ئه‌ندامێكى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى: با له‌ كۆنگره‌ یه‌كێتى هه‌ڵنه‌وه‌شێته‌وه‌

:: PM:08:45:19/09/2019 ‌
حامید حاجی غالی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رای گەیاند، دەبێت پێش دەست پێ کردنی کۆنگرە تێکگەیشتن لە نێوان باڵه‌كانى یەکێتی هەبێت بۆ ئەوەی کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو ئەنجام بدەین.

لەگەڵ دەست پێ کردنی هەنگاوەکانی ئەنجامدانی کۆنگرەی یەکێتی باڵەکانی ئەو حزبە هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە بۆ کۆکردنەوەی دەنگی زۆرترینی ئەندامانی خوارەوەی حزبەکەیان و شکاندنی یەکتری.

حامید حاجی غالی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو لیژنەیەی بۆ ئەنجامدانی کۆنگرە و دەستپێکی ئامادەکارییەکان پێکهێندراوە چەند کۆبوونەوەیەکی کردووە و کارەکان دەڕۆنە پێشەوە.

" ئێمە لەگەڵ ئەوەین سەرجەم باڵه‌كان پێش ئەوەی بچنه‌ کۆنگرە ببن لێکتێگەیشتن لە نێوانیان هەبێت؍ بۆ ئەوەی کۆنگرەیەکی برایانە ئەنجام بدەین نەک بچیت لە کۆنگرەدا كاره‌سات دروست بکەین و حزبەکەت هەڵبوەشێنیتەوە" سه‌ركردایه‌تییه‌كه‌ى یه‌كێتى واى گوت.

بە گوتەی حامید حاجی غالی ئەوان کۆنگرە دەکەن بۆ ئەوەی یەکێتی بینا بکەنەوە، بەڵام ئەگەر کۆنگرە بۆ هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی بێت نەکرێت باشترە.

ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی رۆژی 7/12ى ئەمساڵی بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەی چوارەمی حزبەکەی دیاریکردوە و مەکتەبی سیاسی ئەو حزبەیش لیژنەیەکی بۆ دەستپێکردنی ئامادەکاریەکان پێکهێناوە.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا


وشە - سه‌رخێڵ هاشم