بێ ئاوی تەنگی بە دانیشتووانی كەلار هەڵچنیوە

:: PM:01:49:11/09/2019 ‌
سەرباری بەرزی پلەكانی گەرما و پێویستی هاووڵاتییان بە ئاو، سەدان ماڵ لە كەلار بێ ئاو دەبن و بەرپرسانی ئەو ناوچەیەش هۆكارەكەی بۆ ماتۆڕی ئاوی چەند گەڕەكێك دەگەڕێننەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 11ی ئەیلوول، خەڵات محەمەد وەك ژنێكی نیشتەجێی گەڕەكی شەهیدانی كەلار بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، بێ ئاوی تەنگی پێ هەڵچنیوین و لە دۆخێكی زۆر خراپداین، چونكە لەم كاتەدا بۆ پڕكردنی فێنككەرەوە و ئاوی خواردنەوە دەستەوەستان ماوین.

هەردی سەركەوت وەك گەنجێكی گەڕەكی فەرمانبەران لە كەلار باس لەوە دەكات، لایەنە پێوەندیدارەكانمان ئاگادار كردووەتەوە، ئەوان باسیان لەوە كردووە ئەو گرفتە جگە لە فەرمانبەران بەهۆی كێشەی خراپبوونی ماتۆڕی ئاوەوە چەند گەڕەكێكی تریشی گرتووەتەوە.

پێوەست بەو كێشەیە، سامان رەحیم بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ئاوی كەلار بە "وشە"ی راگەیاند، هۆكاری كێشەكە خراپبوونی ماتۆڕی ئاوی ئەو گەڕەكانەیە و لە هەوڵداین بەزووترین كات كێشەكە چارەسەر بكەین.

ئەگەرچی كەلار رووباری سیروانی بە تەنیشتیدا تێپەڕ دەبێت، بەڵام هێشتا زۆرینەی رەهای دانیشتووانی لە رێی بیرە ئیرتیوازییەكانەوە ئاویان پێ دەگات و زۆر جار رووبەڕووی گرفتی كەم ئاوی دەبنەوە، ئەو گرفتەش كە ئەمڕۆ بەرۆكی هاووڵاتییانی گرتووە لەكاتێكدایە هێشتا پلەی گەرمای ناوچەكە 40 پلەی سیلیزییە.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی


وشە - هیدایه‌ت جان