بڕیاری لە سێدارەدان بۆ بكوژانی تاریقی بەقاڵ دەرچوو

:: AM:11:19:12/09/2019 ‌
لە دادگاییكردنی ئەمڕۆی دادگای سلێمانی، بڕیاری لە سێدارەدان بۆ بكوژانی تاریقی بەقاڵ دەرچوو.

ئەمڕۆ پێنجشەم 12ـی ئەیلوول، لە دادگای سلێمانی دووەمین دادگایی بەڕێوە چوو بۆ بكوژانی تاریقی بەقاڵ و دادوەر بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ بكوژەكان دەركرد.

ڕۆژی سێشەم 27ـی ئاب، یەكەمین دادگایی بۆ بكوژەكان بەڕێوە چوو، بەڵام لەناو دادگای سلێمانی بەهۆی هێرشی كەسوكاری تاریقی بەقاڵ بۆ سەر بكوژەكان، دادوەر بڕیاری وەستانی دادگاییكردنی ئەو تۆمەتبارانەی دەركرد و دادگاییەكە دواخرا.

پێش دەست پێكردنی دادگاییەكە دیار حەمەحوسێن كە یەكێكە لە كەسوكاری تاریقی بەقاڵ، لە بەردەم دادگای سلێمانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، تاوانبارەكان لەناو هۆڵی دادگان و پێمان باشە لە یەكەم دانیشتندا ئەم كەیسە یەكلا بێتەوە، بەڵام چاوەڕوان دەكرێت درێژە بكێشێت بەهۆی زۆری ئەو كەیسانەی لەسەر تاوانبارەكانە.

زیاتر گوتی، ئێمە پارێزەرمان نەگرتووە و كەیسەكە پێویستی بە پارێزەر نییە، چاوەڕێی دەرچوونی بڕیاری دادوەر دەكەین و دواتر ئەنجامی كەمپەینێكی پێشوومان دەدەینە سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ لەسێدارەدانی تاوانبارانی كوشتنی تاریقی بەقاڵ.

ڕۆژی حەوتی نیسانی ئەمساڵ، لەلایەن هێزە تەناهییەكانی سلێمانی باندێكی مەترسیداری كوشتن و ڕفاندن گیران و دوای ئەوەی ددانیان بە تاوانەكەیان نا، دەركەوت هاووڵاتییەك بە ناوی تاریقی بەقاڵ كە پێش سێ مانگ لە گیرانی باندەكە دیار نەمابوو، لەلایەن ئەو باندەوە كوژراوە و لە پشت ماڵەوەی ئەندامانی باندەكە نێژراوە، كەسێكی تریشیان كوشتبوو بە ناوی مەریوان سەرەڕای چەند تاوانێكی تر.



وشە - رامیار جەواد