ده‌یان چیرۆكی كه‌سایه‌تیی مێژووییمان بیستووه، چۆن دوای ئه‌وه‌ی چوونه‌ته ده‌سه‌ڵاته‌وه، به‌ته‌واوی هه‌ڵوێست و ڕه‌فتاره‌كانیان گۆڕاوه. زانایانی كۆمه‌ڵناس و زانایانی ده‌روونناس هه‌وڵیان داوه هۆكاری ئه‌و گۆرانكارییه ڕیشه‌یییه بزانن كه دروست ده‌بێ و زۆر جار به شێوه‌یه‌كی دوور له به‌ها ئه‌خلاقییه‌كانی پێشتر بڕوایان پێ بووه، هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ن!
ئه‌وێ چ باسه و چی ڕوو ده‌دات، وا ئه‌وه‌ی ده‌چێ ده‌گۆڕێ و وه‌ك خۆی نامێنێته‌وه! زانایان ده‌ڵێن، ئه‌ی بۆ به شێوه‌یه‌كی تر پرسیاره‌كه نه‌كه‌ین، ئایا ده‌سه‌ڵات كه‌سه‌كان ده‌گۆڕێ، یان ناخی ڕاستیی كه‌سه‌كان پیشان ده‌دات، خۆیان پێشتر ئه‌و مرۆڤه باش و چاكه نه‌بوون، به‌ڵام ده‌رفه‌تیان نه‌بووه، ئێسته به كه‌مترین ده‌رفه‌ت گۆڕاون! ئه‌ی ئه‌وه نییه، خه‌ڵكانێكیش هه‌یه، له ده‌سه‌ڵاتی به‌رزدان و وه‌ك خۆیان ماونه‌ته‌وه!
سالم قه‌موودی له كتێبی "سایكۆلۆجیای ده‌سه‌ڵات"ـدا ده‌ڵێت: "هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێك ڕوویه‌كی ئاشكرا و ڕوویه‌كی شاراوه‌ی هه‌یه. ئایدۆلۆجیا ڕووه ئاشكراكه‌یه و سایكۆلۆجیا ڕووه شاراوه‌كه‌یه‌تی."
دوای ئه‌م دێڕانه‌ی سه‌ره‌وه وه‌ك پێشه‌كی، با ورده‌ورده بێینه ناو ئه‌و هۆكارانه‌ی پسپۆڕان دۆزیویانه‌ته‌وه.
زانایانی ده‌روونناسی پێیان وایه، توانایی ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر خه‌ڵكیدا له‌و شتانه‌ی كه تایبه‌ته به‌وان، ڕێگریكردن یان پاڵنانیان بۆ كۆمه‌ڵێ كاری دیاریكراو، پاره، بوونی هه‌ندێ تایبه‌تمه‌ندیی كه له كه‌سی ئاسایی‌دا نین، ئه‌و كه‌سه وا لێ ناكات بتوانێ ئازاری ئه‌وه بدات كه ده‌یه‌وێ، به‌ڵكوو ته‌نیا وای لێ ده‌كات ئازاری ئه‌وه بدات كه ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی به‌سه‌ریدایه. ڕێك ئه‌مه‌ش نهێنیی ده‌سه‌ڵاته. واته، وه‌زیری ته‌ندروستی، كه‌سێكی باش بێت یان خراپ، ته‌نیا ده‌توانێ به‌سه‌ر پزیشك و كارمه‌ندانی وه‌زاره‌ته‌كه‌یدا ئه‌و كه‌سێتییه‌ی بسه‌پێنێ، ئه‌گه‌رچی حه‌ز بكات به‌سه‌ر كه‌سێكی دیكه‌دا بیكات كه كارمه‌ندی وه‌زاره‌تی پلاندانانه.
زیاد له پێویست متمانه‌به‌خۆبوون، هه‌ڵه‌شه‌یی و خێرا بڕیاردان، حه‌زی شێتانه‌ی خۆبه‌زلزانین، چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌كن ئه‌و كه‌سانه‌ی پێ ده‌ناسرێنه‌وه كه ده‌چنه ده‌سه‌ڵات و به شێوه‌یه‌كی زانستیش له‌سه‌ریان گفتوگۆی ڕژد كراوه و له‌پێش هه‌مووشیانه‌وه "نیكۆلۆ مه‌یكاڤێلی" سیاسی و فه‌یله‌سووفی ئیتاڵی باسی كردووه. هه‌روه‌ها له كتێبی "سایكۆلۆجیای جه‌ماوه‌ر"ـدا، گۆستاڤ لۆبۆن بنه‌ماكانی پێوه‌ندی تاكه‌كان و تاكی ناو ده‌سه‌ڵاتی له زۆربه‌ی سیسته‌مه‌كاندا ڕوون كردووه‌ته‌وه.
گریكه كۆنه‌كان زوو هه‌وڵیان دا بۆیان ده‌ربكه‌وێ، بۆچی ئه‌وه‌ی ده‌چێته سه‌ر كورسیی ده‌سه‌ڵات، تووشیی هه‌ڵه‌شه‌یی و تووڕه‌بوون و شیزۆفینیا ده‌بێ! هه‌ڵبه‌ت وه‌ڵامه‌كه‌ی ئه‌وان لۆژیكی نییه، ئاخر پێیان وایه، ئه‌وه سزای خواوه‌نده به‌سه‌ر خه‌ڵكییه‌وه، چونكه كاره‌كانیان به جوانی به‌ڕێوه نابه‌ن. ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه، هه‌موو ئایینه‌كانیش سوودیان له‌م جۆره بیركردنه‌وه‌یه كردووه و چه‌ندان ده‌قیان هه‌یه كه باسی سزای خوایی ده‌كات به‌سه‌ر گه‌لانه‌وه له‌ڕێی ناردنی سه‌ركرده و ده‌سه‌ڵاتداری خراپه‌وه.
له تاقیكردنه‌وه‌یه‌كدا كه زانایانی دانیماركی له‌سه‌ر چه‌ند كه‌سێك كردبوویان، كۆمه‌ڵی پرسیاریان سه‌باره‌ت به وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵا و سیاسه‌ت لێ كردبوون. هه‌ندێك له‌و كه‌سانه داوایان لێ كردبوون ماوه‌ی چه‌ند سه‌عاتێك نان نه‌خۆن بۆ ئه‌وه‌ی كاتی تاقیكردنه‌وه‌كه برسی بن، هه‌ندێكیشیان ئاسایی بوون. ئه‌وه‌ی بۆیان ده‌ركه‌وت سه‌رسووڕهێنه‌ر بوو! ئه‌وانه‌ی به برسێتی به‌شداری تاقیكردنه‌وه‌كه‌یان كردووه، له وه‌ڵامه‌كانیاندا داوای یه‌كسانی و مافی هه‌ژار و دابه‌شكردنی دادپه‌روه‌رییانه‌ی سامانیان ده‌كرد، ئه‌وانی دیكه كه تێر بوون، كه‌مترین سۆز له وه‌ڵامه‌كانیاندا هه‌بوو. ئه‌مه‌ش ڕێك په‌نده كورده‌وارییه‌كه پشتڕاست ده‌كاته‌وه: "تێر ئاگای له برسی نییه."
جیا له‌م تاقیكردنه‌وه‌یه، زۆربه‌ی توێژینه‌وه ده‌روونییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه كۆكن، ده‌سه‌ڵات له توانایدا نییه به شێوه‌یه‌كی سۆزداری مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ خه‌ڵكیدا بكات، بۆیه كاتێك ئه‌و گوته زۆر دووباره‌یه‌یان لێ ده‌بیسترێ: "ئێمه له هه‌سته‌كانتان تێ ده‌گه‌ین" به ته‌واوی جێی گومانه، چونكه زۆرینه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار، له‌ڕووی ده‌روونییه‌وه ناتوانێ له هه‌سته‌كانی خه‌ڵكی ئاسایی تێ بگات، ئاخر ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌وانه، تێگه‌یشتن نییه له هه‌ستی خه‌ڵكی، به‌ڵكوو جێبه‌جێكردنی كۆمه‌ڵێ یاسا و ڕێنمایی و بنه‌مایه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی هه‌یانه و پێویسته لێی لا نه‌ده‌ن، بۆیه هه‌رگیز ئه‌وان به‌و پێوه‌رانه مامه‌ڵه ناكه‌ن كه تۆی هاووڵاتی یان تۆی كارمه‌ند و فه‌رمانبه‌ر ده‌ته‌وێ پێی بزانێ. له ڕووی ده‌روونییه‌وه، به‌م خه‌سڵه‌ته‌ی به‌رپرسان ده‌گوترێ: "كوێریی سۆزداری" یان "كوێریی كۆمه‌ڵایه‌تی"، زۆر جار كاریگه‌ری ئه‌مه به‌سه‌ر ناو ماڵ و خێزانه‌كه‌شییه‌وه ده‌رده‌كه‌وێ و ده‌بینی كه‌سه‌كه ته‌نیا له‌ڕووی پێداویستی و خه‌رجییه‌وه ئاگای له منداڵه‌كانییه‌تی، ناتوانێ ڕووه سۆزه‌كه ببه‌خشێ، چونكه تێیدا خاڵ بووه‌ته‌وه.
ئه‌و كه‌سه‌ی له ده‌سه‌ڵاته، سه‌رسامی ده‌نگ و ڕای خۆی ده‌بێ، به‌شێوه‌یه‌ك چیتر وه‌ك جاران گوێ له ڕای خه‌ڵكیی ناگرێ و تووشی په‌تایه‌ك ده‌بێ كه ئیتر هه‌ر ئه‌وه‌ی پێ ڕاسته كه خۆی ده‌یڵێ. بۆ نموونه له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا، ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ش ڕایه‌كیان هه‌بێ، له بۆچوونه‌كه‌ی خۆیدا به‌ته‌نیاش بێت، ئه‌و هه‌ر ئه‌وانه‌ی خۆی په‌سه‌ند ده‌كات. ئه‌م وێنه نه‌رێییه، ڕێك پێچه‌وانه‌ی وێنه‌یه‌كی نه‌رێیی دیكه‌یه كه پێی ده‌گوترێ "وێنه‌ی جه‌ماوه‌ر" گۆستاڤ لۆبۆن ده‌ڵێ: مرۆڤ له‌ناو جه‌ماوه‌ردا، هه‌موو تاكه‌كان ده‌بنه یه‌ك ڕۆح و یه‌ك ئامانج و یه‌ك سۆز، پێكه‌وه ده‌نگ به‌رز ده‌كه‌نه‌وه و هاوار ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش تا ئێره خراپ نییه، خراپییه‌كه‌ی له‌وه‌دایه، ئیدی كه‌سه‌كان له‌ناو ئه‌و قه‌ره‌باڵغییه‌دا كه پێی ده‌گوترێ جه‌ماوه‌ر، تاكێتیی خۆیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن و بیریان ده‌چێ بیر بكه‌نه‌وه، چونكه هه‌موویان پێكه‌وه یه‌ك بیركردنه‌وه‌یان به‌ره‌و یه‌ك ئامانج هه‌یه. بۆ نموونه جه‌ماوه‌ری دوو یانه له یارییه‌كدا، وه‌ك بڵێی له یه‌ك جه‌سته‌دا بن، به‌رانبه‌ر جه‌ماوه‌ری یانه‌كه‌ی تر كه ئه‌وانیش له یه‌ك جه‌سته‌دا، هاوار به‌سه‌ر یه‌كتریدا ده‌كه‌ن. نموونه‌كه ئه‌وه‌یه: ده‌سه‌ڵاتدار وا ده‌زانێ هه‌ر خۆی بیر ده‌كاته‌وه، مرۆڤ له‌ناو جه‌ماوه‌ردا هه‌ر بیر ناكاته‌وه.
ئایا ئه‌مانه‌ی باسی ده‌كه‌ین، خه‌تای ده‌سه‌ڵاته مرۆڤه‌كان ده‌گۆڕێ؟ میشێل ئۆباما، هاوسه‌ری باراك ئۆباما سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا ده‌ڵێ: "ده‌سه‌ڵات كه‌س ناگۆڕێ، ته‌نیا شاراوه‌كانت ئاشكرا ده‌كات" لای زۆرێك له زانایان، ئه‌مه گوته‌یه‌كی زۆر زانستی و لۆژیكی و ڕاسته. یه‌كه‌م كاریگه‌ریی ده‌سه‌ڵات ئه‌وه‌یه، له‌وانی دی ده‌مانپارێزێ؛ له به‌ركه‌وتن و كاریگه‌ری، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات قووڵایی خۆمان بێنێته ده‌ره‌وه و ڕا و بۆچوونه‌كانی خۆمان به‌بێ بارگاوی به‌وی تر ئاشكرا بكه‌ین. ئه‌مه‌ش وا ده‌كات گۆڕانكاری له هه‌ڵوێسته‌كانمان دروست بكات كه خۆی له ڕاستیدا گۆڕانكاری نییه، به‌ڵكوو لاچوونی هه‌موو ئه‌و بارگاوییانه‌یه كه پێشتر پێوه‌مان بووه. تاكی ده‌سه‌ڵاتدار، به‌هۆی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی هه‌یه‌تی، متمانه‌ی ته‌واوی به‌خۆی هه‌یه و خۆی به ناچار نازانێ به هیچ شتێكه‌وه بارگاوی بێت، ئه‌وه‌ی پێشتر نه‌یبوو، متمانه بوو.
له توێژینه‌وه‌یه‌كدا كه ساڵی 2014 بڵاو كراوه‌ته‌وه ئاشكرای ده‌كات، هه‌ستكردن به هێز، كاریگه‌ری له‌سه‌ر مێشك و پێوه‌ندییه‌كانی به خه‌ڵًكییه‌وه ده‌كات. سیسته‌مێك له خانه‌كانی مێشكدا هه‌یه پێی ده‌گوترێ "ئاوێنه‌ی خانه ده‌مارییه‌كان"، به‌رپرسه له هه‌ڵسوكه‌وتمان به‌رانبه‌ر به خه‌ڵكی و نواندنی سۆزه له‌گه‌ڵیاندا. ئه‌م سیسته‌مه به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان گاریگه‌ری ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ی به‌سه‌ره‌وه‌یه كه تێیدایه و ده‌یه‌وێ لاسایی بكاته‌وه، بۆیه پێی ده‌گوترێ ئاوێنه. بۆ كه‌سێك پێش ئه‌وه‌ی بچێته سه‌ر ته‌ختی ده‌سه‌ڵاته‌وه، له‌ناو كۆمه‌ڵێكی ڕۆشنبیردا بووه، سه‌یری ماڵه‌كه‌ی بكه، پڕی كردووه له كتێب، چونكه كاریگه‌ری كۆمه‌ڵه‌كه به‌سه‌ر یه‌كترییه‌وه وای خواستووه. دوای ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی وه‌رگرتووه، به‌پێی ئه‌و گرنگییانه‌ی كۆمه‌ڵه نوێیه‌كه‌ی چووه‌ته ناوی، هه‌ر له نه‌ستییه‌وه به‌سه‌رییه‌وه دیاره. ئا لێره‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ، بۆچی نوخبه‌ی سیاسی هه‌میشه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه جیاوازن و ناتوانن ئاوێته‌ی یه‌كتری بن. چیتر كاریگه‌ریی هه‌ڵسوكه‌وت و گوته‌ی خه‌ڵكی به‌سه‌ر سیاسییه‌وه نابینی، ئه‌وه بۆیه ڕۆژانه ڕه‌خنه‌ی توند و ڕه‌نگه جنێویشیان پێ بدرێ، زۆر به‌لایانه‌وه ئاسایییه، به‌ڵام ڕۆشنبیرێك كه به‌شێكه له خه‌ڵكی، ناتوانێ به‌رگه‌ی ڕه‌خنه‌یه‌كی توند بگرێ و هه‌ڵده‌چێ.
خۆویستی كه تایبه‌تمه‌ندییه‌كی خه‌ڵكی ده‌سه‌ڵاتداره، هێشتا زانایان له‌سه‌ر ئه‌وه كۆك نین، ئه‌وه ده‌سه‌ڵاته تووشی كردووه یان ئاشكراكردنی ناخی مرۆڤه‌كان خۆیانه! هه‌ندێك له پسپۆڕان هه‌وڵیان داوه له ڕێگه‌ی تاقیكردنه‌وه‌یه‌كه‌وه بیسه‌لمێنن، هه‌رگیز ده‌سه‌ڵات كه‌سه‌كان ناگۆڕێ، به‌ڵكوو ناخیان ئاشكرا ده‌كات، جیا له‌و به‌ڵگه‌یه‌ی كه له به‌رانبه‌ردا چه‌ندان نموونه‌ش هه‌یه كه خه‌ڵكانێكی به‌رپرس ده‌بینین، هێشتا پابه‌ندن به بنه‌ما كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و به‌شێكن له خه‌ڵكی.
تاقیكردنه‌وه‌كه‌یان بریتی بوو له دۆزینه‌وه خاسییه‌تی خۆپه‌رستی كه به تایبه‌تمه‌ندییه‌كی ده‌سه‌ڵاتدار ده‌بینرێ. هه‌ندێك به‌ڕێوه‌به‌ریان خسته ژێر چاودێریی خۆیانه‌وه، له‌گه‌ڵ هه‌ندێك گیراو كه به تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵی و بابه‌تی پاره‌وه گیراون و زه‌نگینن. ده‌ركه‌وت، ئه‌و خویستی و لووتبه‌رزییه‌ی ناو گیراوه‌كان زۆر زیاتر بوو له به‌ڕێوه‌به‌ره‌كان، به‌مه‌ش بۆیان سه‌لما، هه‌رگیز ده‌سه‌ڵات كه‌سه‌كان ناگۆڕێ، به‌ڵكوو وه‌ك میشێل ئۆباما گوتی: "ده‌سه‌ڵات كه‌س ناگۆڕێ، ته‌نیا شاراوه‌كانت ئاشكرا ده‌كات."
سۆكفینده‌ر ئۆبیهی، زانای ده‌مار له زانكۆی ماكماستر ده‌ڵێ: "ده‌سه‌ڵات بریتییه له گۆڕانی ڕیشه‌یی كاری مێشك"، له توێژینه‌وه‌یه‌كیشدا كه خۆی ئه‌نجامی داوه بۆی ده‌ركه‌وتووه، ده‌سه‌ڵاتدار توانای هه‌ستكردنی به به‌رانبه‌ر كه‌م ده‌بێته‌وه.
له‌و تاقیكردنه‌وانه‌ی بۆ جیاوازیی هه‌ڵسوكه‌وتی كه‌سانی به‌رپرس و كه‌سانی ئاسایی كراون، زۆر شتی دیكه‌یش ڕوون بووه‌ته‌وه، بۆ نموونه، ئه‌وانه‌ی كه له ده‌سه‌ڵاتن، بۆ ئه‌وه‌ی بڕیار بده‌ن، به كه‌مترین زانیاری و خێراترین كات، بڕیاره‌كانیان ده‌ده‌ن، به‌ڵام خه‌ڵكی ئاسایی هه‌وڵ ده‌ده‌ن كاتێكی زۆرتری بۆ ته‌رخان بكه‌ن تا زۆرترین زانیاری له‌سه‌ر كۆ بكه‌نه‌وه.
كاریگه‌ریی ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر مێشكه‌وه، هه‌مان كاریگه‌ریی كۆكایینی هه‌یه، چونكه ڕێژه‌ی تستۆستیرۆن له پیاوان و ژناندا زیاد ده‌كات و ده‌بێته هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی دۆپامین له مێشكدا. ئه‌مه‌ش وا ده‌كات، مرۆڤ هه‌ستی ئارامگرتن له‌ده‌ست بدات و زیاتر تووڕه بێت.