لە رێگەی مۆبایلەكەتەوە دۆخی دەروونیت چارەسەر بكە

:: PM:05:21:20/01/2017 ‌

چاڕڵز سپێنس كە پرۆفیسۆرە لە زانكۆی ئۆكسفۆرد، هەڵستاوە بە داهێنانی ئەپێكی نوێ بۆ مۆبایلە هۆشمەندەكان، كە تایبەتە بە خستنەڕووی دۆخی دەروونیی بەكارهێنەرەكەی و دواتریش پێشنیازكردنی چەند جۆرە خواردنێك، كە دیارمەتیدەر دەبن لە دەرچوون لە دۆخی خەمۆكی و سترێس، بۆ ئەو بەكارهێنەرانەی كە باری دەروونییان باش نییە لەو كاتەدا.

ئەپەكە هەڵسەنگان بۆ دۆخی دەروونیی بەكارهێنەرەكە دەكات، لە رێگەی كامێرای رووی پێشەوەی مۆبایلەكە، ئەوەش بە سەرنجدانی لە شێوازی راگرتنی لێوەكان و برۆ و نێوچەوان و نیگاكانی چاوی ئەو كەسە.

ئەو پرۆفیسۆرە بەریتانیە، رای گەیاندووە، كە زۆرجار ئەو كاتەی مرۆڤ لە دۆخی ناجێگیری دەروونیدایە، ناتوانێت بیری بكەوێتە و لۆجیكییانە بڕیار بدات، لەسەر خواردنی ئەو خۆراكانەی كە یارمەتیدەرن لە هێوركردنەوەی دۆخی دەروونی، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو راستییەی كە هەندێك خۆراك كاریگەری ئەرێنی دەخەنە سەر باری دەروونیی مرۆڤ.

هاوكات، چاڕڵز سپێنس ئەوەشی راگەیاندووە، كە ئەپەكەی دەتوانێت هەر یەكە لە دۆخەكانی ناڕەزایی، تووڕەیی، ترس، نامۆیی، خەمگینی، دڵخۆشی و ..هتدی مرۆڤ بخوێنێتەوە و هەست پێ بكات و خواردنی بەسوود بۆ هەر یەكێك لەو دۆخانە پێشنیاز بكات.

جێی ئاماژەیە، بە گوێرەی توێژینەوە زانستییەكان، ئەو خواردنانەی پێكهاتەی مەگنیسیۆمیان تێدایە، وەك چۆكڵاتەی بە بادەم بەسوودن بۆ كەمكردنەوەی سترێسی سەر دەروونی مرۆڤ، هاوكات خواردنی سەوزەواتی نوێ و تازە، یارمەتیدەرە  بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی گەشبینی.

بڕیار وایە لە ماوەی داهاتوودا ئەو ئەپە بە هاوكاری كۆمپانیای Just Eatی بەریتانی بخرێتە كارەوە.

سەرچاوە: rt


وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی