خۆخ یه‌كێكه له میوه شیرین و پر ئاوه‌كان، چه‌ندان سوودى ته‌ندروستى به له‌ش ده‌گه‌یه‌نێت، پسپۆران دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه پێویسته به‌رده‌وام له خۆراكى رۆژانه‌دا هه‌بێت. لێره‌دا باس له گرنگى و سووده‌كانى خۆخ بۆ ته‌ندروستی مرۆڤ ده‌خه‌ینه ڕوو.
یه‌كه‌م: ته‌ندروستى چاو باشتر ده‌كات، ڕه‌نگى خۆخ نیشانه‌یه‌كى روونه بۆ بوونى بڕێكى زۆر له ڤیتامین A و پێكهاته‌ى خۆراكى كه گرنگن بۆ چاوه‌كان و بینین باشتر ده‌كه‌ن. ڤیتامین A له راستیدا دژهئۆكسیدێكه كه یارمه‌تى پاراستنى چاو ده‌دات و هه‌ستیارى خانه‌ى تۆوى چاو كه‌م ده‌كاته‌وه و چاو له زیان ده‌پارێزێت.
دووه‌م: پێست باشتر ده‌كات، خۆخ زۆر باشه بۆ پێست، چونكه برێكى زۆر ڤیتامین C تێدایه. له‌گه‌ڵ پێكهاته‌ى خۆراكى كه دژه‌ئۆكسیدى به‌هێزن و خانه‌كانى پێست له‌زیانى ره‌گه ئازاده‌كان ده‌پارێزن كه ده‌بنه هۆى زیان گه‌یاندن به پێست. هاوكات ئه‌م ڤیتامینه سوودی زۆره بۆ دواخستنى ئه‌و كرداره جۆراوجۆرانه‌ى كه ده‌بنه هۆى پیربوونى پێست وه‌كو چرچ بوون و ده‌ركه‌وتنى خه‌تى ته‌مه‌ن.
سێیه‌م: سیسته‌مى به‌رگرى له‌ش به‌هێز ده‌كات، به‌هۆی بوونی ڕێژه‌یه‌كی زۆری ڤیتامین C یارمه‌تى به‌هێزكردنى به‌رگرى له‌ش ده‌دات. زۆركات له‌ش تووشى نه‌خۆشى ده‌بێته‌وه به‌هۆى شێوازى ژیان و نه‌خواردنى خۆراكى ته‌ندروست و هۆكاره ژینگه‌ییه‌كان یان بێهێز بوونى به‌رگرى له‌ش. ئه‌گه‌ر خۆخ به‌شێوه‌یه‌كى ئاسایى و رۆژانه بخورێت ئه‌وه سیسته‌مى به‌رگرى له‌ش به‌هێز ده‌كات.
چواره‌م: كێشى له‌ش كه‌م ده‌كاته‌وه. خۆخ زۆر گرنگه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى كێشى له‌ش و ده‌توانرێت له‌برى شیرینى یان خۆراكه‌كانى تر بخورێت ته‌نیا له خۆخێكى مامناوه‌ندا نزیكه‌ى 60 كالۆرى هه‌یه و هیچ پێكهاته‌یه‌كى زیانبه‌خشی تێدا نییه كه ببێته هۆى زیادبوونى كێش ته‌نیا بڕێكى باش ریشاڵ و ئاوى تێدایه كه ئاره‌زووى خواردن كه‌م ده‌كه‌نه‌وه و یارمه‌تى دابه‌زینى كێشى له‌ش ده‌ده‌ن.
پێنجه‌م: ته‌ندروستى هه‌رس باشتر ده‌كه‌ن، به‌هۆى بوونى بڕێكى زۆر ئاو ریشاڵ له‌م میوه‌یه‌دا، ڕێ له دروستبوونى قه‌بزى ده‌گرێت و ته‌ندروستى سیسته‌مى هه‌رس باشتر ده‌كات و یارمه‌تى پاككردنه‌وه‌ى ریخۆڵه‌كان ده‌دات و رێ له چه‌ندان گرفت ده‌گرێت وه‌كو هه‌ڵئاوسانى سك و دروستبوونى ژان و غازات. ئه‌و ریشاڵهى له خۆخدایه مه‌ترسیى شێرپه‌نجه‌ى ریخۆڵه‌كان كه‌م ده‌كاته‌وه.
شه‌شه‌م: رێ له هه‌وكردن ده‌گرێت، هه‌وكردن ده‌بێته هۆى دورستبوونى كۆمه‌ڵێك گرفت له له‌شدا. شاره‌زایانى ته‌ندروستى ده‌ڵێن، چه‌ندان نه‌خۆشى هه‌ن به‌هۆى هه‌وكردنه‌وه دروست ده‌بێت وه‌كو شێرپه‌نجه و نه‌خۆشى دڵ و كه‌مپته‌وى ئێسك و هه‌وكردنى جومگه‌كان و قه‌ڵه‌وى و شه‌كره. ئه‌گه‌ر بڕێكى زۆر دژه‌ئۆكسید له خۆراكى رۆژانه‌دا هه‌بێت، ئه‌وا هه‌وكردن كه‌متر ده‌بێته‌وه.