دیپلۆماتكارێكی ئێران: دانیشتنی سەدر لەپاڵ خامنەیی پەیامێك بوو بۆ ئەمەریكا

:: PM:11:14:11/09/2019 ‌

ئەمیر مووسەوی دیپلۆماتكاری پێشووی ئێران باسی دیداری موقتەدا سەدر و عەلی خامنەیی رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران دەكات و دووپاتی دەكاتەوە كە پەیامێك بوو بۆ ئەمەریكا و ئیسرائیل و لەمەودوا هەڵوێستی عێراق جیاواز دەبێت لە بەرانبەر هێرشەكانی ئیسرائیل.

مووسەوی ئەمڕۆ چوارشەم لە مێوانداری پڕۆگرامێكی تەلەڤزیۆنی كەناڵی "دجلە" گوتی، دیداری سەدر و خامنەیی و دانیشتنیان بەیەكەوە بابەتی تەمبێكردنی ئیسرائیلی بۆ لەمەودوای یەكلا كردەوە.

زیاتر گوتی، ئەگەر لەمەودوا عێراق رووبەڕووی هەر هێرشێكی ئیسرائیل بووەوە بۆ بارەگا و سەربازگەی حەشدی شەعبی هەڵوێستەكە جیاواز دەبێت، بۆیە دانیشتنی سەدر لەپاڵ قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس و عەلی خامنەیی رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران پەیامێكی روون بوو بۆ ئەمەریكا ئیسرائیل و وا بزانم پەیامەكە گەیشت.

لەو كاتەی حاكم زاملی سەركردە لە رەوتی سەدر لەو بارەوە دەڵێت، ئەوە شتێكی ئاسایی بوو، سەدر ئامادەی دانیشتنێكی ماتەمینی حوسێنی بوو لە تاران و هەریەك لە خامنەیی و سلێمانیش لەو كاتە لەوێ بوون، سەدر پێوەندی باشی بە هەموو وڵاتانی دراوسێ هەیە و هەمووانیش رێز لە خۆی و هەڵوێستەكانی دەگرن. 

لای خۆیەوە ئینتفاز قەنبەر سیاسەتوانی ناوداری عێراق بۆ "وشە" ئاماژە كرد كە سەرانی شیعەی عێراق ناتوانن لە بازنەی ئێران بچنە دەرەوە و ئەگەریش دووربكەونەوە هەر لەناو بازنەكە دەمێننەوە و ئەگەریش زۆر دووربكەونەوە رەنگە دووچاری چارەنووسی ترسناك ببنەوە، دووپاتی كردەوە كە تا ئێران لاواز نەبێت هیچ سەركردەیەكی عێراقی ناتوانێ بەڕووی ئێران بوەستێتەوە.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل