەیەی "وشە"دا‌ وەك خۆی دەڵێ، كەسێكی ڕۆحانییە و زۆربەی كارەكانیشی وێنەی سروشتن، ئەویش بەو ئامانجەی هەستێكی خۆش و ئاسوودەیی لای بینەر دروست بكات.

دەستپێكی كاری هونەریت لە بواری شێوەكاری كەی بوو؟
لە تەمەنی منداڵیمەوە بوو كە لە قۆناغی یەكەمی قوتابخانە بووم، لەو كاتەوە حەز و خولیایەكی زۆرم بۆ هونەر هەبووە، لە منداڵییەوە بەشداری پێشانگە هاوبەشەكانی قوتابخانەم دەكرد و هەمیشە دەستخۆشی و ستایشی تابلۆكانم دەكرا لەلایەن خێزان و هاوڕێ و مامۆستا و كەسە نزیكەكانم، منیش بەو هۆیەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر خووم بە وێنەكێشانەوە دەگرت و هەستم بەوە دەكرد وزە و توانای باشم هەیە لەم بوارەدا.

تا ئێستە خاوەنی چەند تابلۆی؟
زیاتر لە 40 تابلۆی هونەریم كێشاوە، بەڵام هەندێك كاری ترم هەیە دەچنە چوارچێوەی هونەری پەیكەرسازی و سیرامیك و كاری ڕیسایكلین، واتە بەگشتی ئیشم لەسەر زۆرینەی بوارەكانی هونەر و شێوەكاری كردووە.

بەشداری هیچ پێشانگەیەكی تایبەت و هاوبەشت كردووە؟
بەردەوام بەشداری پێشانگە هاوبەشەكانی قوتابخانە و زانكۆكانی سلێمانیم كردووە، بەڵام پێشانگەی تایبەت بە خۆم نەكردووەتەوە تا ئێستە.

لە كاتی كێشانی تابلۆدا خەیاڵەكانت تێكەڵ بەچی دەبن و چ هەستێكت بۆ دێ؟
خۆم كەسێكی ڕۆحانیم و زۆر حەز لە سەیركردنی سروشت دەكەم، جا لە ڕێی فۆتۆوە بێت یا بەشێوەی ڕاستەوخۆ، بۆیە زۆرینەی ئیشەكانم وێنەی سروشتن و ئیشكردنە لەسەر ڕەنگەكان و هارمۆنیا پێكەوە.

بۆ كێشانی تابلۆكان چی بەكار دێنی؟
تابلۆكانم زیاتر بە بەكارهێنانی بۆیەی ئەكریلیك یاخۆ زەیتی و فڵچە و چەقۆی پالێت دەكێشم. هەروەها تابلۆكان زیاتر باس لە جوانی و ئەو هێزە نهێنی و گەورەیەی سروشت و ڕەنگەكان دەكەن كە چۆن كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ڕۆحی هەموو مرۆڤێك هەیە و هەستێكی خۆش و ئارامی پێ دەبەخشێ.

ئامانجت چییە؟
ئامانج لە كارەكانم ئەوەیە هەستێكی خۆش بە رۆح مرۆڤی كورد بدەم و ئاسوودەیی لای بینەری ئیشەكان دروست بكەم، چونكە بە تێڕوانینی من هونەر سیحرە.

لە چ كاتێكدا دەتەوێ تابلۆ بكێشی؟
هەركات تابلۆیەك دەكێشم بۆ ماوەیەك هەست دەكەم چوومەتە ناو دنیایەكی پڕ لە جوانی و واقیعم جێهێشتووە، چونكە هەمیشە بیر لە جوانییەكانی گەردوون و ژیان و سروشت دەكەمەوە، كەمتر ئیشم لەسەر لایەنە ڕەشەكان و خەمەكانی كورد كردووە و بۆ شێوەكارانی ترم جێهێشتووە، چونكە من دەمەوێ ناخۆشییەكانی ژیان لە بیر گشت كوردێك ببەمەوە و دڵیان خۆش بكەم. 
بیرم لەوەش كردووەتەوە لە داهاتوودا هونەر بۆ ناساندنی سروشتی جوان و تایبەتی كوردستان بە دنیا بەكار بهێنم و سەرنجی گەشتیاران ڕابكێشم.

هەوڵت داوە سوود لە بەرهەمی هونەرمەندانی تر وەربگریت، بەتایبەتی هونەرمەندە جیهانییەكان؟
بەگشتی سەیری ئیشەكانی زۆرینەی هونەرمەندە جیهانییەكان دەكەم و ئەزموونی زۆرم لێ وەرگرتوون. هەروەها بە هونەرمەندە گەورەكانی وەك "لیۆناردۆ داڤنچی، ڤان كوخ، پیكاسۆ، دالی و فریدە كالۆ و گوستاڤ كلیمیت" زۆر سەرسامم.

دەگوترێ هونەر ئازادی تەواو بە مرۆڤ دەدات، تۆ رات چییە؟
بە بۆچوونی من هونەر زۆر فراوانە و سنووری نییە، هونەر كاتێك پێی دەگوترێ هونەر كە ئازاد بێ و گوێ بە كۆتوبەند نەدات تاك ئەوەی بە واقیعی دەگوزەرێ لە تابلۆكانیدا بەرجەستەی بكات.

شێوەكاری بەلای تۆوە بەهرەیەكی خواییە، یان هەموو كەس ئەو تایبەتمەندییەی تێدا هەیە؟
شێوەكاری بەهرەیە و توانای تایبەتی دەوێ، بەڵام پێم وایە ئەو بەهرەیە بە كاركردنی بەردەوام و ئەزموونی زۆر بەدەست دێت، واتە هەر كەسێك حەزی لێ بێت و هەوڵی بەردەوامی بۆ بدات، بەپێی كات دەتوانێ پێش بكەوێ و ببێتە نیگاركێش.

جگە لە كاری شێوەكاری، دەستت لە بواری تری هونەریدا هەیە؟ 
جگە لە شێوەكاری جارجارە گۆرانیش دەڵێم و پلانم بۆ ئەوەش هەیە كە بەشێك لەو بوارەی هونەریشدا بەرجەستە بكەم لە خۆمدا.

هیچ پڕۆژەیەكی هونەریت هەیە لە ئایندەیەكی نزیكدا كاری لەسەر بكەیت؟
هەوڵ دەدەم لە ئایندەدا زیاتر پێشانگەی تایبەت بە خۆم بكەمەوە و زیاتریش ئیش لەسەر تواناكانی خۆم بكەم و كورد بە جیهان بناسێم.
وشە/دیمانەی محەمەد جەمال

















وشە - وشه‌