سیستانی پشت لە عەبدولمەهدی دەكات

عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق..
:: AM:11:49:12/09/2019 ‌
گوتەبێژی مەرجەعیی شیعەكان لە عێراق دەڵێ، عادل عەبدولمەهدی كاندیدی مەرجەعییەت نەبووە و پشتگیری مەرجەعییش لە حكوومەتەكەی بە سەركەوتنی بەستراوەتەوە. حامدی خەفاف دەڵێ، مەجەعییەت دەرگای بە رووی سیاسییەكان دەكاتەوە كە ماوەی چەند ساڵێكە دایخستبوو. ئەمەش لە كاتێكدایە هەوڵەكان تا دێت فراوانتر دەبێت بۆ لادانی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی.

ئەمڕۆ پێنجشەم 12ی ئەیلوول، سەید حامد خەفاف گوتەبێژ بەناوی عەلی سیستانی مەرجەعیی شیعەكان لە عێراق رای گەیاند، هیچ كاتێك عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كاندیدی مەرجەعییەت نەبووە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، پشتگیری مەجەعییش لە حكوومەتەكەی گرێ دراوە بە سەركەوتنی حكوومەت لە كارنامەكەی كە لە پەرلەمان رای گەیاندبوو.

خەفاف لە دیمانەیەكی رۆژنامەوانی كە ماڵپەڕی "مەعلومە" بەشێكی لێ بڵاو كردووەتەوە و دەڵێ، عادل عەبدولمەهدی هیچ كاتێك كاندیدی مەرجەعییەت نەبووە، بەڵكو كاندیدی هەردوو لیستی سائیروون و فەتح بووە، ئەو لەسەر ئاستی نیشتمانی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیش پێشوازی لێ كراوە و مەرجەعیش ناڕەزایەتی نەبووە، بەڵام لایەنەكانی ئاگادار كردووەتەوە كە مەرجەعییەت پشتگیری لە حكوومەتەكەی عەبدولمەهدی ناكات ئەگەر ئاماژەی سەركەوتنی لە كارەكانی نیشان نەدات.

زیاتر گوتی "رێبازی مەرجەعییەت لە سەرەتای پرۆسەی سیاسی لەسەر بنەمای دەستوەرنەدان بووە لە كاروباری حكوومەت، تا ئێستە هیچ كەسێكی بۆ هیچ پۆستێك كاندید نەكردووە، جگە لە واژووكردن لەسەر كاندیدكردنی سەرۆكی دیوانی وەقفی شیعە و ئەمیندارە گشتییەكانی عەتەباتی پیرۆزەكان ئەویش بەگوێرەی یاسا، بەڵام لە واقیعدا مەرجەعییەت دەست لە كاروباری وەقف و عەتەباتەكانیش وەرنادات تەنیا لە وەرگرتنی بۆچوونی شەرعی نەبێت ئەگەر پرسمان پێ بكرێت".

قسەكانی خەفاف لە كاتێكدایە رۆژانە لیستە سیاسییەكان ئاماژە بە هەوڵی سەندنەوەی متمانە لە عادل عەبدولمەهدی دەدەن، تەنانەت لە هەندێك لە لیستەكان باس لە حكوومەتی كاربەڕێكەر و جێگرتنەوەی عەبدولمەهدی دەكەن.

پێوەند بە داخستنی دەرگا بە رووی كەسایەتییە سیاسییەكان كە عەلی سیستانی لە ساڵی 2011 بڕیارەكەی دەركردووە و تا ئێستەش بەردەوامی هەیە، خەفاف دەڵێ، ئەگەر هۆكارەكانی داخستنی دەرگا نەمێنن، ئەوا دەرگا بە روویان دەكاتەوە.

زیاتر گوتی "مەرجەعییەت چاوەڕوانی گۆڕانكاری روون دەكات لە توانای ئەوانەی دەسەڵاتیان بە دەستە لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و باشتركردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان و كەمكردنەوەی كێشە و خەمی هاووڵاتییان، ئێمە چاوەڕێی ئەوانە دەكەین، ئەگەر ئەوانە بكرێن ئەوا مەرجەعییەت دەرگا دەكاتەوە".


وشە - فه‌رمان سادق