هەر بەڕێوبەرێك شوێنی كڕینی جلوبەرگی قوتابیان دیار بكات سزا دەدرێت

قوتابیان به‌ جلوبه‌رگى یه‌كپۆشییه‌وه‌
:: PM:08:44:11/09/2019 ‌
لە دوای دەرچوونی بڕیاری یەكپۆشی لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، خوێندنگەكان بە پێی ئاستەكان ناچار دەبن جلوبەرگێكی دیاریكراو لەم ساڵی نوێی خوێندنیاندا بپۆشن، گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتی پەروەردەی سلێمانیش ڕای دەگەیەنێت كە كەسوكاری قوتابیان دەتوانن لە هەركوێ بیانەوێت جلوبەرگی قوتابیان دابین بكەن.

ئەمڕۆ چوارشەم 11ی ئەیلوول، مەریوان عومەر گوتەبیژی بەڕێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، دایك و باوك سەرپشكن لە كوێ جلوبەرگی خوێندكارەكانیان دەكڕن، تەنانەت ئەگەر خۆیان بەرگدوورن دەتوانن خۆیان جلوبەرگی قوتابیانیان بدوورن، بەڵام پابەندبن بەو ڕەنگ و شێوەیەی كە لەلایەن وەزارەتەوە بۆی دانراوە بە پێی قۆناغەكان و نابێت هیچ شتێكی زیادە بە جلەكانیانەوە بێت.

گوتەبێژەكەی پەروەردەی سلێمانی ڕوونی كردەوە كە ئەگەر بەڕێوبەرێك بە كەسوكاری خوێندكارێكی گوت كە لە كۆمپانیایەكی دیاریكراو جلوبەرگەكان بكڕن، ئەوا كەسوكاری خوێندكارەكە دەتوانن دەستبەجێ پەروەردە ئاگادار بكەنەوە و ناوی بەڕێوەبەر و خوێندنگاكە بڵێن تا لە ڕووی یاساییەوە مامەڵەی لەگەڵ دا بكرێت.

بەپێی بڕیارێكی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەم ساڵی خوێندندا سیستمی یەكپۆشی لەناو ناوەندەكانی خوێندندا پێڕەو دەكرێت، لە سیستمی یەكپۆشیدا جلوبەرگی تایبەت دانراوە كە بە پێی قۆناغەكان دەگۆڕێت و بەم شێوەیەیە:

1-جلوبەرگی باخچەكانی منداڵان (كچ/ كراسی پەمەیی لەگەڵ تەنوورە یان پانتۆڵی رەساسی، كوڕ/ كراسی شین لەگەڵ پانتۆڵی ڕەساسی).
2-جلوبەرگی قۆناغی ئامادەیی (زانستی، وێژەیی، پیشەیی، ئیسلامی) بەمشێوەیە دەبێت:
- كچ (قۆناغی 10-11-12) تەنوورە یان پانتۆڵی رەش لەگەڵ كراسی سپی.
- كوڕ (قۆناغی 10-11-12) پانتۆڵی رەش یان كاوبۆی رەش لەگەڵ كراسی سپی.
3-  جلوبەرگی قۆناغی بنەڕەتی (7-8-9)
-كچ/ تەنوورە یان پانتۆڵی نیلی لەگەڵ كراسی سپی.
-كوڕ/ پانتۆڵی نیلی لەگەڵ كراسی سپی.

4-  جلوبەرگی قۆناغی بنەڕەتی (1-6)
-كچ/ تەنوورە یان پانتۆڵی رەساسی لەگەڵ كراسی سپی.
-كوڕ/ پانتۆڵی رەساسی لەگەڵ كراسی سپی.

سلێمانی/ ئاریان محەمەد



وشە - سه‌رخێڵ هاشم