ئۆجه‌لان رای گه‌یاند به یه‌ك هه‌فته كێشه‌ى كورد له توركیا چاره‌سه‌ر ده‌كه‌م، به‌ڵام ئه‌ردۆغان به گرتنی سێ سه‌رۆك شاره‌داری و دانانی قه‌یوم وه‌ڵامی دایه‌وه.
بۆ چاره‌سه‌ری ئاشتییانه‌ی پرسگه‌لی كورد، چی بكه‌وێته ئه‌ستۆی ئێمه ئاماده‌ین
پڕۆژه‌مان هه‌بووه بۆ دامه‌زراندنی یه‌كێتیی نه‌ته‌وه‌یی كورد، لایه‌نه‌كانی باشوور له‌سه‌ری كۆك بوون
داوای ناوه‌ندگیریمان له هه‌رێمی كوردستان نه‌كردووه
هاوسه‌رۆكی كه‌جه‌ده كه ئه‌ندامی شاندێكه هاوسه‌رۆكی هه‌ده‌په سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كات، له هه‌رێمی كوردستانن. ئامانجی سه‌ردانه‌كه بۆ هه‌وڵی دروستكردنه‌وه‌ی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد ده‌گه‌ڕێنێته‌وه و ده‌ڵێ، له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كان و سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێم و حكوومه‌ت، ئاڵوگۆڕی بۆچوونمان كردووه له‌سه‌ر ره‌وشی ناوچه‌كه به‌گشتى و مه‌ترسیی پیلانگێڕی ئاكپارتى دژ به باكور و رۆژئاوا و باشووری كوردستانیش.
به‌ردان ئۆزتورك له‌و دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا، رای ده‌گه‌یه‌نێت "هیچ هیوایه‌ك بۆ چاره‌سه‌ری ئاشتییانه‌ى پرسگه‌لی كورد له‌گه‌ڵ ئاكپارتى نه‌ماوه".
له كاتێك له باكوری، توركیا سیاسه‌تى قه‌یوم دژ به كورد پێڕه‌و ده‌كات، له رۆژئاوا به‌ناوی ناوچه‌ى ئارام هه‌وڵی داگیركردنی ده‌دات، له باشووریش به‌ناوی بوونی په‌كه‌كه به‌رده‌وام ئۆپراسیۆن ئه‌نجام ده‌دات. دوای دیدارتان له‌گه‌ڵ زۆر له لایه‌نه سیاسییه‌كان و سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی حكوومه‌ت، تاوتوێی چیتان كرد؟
ئه‌وه‌ى روونه ده‌وڵه‌تی توركیا له‌سه‌ر توركپه‌رستی بنیات نراوه. ئه‌گه‌ر تورك بیت خاوه‌نی هه‌موو شتێكی، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كوردێك باوه‌ڕیش به‌و ئایدلۆجیایه بهێنێت و مافیش وه‌ربگرێت، ئه‌وا ژیانێكی بێ ئیراده ده‌ژی و كه‌سێكی هیچ نیت، ئه‌و سیاسه‌ته ئێسته‌یش به‌رده‌وامی هه‌یه.
توركیا ده‌یه‌وێ ئه‌و سیاسه‌ته له رۆژئاوا و باشووری كوردستانیش جێبه‌جێی بكات، له رۆژهه‌ڵاتیش دیاره كه رۆژانه گه‌نجی كورد له‌سێداره ده‌درێن، ئه‌وه نیشانمان ده‌دات ده‌ركه‌وتنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی له ناوچه‌كه‌دا له دژی كورد بووه، فارسه‌كان ده‌ڵێن كورد فارسه، عه‌ره‌ب ده‌ڵێن عه‌ره‌بن، تورك ده‌ڵێن توركی شاخاوین، ئه‌مه هه‌مووی پێمان ده‌ڵێ ئه‌و وڵاتانه سیاسه‌تى نكۆڵی‌كردن به‌رانبه‌ر به ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد پێڕه‌و ده‌كه‌ن و تا ئێسته‌یش به‌رده‌وامن.
ساڵی 1993 كاتێك ئۆجه‌لان ده‌ستپێشخه‌ری ئاشتى راگه‌یاند كه شه‌ڕ چاره‌سه‌ری كێشه‌ى كورد ناكات، توركۆت ئۆزال سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌وكاتى توركیا قبووڵی كرد، به‌ڵام كوشتیان.
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان كه ده‌سه‌ڵاتی گرته ده‌ست له ساڵى 2002، گوتی پرسگه‌لی كورد، پرسگه‌لی منه و ئه‌گه‌ر پێویست بكات ئه‌وا ژه‌هریش بێت ده‌یخۆمه‌وه. له پێڤاژۆی ئاشتى له 2013 تا 2015 لێكگه‌یشتن له‌سه‌ر 10 خاڵ كرا بۆ چاره‌سه‌ری پرسگه‌لی كورد، به‌ڵام ئه‌ردۆغان قبووڵی نه‌كرد.
ده‌مه‌وێ بڵێم عه‌قڵیى ئاكپارتى و جه‌هه‌په و مه‌هه‌په و هێزه‌كانی تریش به‌رانبه‌ر به پرسگه‌لی كورد، نه‌گۆڕاوه و نایانه‌وێ به رێی دیموكراسی چاره‌سه‌ری بكه‌ن. باشترین به‌ڵگه‌ش دوا په‌یامی ئۆجه‌لان بوو كه رای گه‌یاند به یه‌ك هه‌فته كێشه‌ى كورد له توركیا چاره‌سه‌ر ده‌كه‌م، به‌ڵام ئه‌ردۆغان به گرتنی سه‌رۆك شاره‌وانی و دانانی قه‌یوم و راگه‌یاندنی شه‌ڕ وه‌ڵامی دایه‌وه. ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ده‌وڵه‌تى توركیا ده‌یه‌وێ به شه‌ڕ پرسگه‌لی كورد یه‌كلا بكاته‌وه.
ئه‌و سیاسه‌ته‌ی ئه‌ردۆغان ته‌نیا له باكوری كوردستان پێڕه‌وی لێ ناكات، به‌ڵكو به‌ناوی ئۆپراسیۆنى یه‌كه‌م و دووه‌م و سێیه‌م و.. دژ به په‌كه‌كه، ورده ورده ده‌یه‌وێ خاكی كوردستانی باشووریش داگیر بكات، بڕوانه ئه‌وان ئۆپراسیۆن ده‌كه‌ن و شوێنێك ده‌گرن، ده‌بێ دوای كۆتاهاتنی ئۆپراسیۆن ئه‌و شوێنه چۆڵ بكات، كه‌چی نایكات و ئۆپراسیۆنی تر ده‌كات و شوێنی تریش ده‌گرێت، وه‌ك له رۆژئاوای كوردستانیش وا ده‌كات، به نموونه تا رۆژی داگیركردنی عه‌فرین، یه‌ك فیشه‌كیش له عه‌فرینه‌وه به رووی توركیا نه‌ته‌قیوه، كه‌چی ئه‌وان ده‌ڵێن هه‌ڕه‌شه‌یه له‌سه‌ر ئێمه و ئۆپراسیۆنیان كرد، ئه‌مه پیلانێكی مه‌زنه و ئێسته ده‌یه‌وێ به‌رانبه‌ر به ناوچه‌كانی تریش ئه‌نجامی بدات، ئه‌وان نایانه‌وێ كورد له رۆژئاوای كوردستان ببێته خاوه‌ن قه‌واره‌یه‌ك، ته‌نانه‌ت به‌رانبه‌ر به ریفراندۆمی باشووری كوردستانیش توركیا گه‌وره‌ترین ئاسته‌نگ بوو.
ئه‌و بۆچوونانه‌تان بۆ سه‌ركردایه‌تى سیاسیی كورد له باشووری كوردستان باس كرد؟
ئه‌و شانده له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌ت و سه‌ركرده‌ی حزبه‌كان، بیروڕامان ئاڵوگۆڕ كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موومان زیاتر ئاگادار بین له‌وه‌ی روو ده‌دات، ئه‌مه‌شمان له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تى باشوور باس كردووه كه ئه‌مه پیلانێكی ده‌وڵه‌تی توركیایه، له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی و سه‌رۆكى هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكى حكوومه‌ت، كۆك بووین پێویسته كێشه‌ى كورد بێ شه‌ڕ به رێى ئاشته‌وایی و دیموكراسی چاره‌سه‌ر ببێت، به‌ڵام توركیا ئه‌وه قبووڵ ناكات.
داوای ناوه‌ندگیریتان كردووه؟
ئه‌و شانده‌ی ئێمه ئاڵوگۆڕی بۆچوونه‌كانمان له‌سه‌ر پرسگه‌لی كوردان له‌گه‌ڵ بارزانی، سه‌رۆكى هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆك وه‌زیران، به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمار له سلێمانی ده‌بینین، له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و گۆڕان و و لایه‌نه‌كانی تریش كۆ ده‌بینه‌وه. بۆ چاره‌سه‌ری ئاشتییانه و دیموكراسییانه‌ى پرسگه‌لی كورد، چی بكه‌وێته ئه‌ستۆی ئێمه ئاماده‌ین، به‌ڵام ده‌مانه‌وێ شه‌ڕ نه‌بێت و كێشه‌ى كورد له باكوری كوردستان به گفتوگۆ چاره‌سه‌ر ببێت، یه‌كێكی تر له‌و پرسانه‌ى له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه‌ی بینیومانن و باسمان كردووه، زیندووكردنه‌وه‌ی هه‌وڵی دامه‌زراندنی یه‌كێتیی نه‌ته‌وه‌یی كورده، سه‌ره‌ڕای هه‌موو جیاوازییه‌كانمان له سیاسه‌ت و ئایدۆلۆجیا، به‌ڵام ئه‌مڕۆ هێرش له‌سه‌ر ناسنامه‌ی گه‌لی كورده، له‌سه‌ر هه‌بوونی كورده، بۆیه ده‌بێ كارێك بكه‌ین جیاوازییه‌كان بخه‌ینه لایه‌ك و ببین به خاوه‌ن گوتار، نه‌ك چوار گوتار له چوار پارچه.
پێشتریش ئه‌و هه‌وڵه هه‌بوو بۆ كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی، به‌ڵام به‌هه‌ر هۆیه‌ك شكستى هێنا، ئێسته ده‌تانه‌وێ چۆن بكرێت؟
ده‌توانین به‌مجۆره ئه‌نجامی بده‌ین، له باشووری كوردستان هێزه سیاسییه‌كان ناكۆكییه‌كانیان له‌ناو خۆیاندا چاره‌سه‌ر بكه‌ن و ئه‌نجوومه‌نێك دامه‌زرێنن، هه‌مان شت ده‌توانین له باكور و رۆژئاوا و رۆژهه‌ڵات له نێوان هێزه سیاسییه‌كان دامه‌زرێنین، پاشان هه‌ر چواریان یه‌كێتیی نه‌ته‌وه‌یی كورد دامه‌زرێنن.
وه‌ڵامی ئه‌وه‌م وه‌رنه‌گرت كه داوای ناوه‌ندگیریتان كردووه یان نا، چونكه له په‌یامه میدیاییه‌كاندا ئاماژه‌یه‌ك هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ری ئاشتییانه، هیچ به‌رپرسێكی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌و پرسه به‌منزیكانه سه‌ردانی توركیا ده‌كات؟
نه‌خێر ئه‌و پرسه باس نه‌كراوه، چونكه ده‌وڵه‌تى توركیا ده‌ستپێشخه‌ری ئۆجه‌لانی ره‌ت كرده‌وه بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ى كورد له باكوری كوردستان، به‌رانبه‌ر به ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه سێ سه‌رۆك شاره‌وانی خسته گرتووخانه. ئێمه پێویستیمان به ناوه‌ندگیری نییه و له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ش گفتوگۆ ناكه‌ین، چونكه تێده‌گه‌ین ئاكپارتى باوه‌ڕی به چاره‌سه‌ری ئاشتییانه نییه، ئه‌گه‌رچی سه‌رۆك بارزانی و سه‌رۆكى هه‌رێم و سه‌رۆكی حكوومه‌ت و لایه‌نه‌كانی تریش، دژی سیاسه‌تى قه‌یومن، به‌ڵام هیچ ئاگادار نین سه‌رۆكى هه‌رێمی كوردستان یان سه‌رۆك وه‌زیران سه‌ردانی توركیا بكه‌ن، چونكه ئێمه باسی ناوه‌ندگیریمان نه‌كردووه.
ره‌وشی باكور به‌ره‌و كوێ ده‌چێت، پێت وایه قه‌یومی سه‌ر كوردان ده‌چێته سه‌ر جه‌هه‌په له ئیستانبوڵ و ناوچه‌كانی تر؟
پێش هه‌ڵبژاردن هه‌ده‌په ستراتیجێكی هه‌بوو كه بۆ ناوچه‌كانی تری توركیا كاندیدی نه‌بوو، پشتگیری له جه‌هه‌په كرد و زیانیشی به ئاكپارتى و مه‌هه‌په‌ی هاوپه‌یمانی گه‌یاند له ئیستانبوڵ و ئه‌نكه‌ره و مێرسین و زۆر ناوچه‌ى تریش، لێره‌دا گه‌لی كورد نیشانی هه‌موو توركیای دا كه ئاشتى و دیموكراسی ده‌خوازێت و گه‌لی توركیاش له‌و په‌یامه گه‌یشتووه كه چوار ساڵه كورد له‌ژێر هێرشی ئاكپارتیدایه.
ئه‌مجاره‌ش ئاكپارتى قه‌یومی له‌سه‌ر كوردان جێبه‌جێ كرد، ئه‌مه ستراتیجێكه پاش ئێمه دژی جه‌هه‌په ئه‌نجامی ده‌دات، چونكه ئاكپارتى ده‌زانێ ئیستانبوڵ شاده‌ماری ئابووریی توركیایه كه ئێسته به ده‌ست جه‌هه‌په‌یه، سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ی شكستى هێنا، له سووریا شكستى هێنا، له ناوخۆی توركیا له رووی ئابوورییه‌وه شكستى هێنا، بۆیه باشترین كارتێك به‌ده‌ستى مابێت شه‌ڕه به‌رانبه‌ر به كورد له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌شدا دژ به رۆژئاوا و باشووری كوردستان، لێره‌دا ده‌یه‌وێ سه‌رنجی نه‌ژادپه‌رسته‌كان به‌لای خۆیدا رابكێشێت و به‌ره‌یه‌ك پێك بهێنێت.
پێت وایه ئاكپارتی له دروستكردنی ئه‌و به‌ره‌یه سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت؟
نه‌خێر، به‌ڵام قه‌یوم له ئامه‌د و مێردین و وان، په‌یامێكه بۆ هه‌موو گه‌لی توركیا به‌تایبه‌ت جه‌هه‌په كه ئیستانبوڵ له ده‌ست ده‌ده‌ن، ئه‌نكه‌ره و مێرسین و ناوچه‌كانی تریش.
كه‌واته هیچ هیوایه‌ك له‌گه‌ڵ ئاكپارتی نه‌ماوه بۆ چاره‌سه‌ری ئاشتى؟
هیچ هیوایه بۆ ئاشتى و چاره‌سه‌ری كێشه‌ى كورد له‌گه‌ڵ ئاكپارتی نه‌ماوه.