ئەڕشیفی جووەكان دەگەڕێندرێتەوە عێراق

:: PM:08:25:21/09/2019 ‌
هەوڵەكان وەزارەتی رۆشنبیری بەردەوامە بۆ گەراندنەوەی شوێنەوارە دزراوەكانی عێراق كە لە دوای رووخانی رژێمی بەعس تا ئێستەشی لەگەڵ بێت بەردەوامی هەیە. عەبدولئەمیر حەمدانی دەڵێ، رێككەوتووین لەگەڵ ئەمەریكا كە ئەڕشیفی جووەكان تا ساڵی 2021 بگەڕێنینەوە بۆ عێراق.

ئەمڕۆ شەموو 21ی ئەیلوول، عەبدولئەمیر حەمدانی وەزیری رۆشنبیری عێراق رای گەیاند، رێككەوتووین لەگەڵ حكوومەتی ئەمەریكا بۆ گەڕاندنەوەی ئەڕشیفی جووەكانی عێراق كە پێش رووخانی رژێمی بەعس لە عێراق بووە.
زیاتر گوتی "رێككەوتن كراوە تا ساڵی 2021 هەزاران پارچە شوێنەواری دزراوی عێراق بگەڕێنینەوە، لەگەڵ ئەمەریكاش رێككەوتن كراوە ئەڕشیفی جووەكان بگەڕێنینەوە".

ئەڕشیفی جووەكانی عێراق و تەواوی ئەڕشیفی عێراق، ساڵی 2004 لەلایەن ئەمەریكاوە گەیەنرایە واشنتن بە مەبەستی پارێزگاری كردن لێی، دواتر بەرپرسانی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریكی رێككەوتنیان كرد كە تا ساڵی 2021 تەواوی ئەو ئەڕشیفە بگەڕێندرێتەوە.

جێی باسە پێشتر باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا رای گەیاند بوو، ئەڕشیفی جووەكانی عێراق هێشتا لەلایەن ئیدارەی نیشتمانی ئەمەریكی پارێزراوە و ئەمەریكاش پابەندە بە رێككەوتنی لەگەڵ حكوومەتی عێراق بۆ گەڕاندنەوەی تەواوی ئەو ئەڕشیفە.


وشە - فه‌رمان سادق