حکوومەت بۆ مووچەی فەرمانبەران رێککەوتنێکی سێ ساڵی لەگەڵ بەغدا واژوو دەکات

:: PM:12:17:14/09/2019 ‌
حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت ڕێككەوتنێكی سێ ساڵی لەگەڵ حكوومەتی ناوەند واژوو بكات بۆ ئەوەی لە ماوەی ئەو سێ ساڵە بەبێ كێشە  بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەردەوام بێت.


ئەمڕۆ شەموو 14ی ئەیلوول، سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ "وشە" رای گەیاند، لە مانگی ئۆكتۆبەر یان نۆڤەمبەر پرۆژەیاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی داهاتوو ئامادە دەكرێت و ڕەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەكرێت، ئێمەش هەوڵەکانمان چر کردووەتەوە بۆ ئەوەی لەو كاتە كەمەی ماوە بگەینە ڕێككەوتن لەگەڵ  بەغدا.

زیاتر روونی دەکاتەوە، بەو لێك تێگەیشتنەی نێوان بەغدا و هەلێر ئەمساڵ توانرا مووچەی بەشێك لە فەرمانبەرانی هەر ێم لە لایەن ناوەندەوە دابین بكرێت، بەو هۆیەوە پاشەكەوتی مووچە لابرا.

" گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە بەردەوامی هەیە، هاوكات شاندی حكوومەتی عێراق سەردانی هەرێم دەكەن و شاندی هەرێمیش بە مەبەستی ڕێككەوتن لەسەر بابەتی نەوت و بودجە سەردانی بەغدا دەكات"دەزەیی وای گوت.

ئەو هەوڵەی حکوومەت لەكاتێكدایە گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەفتەی ڕابردوو رای گەیاند، شاندێك بە مەبەستی رێككەوتنێكی سێ ساڵی سەردانی بەغدا دەكات لەسەر نەوت و بودجە.



وشە - زریان تەها