لە سنووری
دوو گوندی شارۆكەی پێنجوێن، لەلایەن چەند كەسێكەوە، زیاتر لە سێ هەزار داری
دارستانەكان بڕانەوە و پۆلیسی دارستانیش هەڕەشەی
گرتنیان دەکات.
ئەمڕۆ
چوارشەم 11ی ئەیلوول، ئیسماعیل ئیبراهیم بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی
پێنجوێن بە "وشە"ی راگەیاند، لەلایەن چەند هاووڵاتییەكی سنوورەكەمانەوە
ئاگاداركراینەوە، لە گوندەكانی بناوەسووتە و سەرنەوان كە دەكەونە سنووری نێوان شارۆكەی
پێنجوێن و رۆژهەڵاتی كوردستان، ژمارەیەكی یەكجار زۆر دار لە دارستانە چڕەكان بڕاونەتەوە
و ئێمەش راستەوخۆ مەفرەزەكانی پۆلیسمان بۆ ناردن.
زیاتر
روونی دەکاتەوە، كاتێك چووینە شوێنەکە، بینیمان لە چوار شوێنی ئەو دوو گوندە زیاتر
لە سێ هەزار دار بڕاونەتەوە و دواتریش بە شێوەیەكی زۆر نەشیاو و رێگەپێنەدراو سوتێندرابوون
و دوای وەرگرتنی رەزامەندی دادوەری دادگای پێنجوێن، سەرجەم ئەو كەسانەی ئەو كارەیان
كردووە، دەگیرێن و دەیاندەینە دادگا.
بەڕێوەبەری بەشی
پۆلیسی دارستان و ژینگەی پێنجوێن دووپاتی دەکاتەوە، ئەمە یەكەم كاری
لەم شێوەیەیە كە لە ناوچەكەماندا دژ بە ژینگە كراوە و مەبەستی سەرەكی كارەكەش ئەوەیەن
دواتر یان بكرێتە شوێنی كشتوكاڵی یان زەویەكان بە پارەیەكی زۆر بفرۆشرێنەوە.
شارۆكەی
پێنجوێن، نزیكەی 96 كیلۆمەتر لەشاری سلێمانیەوە دوورە و زیاتر لە250 گوند لەخۆدەگرێت
و خاوەنی رووبەڕێكی فراوانی دارستان و سەوزاییە.
پێنجوێن/
رێبین پێنجوێنی