هێزێکی دەمامکدار لەناو سلێمانی بڵاوەی پێ کراوە

:: PM:04:50:18/09/2019 ‌

لە شاری سلێمانی هێزێکی دەمامکدار بڵاوەی پێکراوە و بەرپرسێکیش رای دەگەیەنێت، لە سەروبەندی ئامادەکارییەکان بۆ کۆنگرەی یەکێتی، باڵەکانی ئەو حزبە لە سەردانەکانیاندا هێزێکی زۆریتەناهی لەگەڵ خۆیان دەگێڕن.

ئەمڕۆ چوارشەم 18ی ئەیلوول، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، هێزێکی تەناهی دەمامکدار لەناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکان بڵاوبوونەتەوە و دوێنێش تا درەنگانێک رێگەیان نەداوە هیچ عەرەبانەچی و دەستگێڕێک کار بکەن.

ئەو سەرچاوەیە دووپاتی لەوەیش کردەوە، بەهۆی بڵاوەپێکردنی ئەو هێزە تەناهییانە لەناوشار و شوێنە گشتییەکان، دڵەڕاوکێیەکی زۆر لای خەڵک دروست بووە.

سەرکەوت ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پێوەندییەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بۆ "وشە" ئاشکرای دەکات، بڵاوبوونەوەی ئەو هێزە پێوەندی بە پۆلیسی سلێمانییەوە نییە و ئەگەر بۆ لابردنی عەرەبانەچی و دەستگێڕەکانیش بێت ئەوە پێوەندی بە بەشی زیادەڕۆیی شارەوانییەوە هەیە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، لە سەروبەندی ئامادەکارییەکان بۆ کۆنگرەی یەکێتی، باڵەکانی ناو ئەو حزبە لە سەردانەکانیاندا هێزێکی زۆر لەگەڵ خۆیان دەگێڕن.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - هیدایه‌ت جان