لەگەڵ دەست پێكردنی ناڕەزایەتی حكوومەتی عێراق چەند بڕیارێك دەردەكات

:: PM:06:17:01/10/2019 ‌

ئەمڕۆ وەك چاوەڕوان دەكرا ناڕەزایەتی جەماوەری چەند ناوچەیەكی عێراقی گرتەوە لەوانە بەغدای پایەتەخت، هەر ئەمڕۆ حكوومەتی عێراق چەند بڕیارێكی بۆ بەرژەوەندی دەرچووان و كرێكارانی ناوخۆیی دەركرد و دەرگەی دامەزراندنی واڵا كرد بۆ كەمكردنەوەی بێكاری كە داوای سەرەكی خۆپێشاندانەكانە.

لە ماوەی دوایی ژمارەیەك دەرچووان و خاوەن بڕوانامەی باڵا لە بەغدا گردبوونەوەیەكیان ساز كرد و ئەوان داوای دامەزراندنیان كرد، لە بەرانبەردا هێزە تەناهییەكان بە ئاورشێنیان كردن و ئەوەش ناڕەزایەتی فرەوانی لێ كەوتەوە، دوای ئەوەش بەهۆی گواستنەوەی عەبدولوەهاب ساعیدی فەرماندەی هێزەكانی دژەتیرۆری عێراقی ناڕەزای زیاتر دروست بوو و ئەو ناڕەزایەتییەی جەماوەری بەتایبەتی گەنجان بەهۆی بێكاری و نەبوونی خزمەتگوزاری گەورەتر بوو.

ئەمڕۆ سێشەم ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ساز كرد و عادل عەبدولمەهدی بڕیاری درەكرد بەوەی پلەكانی دامەزراندن لە چوارچێوەی میلاكی وەزارەت و لایەنە ناپێوەستەكان بە وەزارەت و پارێزگاكان بێتە راگەیاندن.  

وەك لە بەیاننامەیەكی حكوومەتی عێراق هاتووە كە واژووی عەبدولمەهدی پێوەیە، بەمەبەستی لەخۆگرتنی هەموو خاوەن بڕوانامە باڵاكان و سوودوەرگرتن لە توانای زانستی ئەوان و بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەكان و دابینكردنی هەلی كار بۆیان ئەو فەرمانانەی خوارەوە دەركراون: 

راگەیاندنی دامەزراندن لەسەر میلامی ساڵانی 2017-2018 -2019 لە وەزارەت و شوێنە ناپێوەستەكان بە وەزارەت و پارێزگاكان، دامەزراندنی خاوەن بڕوانامە باڵاكان و دابەشكردنیان بەسەر وەزارەتەكان و ناچاركردنی زانكۆ و كۆلێجە تایبەتەكان بە دامەزراندنی خاوەن بڕوانامە باڵاكان.

لە بەیاننامەیەكی تردا عەبدولمەهدی دووپاتی كردەوە بەوەی پێویستە رێژەی دامەزراندنی دەستی كاركەری ناوخۆیی لە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لە 50% كەمتر نەبێت و رێوشوێن بۆ دامەزراندنی ئەندازیار و كرێكاری بیانی بگیرێتە بەر، بەتایبەت لەلایەن وەزارەتی نەوت و دامەزراندنی ئەندازیارانی تازە دەرچوو.  




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل