دووپات لە گرنگی یەكلیستی كورد لە كەركووك دەكرێتەوە

كەركووك
:: PM:10:58:11/09/2019 ‌

بەرپرسێكی كورد لە كەركووك ڕایدەگەیەنێت كە لایەنەكانی كەركووك لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان (یۆنامی) لە بارەی چەند پرسێكی تایبەت بە دۆخی پارێزگاكە و هەڵبژاردنەكانی ساڵی داهاتوو كۆبوونەتەوە و بەرپرسێكی تریش دووپاتی دەكاتەوە كە یەكلیستی نەبێت كەركووك لە دەستی كورد دەردەچێت.

ئەمڕۆ چوارشەم رەسووڵ رەئووف, بەرپرسی مەڵبەندی سۆسیالست دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند, ئەوەی لایەنەكان كردوویانە بۆ یەكلیستی لایەنە كوردییەكان بۆ هەڵبژاردنی ساڵی داهاتوو تەنیا هەست و سۆزی كوردانەیە، چونكە هیچ رێككەوتنێكی نووسراو لەنێوان لایەنەكان نییە لە رابردووش نموونەیەكی جوان نەبووە لە نێوان لایەنەكان جگە ساڵی ٢٠٠٥.

زیاتر گوتی, هەموو كات كەركوكییەكان لە دەرەوەی كەركووك بڕیار دەدرێت بەسەریاندا و پێم وانییە بۆ كۆتایی یەكلیستی جێبەجێ بكەن, هەرچەندە ئومێدمان هەیە ئەو یەكلیستییە لە پێناو كەركووك دروست بكرێت, ئەگەر بێت و بەرژەوەندی نەتەوەیی لە یەك بدەینەوە پێویستە یەكلیستی بكەین بە چارەسەر.

ئەو بەرپرسە روونی كردەوە، ئەمجارە یاساكان جیاوازن  بۆ هەڵبژاردن ئەوەی دانراوە لە بەرژەوەندی حزبە گەورەكانە و ئەگەر كورد یەك لیستی بكات دەتوانێت كەركووك بۆ خۆی بباتەوە, ئەگەر دوو لیستیش بێت هەر لە بەرژەوندی كورد دەبێت, بەڵام ئەگەر ئەو دوو حاڵەتە رووی نەدا، بە دڵنیاییەوە عەرەب ئەگەر لە كورد زیاتر نەهێنێت كەمتر نابێت و ئەوكات عەرەب و توركمان هێندەی كورد زیاتر بهێنن كەركووك لە دەستی كورد دەردەچێت.

رەئووف دووپاتی كردەوە، ژمارەی كورسییەكان ١٣ كورسییە و دەبێت كورد بەلانی كەم حەوت كورسی بێنێت، ئەگەر لەو ژمارەیە كەمتر بێنێ كەركووك بۆ ٣٠ ساڵی تر لەدەست دەدات، چونكە ئەوەی ئەمجارە كراوە جیاوازە و یۆنامی لە بابەتەكە هەیە و سەرپەرشتی دەكەن.

لای خۆیەوە حەسەن شێخانی بەرپرسی مەڵبەندی كەركووكی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند, لەبارەی پرسی یاسای هەڵبژاردنەكان كە دیاریكراوە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان گفتوگۆ لەسەر هەمواری ئەو یاسایە كرا كە كەركووك دەگرێتەوە, لەگەڵ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك و گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەكە بەهۆی هاتنی ژمارەیەكی زۆری خێزانی عەرەب بۆ كەركووك.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل