بەفربارین دەست پێ دەكات

:: PM:07:33:19/01/2017 ‌

بەپێی پێشبینییەكانی بەرێوەبەرایەتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان كەشوهەوای كوردستان گۆرانكاری بەسەردا دێت و بەپێی پێشبینییەكان لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە بەفربارین دەست پێ دەكات. 

بەپێی راگەیەندراوێكی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان كە بەناوی بژار ئەكرەم محەمەد، لێپرسراوی بەشی پێشبینی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی ئەمڕۆ پێنجشەم بڵاو كراوەتەوە و تێیدا هاتووە، رۆژی شەموو كەشوهەوای ناوچەكانی كوردستان گۆرانكاری بەسەردا دێت.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، بارستە هەوایەكی سارد كار دەكاتە سەر ناوچەكەمان و ئاسمانی هەرێمی كوردستان بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت و لە شەودا گۆرانكارییەكە زیاتر بەدەر دەكەوێت.

هەمان راگەیەنراو تێیدا هاتووە، رۆژی یەكشەم پێشبینی دەكرێت باران بارین بە ڕێژەی جیاجیا و پارێزگای هەولێر و سلێمانی بگرێتەوە و ئەو ناوچە شاخاوییانەی بەرزییەكانیان لە 1200 م زیاترە بەفر دەبارێت.

ئەوە لە كاتێكدا بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی بۆ سبەی هەینی، ئاسمانی هەرێمی كوردستان لە ژێر كاریگەری بەرزە پاڵەپەستۆی توركیا دەمێنێتەوە و لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك و كەركووك ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێ، لە كاتەكانی درەنگ بۆ نیمچە هەور دەگۆڕێت، بەرزترین پلەی گەرماش 17 پلە و نزمترین پلەش یەك پلەی سیلیزی دەبێت.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم