عەبدولمەهدی سەركردایەتی ئۆپراسیۆنی هاوبەش بە بەشداری وەزارەتی پێشمەرگە دادەمەزرێنێتەوە

:: PM:09:47:15/09/2019 ‌

بەپێی بەڵگەنامەیەك عادل عەبدولمەهدی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان فەرمانێكی دیوانی دەركردووە بۆ دووبارە پێكهێنانەوە سەركردایەتی ئۆپراسیۆنی هاوبەش و ئەركەكانیشی دیاری كرد.

بەپێی ئەو بەڵگەنامەی ژمارە 328  كە وێنەیەكی گەیشتووەتە "وشە"، بڕیارێكی عەبدولمەهدی لەخۆ دەگرێت بە پێكهێنانەوەی سەركردایەتی ئۆپراسیۆنی هاوبەش بە سەرۆكایەتی خۆی و فەریقی روكن عەبدولئەمیر یارەڵا دەبێتە جێگری، سەركردایەتییەكەش لە نوێنەرانی وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆ و پێشمەرگە و دەزگای نەهێشتنی تیرۆر و ئاسایشی نیشتمانی دەزگای هەواڵگری و سەركردایەتی هێزی زەوینی و سەركردایەتی بەرگری ئاسمانی و فڕۆكەوانی سوپا و فەرماندەیی هێزی ئاسمانی و دەستەی حەشدی شەعبی پێك دێت و پلەی نوێنەرەكان نابێت لە لیوا روكن یان لیوا یان بەڕێوەبەری گشتی نزمتر بێت.

بەپێی فەرمانی دیوانییەكە ئەركی ئەو سەركردایەتییە هاوبەشە سەركردایەتیكردن و بەڕێوەبەردنی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانە لەسەر ئاستی ستراتیجی و ئۆپراسیۆنی بە بەكارهێنانی هەموو تواناكانی تەناهی دەوڵەت و سەرپەرشتیكردنی و بەرپەرچدانەوەی هەموو هەڕەشە و مەترسییەكانی ناوخۆیی و دەرەكی بۆ دابینكردنی ئاسایش و سەقامگیری بۆ عێراق.

هەروەها یەكێك لە ئەركەكانی هاوئاهەنگیكردنە لەگەڵ لایەنی نێودەوڵەتی كە پاڵپشتی هێزەكانی عێراق دەكەن لە بوارەكانی راهێنان و پاڵپشتی لۆجیستی و ئاسمانی و دیاریكردنی شوێنی بوونیان لەناو عێراق و ژمارە و جموجۆڵ و ئەركەكانیان و لە رووی ئۆپراسیۆنەوە و سەركردایەتییەكە سەر بە فەرماندەی هێزە چەكدارەكان دەبێت. 









وشە - مه‌حموود ئیسماعیل