"وشە" زانیاری لەسەر دزەكەی مووچەی كەمئەندامان ئاشكرا دەكات

:: PM:01:52:11/09/2019 ‌
بەپێی بەدواداچوونێكی "وشە" بۆ دزینی ئەو پارەیەی لەلایەن فەرمانبەرێكەوە كە مووچەی كەمئەندامان بووە دزراوە، ئێستە لەلایەن كەسوكاری گەڕێنراوەتەوە و فەرمانبەرەكەش گیراوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 11ـی ئەیلوول، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" ئەو فەرمانبەرەی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە مووچەی كەمئەندامانی دزیبوو، ژنە فەرمانبەرێكە.

لە زانیارییەكان هاتووە، ئێستە ئەو فەرمانبەرە لە پۆلیسی هەڵەبجە گیراوە و كەسوكارەكەشی پارەكەیان بۆ حكوومەت گەڕاندووەتەوە.

ڕۆژی دووشەم نۆی ئەیلوول، لە ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاتووە، بەتۆمەتی بردنی 186 ملیۆن دیناری مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان فەرمانبەرێكی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی  شارەزوور گیرا.

كوێستان محەمەد وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاندووە، بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ دۆسیەی دیارنەمانی مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتییەكان و چەند گرفتێكی تری بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەكانیان، سەردانی هەڵەبجەمان كردووە.

ئاشكرای كردووە، بۆ دیارنەمانی 186 ملیۆن دیناری مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتییەكان لە بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتیی شارەزوور، ئەمڕۆ فەرمانبەرێكیان ڕووبەڕووی دادگا كردووەتەوە و بەفەرمانی دادوەر و بەتۆمەتی دیارنەمانی ئەو پارانە گیراوە.

دوای پشكنینەوە بۆ كەمئەندامان 13 هەزار كەمئەندامی تر مووچەكانیان بۆ گەڕایەوە و ڕۆژانە پسوولەی بانك وەردەگرن بەمەیش كۆی گشتی كەمئەندامان بوو بە 94 هەزار كەمئەندام.



وشە - رامیار جەواد