حەوت ڕۆژ پشوو لە هەرێمی كوردستان ڕاگەیەندرا

:: PM:01:29:16/09/2019 ‌
بەرپرسێكی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات سەرەتای مانگی 10 حەوت ڕۆژ پشوو دەبێت لە دامودەزگاكانی حكوومەت.

ئەمڕۆ دووشەم 16ـی ئەیلوول، خەیری پوزانی بەڕێوەبەری كاروباری ئێزدییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، یەكەمین هەفتەی مانگی تشرینی یەكەم واتا مانگی 10 بۆ فەرمانبەرانی ئێزدی لە دامودەزگاكانی حكوومەت حەوت ڕۆژ پشوو دەبێت.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ئەوقاف گوتی، پشووەكە بەبۆنەی جەژنی جامایە و سەرجەم فەرمانبەرانی ئێزدی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و بۆ ماوەی یەك هەفتە دەبێت.

لە جەژنی جاما ئێزدییەكان سەردانی پەرستگەی لالش دەكەن و پێڕەوی خۆیان نوێ‌ دەكەنەوە.

ئێزدییەكان ژمارەیان نیو ملیۆن هاووڵاتی دەبێت لە عێراق و بەشی زۆریان لە هەرێمی كوردستان دەژین دوای هێرشەكانی داعش بۆ ناوچەكانیان بەشێكییان ئاوارەی ئەوروپا بوون.





وشە - رامیار جەواد