دوێنێ شه‌موو هێرش كرایه سه‌ر دوو دامه‌زراوه‌ى نه‌وتى كه له‌لایه‌ن كۆمپانیاى ئارامكۆوه خاوه‌ندارێتییان ده‌كرێت، ئه‌مه‌یش وایكرد نیوه‌ى به‌رهه‌مى نه‌وتى سعوودیه بۆ ماوه‌یه‌كى كاتى بوه‌ستێ و چه‌ندان وڵاتى دنیایش له‌سه‌ر ئه‌م رووداوه هاتنه ده‌نگ.
كۆمپانیای ئارامكۆ یه‌كێكه له كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كانى دنیا، چاودێرانى ئابوورى ده‌ڵێن هه‌ر زه‌برێك به‌ر ئه‌و كۆمپانیایه بكه‌وێت، ئه‌وا راسته‌وخۆ كاریگه‌رى به‌سه‌ر ئابوورى دنیا ده‌بێت، به‌تایبه‌تى بازاڕى نه‌وت، ئه‌مه‌یش به‌هۆى ئه‌و پێگه‌یه‌یه كه ئه‌م كۆمپانیایه له ئابوورى دنیا هه‌یه‌تى.
له‌م راپۆرته‌دا چه‌ند زانیارییه‌كى گرنگ له‌سه‌ر كۆمپانیاى ئارامكۆ سعوودى بڵاو ده‌كه‌ینه‌وه كه پێشتر له‌لایه‌ن ماڵپه‌ڕى BBC به‌ریتانى بڵاو كراوه‌ته‌وه، ئه‌مڕۆیش ئاژانسى رۆیته‌رز هه‌ندێك راستى تر‌ى له‌باره‌ى گه‌وره‌ى ئارامكۆ بڵاو كردووه‌ته‌وه.
ئارامكۆ "ARAMCO" كورتكراوه‌ى " Arabian-American Oil Company " ى ئینگلیزییه كه له زمانى كوردى ده‌بێته كۆمپانیاى نه‌وتى ئه‌مه‌ریكى- عه‌ره‌بى.
ئه‌م كۆمپانیایه بۆ یه‌كه‌م جار له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه دانراوه، له ساڵى 1933 ده‌ستبه‌كار بووه، به‌ڵام ئه‌و كاته به ئارامكۆ نه‌ناسرابوو، دواتر له ساڵى 1944 ناوه‌كه‌ى ده‌بێته ئارامكۆ.
خاوه‌ندارێتى كۆمپانیاكه سه‌ره‌تا به ته‌واوى بۆ ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا ده‌گه‌ڕایه‌وه، هه‌رچه‌نده به‌ڵێنى هاوبه‌شى به به‌رپرسانى ئه‌و كاتى سعوودیه درابوو.
یه‌كه‌م به‌رهه‌مى ئه‌و كۆمپانیایه له ساڵى 1938 بوو له بیره نه‌وتى ده‌مام، به‌رهه‌مى رۆژانه‌ى ئه‌و بیره ته‌نیا هه‌زار و 500 به‌رمیل نه‌وت بوو. دواى سه‌ركه‌وتنى كاره‌كانى ئارامكۆ، سعوودیه هه‌میشه هه‌وڵ ده‌دات پشكى خۆى له كۆمپانیاكه زیاد بكات.
له ساڵى 1950 شا عه‌بدولعه‌زیز ده‌ست ده‌كات به هه‌ڕه‌شه‌كردن بۆ وه‌رگرتنى پشكدارى له كۆمپانیاكه، به‌ڵام له ساڵى 1970 به دواوه، سعوودیه ده‌بێته خاوه‌ن پشكێكى زۆر ئه‌مه‌یش به چه‌ند قۆناغێك ده‌بێت.
له ساڵى 1973 سعوودیه پشتگیرى ئه‌مه‌ریكا بۆ ئیسرائیل ده‌كاته بیانوویه‌ك ده‌ست به‌سه‌ر 25% كۆمپانیاكه ده‌گرێت، ساڵى 1974 ده‌بێته خاوه‌نى 60% كۆمپانیاكه و دواتریش له ساڵى 1976 ته‌واوى پشكه‌كانى ئارامكۆ ده‌بێته سعوودى، به‌ڵام له ساڵى 1980 به ته‌واوى خاوه‌ندارێتى خۆى بۆ كۆمپانیاكه راده‌گه‌یه‌نێ.
له ساڵانى هه‌شتاكانى سه‌ده‌ى رابردوو كۆمپانیاى ئارامكۆ رۆژ له دواى رۆژ ده‌چێته ریزى كۆمپانیا گرنگه‌كانى دنیا له بوارى نه‌وت.
بۆ پێشخستنى زیاترى كۆمپانیاكه له ساڵی 2015 سعوودیه بڕیار ده‌دات ئه‌نجوومه‌نى كارگێڕى كۆمپانیاى ئارامكۆ به ته‌واوى له وه‌زاره‌تى نه‌وت جیا بكاته‌وه.
ئه‌نجوومه‌نى سه‌رۆكایه‌تى ئارامكۆ له 10 ئه‌ندام پێكدێت و پێنج له‌و ئه‌ندامانه ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى كارگێڕى كۆمپانیاكه‌ن، ئه‌نجوومه‌نى سه‌رۆكایه‌تى ئارامكۆ له ساڵى 2015 به سه‌رۆكایه‌تى محه‌مه‌د بن سه‌لمانى جێنشینى سعوودیه دانراوه.
ئه‌م كۆمپانیایه یه‌ده‌گێكى نه‌وتى گه‌وره به‌ڕێوه ده‌بات كه له 265 ملیار به‌رمیل پێكهاتووه و 15% یه‌ده‌گى نه‌وتى دنیا پێكده‌هێنێ، له‌گه‌ڵ یه‌ده‌گى گازى سروشتى به بڕى 288 تریلیۆن پێ سێجا ده‌خه‌مڵێنرێت.
به‌هاى كۆمپانیاى ئارامكۆى به دوو تریلیۆن دۆلار ده‌خه‌مڵێنرێت، به‌ڵام ستیفن كلافام ده‌ڵێ ته‌نیا داهاتى ساڵانه‌ى 185 ملیاره.
كۆمپانیاكه چه‌ندان پاڵاوگه و ته‌نكه‌ر و بۆرى نه‌وت و سه‌نته‌رى توێژینه‌وه‌ى له سه‌رانسه‌رى سعوودیه هه‌یه و چه‌ندان لقیشى له دنیا هه‌یه.
له ساڵى 2017وه ئه‌م كۆمپانیایه بڕیارى داوه به بڕى 18 ملیار دۆلار وه‌به‌رهێنان له ئه‌مه‌ریكا بكات و چه‌ندان كۆمپانیاى بچووكیشى بۆ پاڵاوتنى نه‌وت له ئه‌مه‌ریكا هه‌یه.
رۆژانه كۆمپانیاى ئارامكۆ زیاتر له 10 ملیۆن به‌رمیل نه‌وت ده‌فرۆشێت، ئه‌مه‌یش سێ هێنده‌ى به‌رهه‌مى ئیكسۆن مۆبیله كه وه‌ك گه‌وره‌ترین كۆمپانیاى نه‌وتى دنیا ناوى له بۆرسه‌ى دنیا دانراوه.
زیاتر له 76 هه‌زار كه‌س له كۆمپانیاى ئارامكۆ كار ده‌كه‌ن.
نووسینگه‌كانى ئارامكۆ له په‌كین و نیوده‌لهى و سه‌نگاپوور و نیویۆرك و له‌نده‌ن و هیوستون و چه‌ندان شوێنى تر هه‌ن.
هه‌موو ئه‌و توانایه‌ى سه‌ره‌وه وایكردووه، كۆمپانیاى ئارامكۆ به گه‌وره‌ترین كۆمپانیاى نه‌وت دابنرێت له‌سه‌ر ئاستى دنیادا.
ئه‌و هێرشه‌ى كه دوێنێ كراوه‌ته سه‌ر كۆمپانیاى ئارامكۆ، به‌گه‌وره‌ترین هێرش داده‌نرێت كه بكرێته سه‌ر سعوودیه و كۆمپانیاكه.
هه‌رچه‌نده حووسییه‌كانى یه‌مه‌ن به فه‌رمى به‌رپرسیارێتى خۆیان له هێرشه‌كه راگه‌یاندووه، به‌ڵام هه‌ندێك له به‌رپرسانى ئه‌مه‌ریكا و به‌رپرسانى كه‌نداو گومانیان له حووسییه‌كان هه‌یه و گریمانه‌ى ئه‌وه ده‌كه‌ن ئه‌م هێرشانه له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه ئه‌نجام درابێت.