گرفتەکانی پیاوێکی مردوو خرایەڕوو

:: PM:07:59:14/09/2019 ‌
لە شاری سلێمانی شانۆگەری (گرفتەکانی پیاوێکی مردوو) نمایش دەکرێت کە باس لە کێشە کۆمەڵایەتیە خێزانیەکان دەکات.

شانۆگەرییەکە لە نووسینی کامەران شەهلاییە و مەریوان هەڵەبجەیی کاری وەرگێرانی بۆ کردووە و لە دەرهێنانی ئیدریس شەوکەتە و ماوەی شانۆگەریەکە سێ ڕۆژە و ئەمڕۆ کۆتا ڕۆژی نمایشەکەیەتی و لە تەلاری هونەر پێشکەش دەکرێت.

ئیدریس شەوکەت، کە دەرهێنەری شانۆگەرییەکەیە بە "وشە"ی ڕاگەیاند: سێ ئەکتەر ڕۆڵیان تێدا گێڕاوە کە ئەوانیش ڕەندە محەمەد و محەمەد عەبدولڕەحمان و ڕێباز عوسمانە، شانۆگەریەکەش بەناوی گرفتەکانی پیاوێکی مردووە.

ئیدریس گوتی، شانۆگەریەکە باس لە حاڵەتە خێزانییەکان دەکات کە ئێستە زۆر بە زەقی هەستی پێدەکرێت لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا، باس لە کێشە و گرفتانە دەکات کە لەناو خێزانی کوردیدا ڕوودەدات، بەتایبەت ئەو خێزانانەی کە منداڵیان نیە یاخود منداڵەکانیان لێدورکوتوەتەوە، یان ئەو خێزانانەی کە پەیوەندی بە کەسانی دیکەوە دەکەن و تێکەڵی خێزانیان دەبن.

"لە شانۆگەرییەکەدا زۆر بە ڕوونی پەنجەمان خستوەتە سەر کێشەکان و بینەرانی شانۆگەریەکانیش بە بینی ئەو گرفتانە چارەسەرییەکانیان بۆ دەدۆزرایەوە، بە ڕوونی ڕێگەچارەمان نەدەدایە بینەر، بەڵکو بینەر خۆی ڕێگەی چارەسەری هەست پێدەکرد و درکی پێدەکرد" دەرهێنەری شانۆگەرییەکە وای گوت.

ئەو دەرهێنەرە ئاماژەی بەوەشدا: کاردانەوەی ئامادەبوانی شانۆگەریەکە زۆر باش بوو، داوامان لێکراوە کە شانۆگەرتیەکە کۆتایی پێنەهێنین بەڵکو درێژەی هەبێت، بەڵام ئێمە بە پێی ئەو پلانەی کە دامانناوە لە شوێنەکانی دیکە شانۆگەریەکە نمایش بکەین،  وابڕیارمانداوە ئەم شانۆگەریە تەنها لە سلێمانی نەبێت، بەڵکو دواتر دەیبەینە شار و شارۆچکەکانی تر، دوای سلێمانی دەچینە چەمچەماڵ و کەلار و هەڵەبجە و دهۆک و هەولێر و زاخۆ.

سلێمانی/ ئاریان محەمەد



وشە - سه‌رخێڵ هاشم