ژماره‌یه‌ك ئۆتۆمبێل له دواى مانگى ته‌مووزی رابردوو هاتوونه‌ته كوردستان و ئێسته به‌هۆی بڕیارێكی وه‌زاره‌تی ناوخۆ ژماره‌یان پێ نادرێت. به‌شێك له خاوه‌ن پێشانگه‌كان نایشارنه‌وه كه به‌و هۆیه‌وه زیانى داراییان به‌ركه‌وتووه. له به‌رانبه‌ردا هاتوچۆ دووپاتی ده‌كاته‌وه "له‌به‌ر بازرگان بڕیار ناشكێنین".
وه‌زاره‌تى ناوخۆى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بڕیارى هاورده‌كردنى ئۆتۆمبێلى "لێدراو و رۆیشتوو"یان له ته‌مووزی رابردوو ده‌ركرد، ئه‌وه‌یش له‌پێناو پاراستنى گیانى هاووڵاتییان، چونكه به‌هۆى هاتنى ئۆتۆمبێلى بێ كوالێتى بۆ بازاڕه‌كانى كوردستان له ماوه‌ى ڕابردوو، ئاستى ڕووداوه‌كانى هاتوچۆ به‌رز بوونه‌وه.
ئیسته كه هاورده‌كردنی ئۆتۆمبێلی له‌و جۆره راگیراوه، به‌شێك له خاوه‌نى پێشانگه‌كان ده‌ڵێن، هه‌ندێك ئۆتۆمبێل دواى مانگى تهمووز له ڕێدا بوون و گه‌یشتوون، به‌ڵام به زیان له‌سه‌ریان ماونه‌ته‌وه.
عامر وه‌یسی یه‌كێكه له‌وانه‌ی ئۆتۆمبێلی ده‌ستی دوو یان لێدراوی له یه‌كی تهمووز كڕیوه، به‌ڵام به‌هۆی بڕیاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ به ناوی ناكرێت. ئه‌و بۆ "وشه" گوتی، "من ئۆتۆمبێلی لێدراوم كڕیوه، به‌ڵام ناتوانم به‌ناوی بكه‌م، داوا ده‌كه‌م چاره‌سه‌رێك بۆ ئێمه بدۆزرێته‌وه، چونكه ئه‌وه زیانه و له ئێمه ده‌كه‌وێت".
عامر وه‌یسی زیاتر گوتی، له هه‌ندێك شوێن بۆ هه‌ندێك كه‌س پشكنینی ساڵانه‌یان بۆ كراوه، هه‌روه‌ها له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆ كاره‌كه‌یان بۆ كراوه و به‌ناوی خۆیان كراوه، به‌ڵام پێویسته ئه‌و بڕیاره بۆ گشتیی حاڵه‌ته‌كان بێت.
له هه‌رێمی كوردستان ئۆتۆمبێلى 60 كۆمپانیای جیهانى هه‌ن، كۆمپانیاكانی ژاپۆنی له پله یه‌كه‌مدان، هه‌ریه‌كه له كۆمپانیاكانی دروستكردنی ئۆتۆمبێلی كۆریای باشوور و ئه‌مه‌ریكی و ئه‌ڵمانی به پله‌ی دووه‌م تا چواره‌م دێن.
زیره‌ك حه‌سه‌ن خاوه‌نی پێشانگه‌یه‌كی فرۆشتنی ئۆتۆمبێله له هه‌ولێر، باس له‌و زیانه ده‌كات كه به‌هۆی بڕیاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ كه ڕێ نادات ئۆتۆمبێلی لێدراو به‌ناوی كه‌سی كڕیار بكرێت، به‌ریكه‌وتووه.
زیره‌ك بۆ "وشه" ده‌ڵێ، "تێناگه‌م كه ئۆتۆمبێله‌كه به‌ناو ناكرێت، بۆچی ڕێ ده‌ده‌ن له ده‌روازه‌كانه‌وه هاورده بكرێت، نزیكه‌ی 12 ئۆتۆمبێلم هێناوه‌ته هه‌ولێر، به‌ڵام ئێسته ناتوانم بیانفرۆشم له‌به‌ر ئه‌و بڕیاره".
به‌پێی ئاماری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی پلان و به‌دواداچوون له وه‌زاره‌تی بازرگانی و پیشه‌سازی، ساڵانه نزیكه‌ی دوو ملیار دۆلار ده‌چێته ده‌ره‌وه بۆ كڕینی ئۆتۆمبێل.
"ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی له دوای یه‌كی تهمووز هاورده‌ی هه‌رێمی كوردستان كراون، له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی هه‌ولێر تۆمار ناكرێن”
له به‌رانبه‌ردا فازڵ حاجی گوته‌بێژی پۆلیسی هاتوچۆی هه‌ولێر، بۆ "وشه" رای گه‌یاند، ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی له دوای یه‌كی تهمووز هاورده‌ی هه‌رێمی كوردستان كراون، له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی هه‌ولێر تۆمار ناكرێن، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وانه له دوای بڕیاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هاورده كراون.
"له‌به‌ر چه‌ند بازرگانێك پێشێلى بڕیارى وه‌زاره‌تى ناوخۆ ناكه‌ین"
زیاتر گوتی، ناكرێ له‌به‌ر خاتری چه‌ند كۆمپانیایه‌ك یان چه‌ند بازرگانێك ئێمه پێشێلی یاسا بكه‌ین، هه‌روه‌ها چاره‌نووسی ئه‌و ئۆتۆمبێلانه ئه‌وه‌یه به سیكراب یان پارچه پارچه بێنه فرۆشتن، چونكه بڕیاری نوێ له باره‌یانه‌وه نه‌دراوه.
به‌پێی بڕیاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان، هه‌ر ئۆتۆمبێلێك لێدراو یان ژێرئاوكه‌وتوو، یان وه‌رگه‌ڕاو بێت، نابێَت هاورده بكرێت، چونكه ئه‌و جۆره ئۆتۆمبێلانه كوالێتییان خراپه بۆ كوردستان ده‌ست ناده‌ن.
فازڵ حاجی دووپاتی ده‌كاته‌وه، ئه‌وه‌ی كراوه له به‌رژه‌وه‌ندی هاووڵاتییانه، چونكه ئه‌و ئۆتۆمبێلانه به لێدراو هه‌ژمار ده‌كرێن و زیانیان زیاتره له قازانج.
هه‌رێمی كوردستان بۆ هاورده‌كردنی ئۆتۆمبێلی چوار پستۆنی بچووكی گرانبه‌ها، گومرگی 800 دۆلار بوو، به‌ڵام ئێسته هه‌زار و 300 دۆلاره. هه‌روه‌ها ئۆتۆمبێلی شه‌ش پستۆنی به‌رز، گومرگی دوو هه‌زار و 900 دۆلار بوو، ئێسته چوار هه‌زار و 700 دۆلاره.