بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی هەواڵێكی خۆشی ڕاگەیاند

:: AM:09:46:21/09/2019 ‌
بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی لەبارەی دامەزراندنی مامۆستای نوێ‌ و ئەو گرێبەستانەی هەن بكرێن بە هەمیشەیی چەند زانیارییەك ئاشكرا دەكات.

ئەمڕۆ شەموو 21ـی ئەیلوول، دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری‌ گشتیی پەروەردەی‌ سلێمانی‌ لە كۆنگرەیەكی‌ ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، بەردەوامین لە دروستكردنی قوتابخانە و زیاتریشمان پێویستە، لەماوەی‌ چوار ساڵی‌ ڕابردوودا 58 باڵەخانەی‌ قوتابخانە دەست بەدروستكردن و پرۆسەی‌ تەندەرینیان بۆ كرابوو، ئێستە 20 باڵەخانەمان ماوە تەواو بكرێن 38یان تەواو بووە.

بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی گوتی، لەناو شاردا كەمی‌ باڵەخانەمان هەیە و تاكە كێشەی‌ پەروەردەیە لە سلێمانی‌، هیوادارم حكوومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان لەم كابینەیەدا مانگانە ملیارێك و نیوێك بۆ تەواوكردنی‌ باڵەخانەكان تەرخان بكات، چونكە بەتەواوبونی‌ باڵەخانەكان، كێشەیەكی‌ گەورە لە كۆڵ پەروەردە دەبێتەوە و پرۆسەكە زیاتر بەرەو پێش دەچێت.

ئاشكرای كرد، بۆ مامۆستایانی گرێبەست ساڵانە گرێبەستەكان تازە دەكرێنەوە هیوادارم ئەمساڵ گرێبەستەكان بكرێن بەهەمیشەیی، دیارە حكوومەتیش بەرنامەی‌ بۆ ئەوە هەیە، ئێمە لەناوشار مامۆستامان زۆرە، بەڵام لەدەرەوە كەممان هەیە.



وشە - رامیار جەواد