وردەكاری كارەكانی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی سلێمانی

:: PM:09:30:01/10/2019 ‌
چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "سلێمانی‌" بە دروشمی "شێرپەنجەی زەوی" لە شاری سلێمانی  بەڕێوە دەچێت، 134 فیلم لە چوارچێوەی فیلمەكانی درێژی سینەمایی، كورتە فیلمەكان، بەڵگەفیلم و ئەنیمەیشێن لە 78 وڵاتی دنیاوە بەشداریان كردووە.

فیلمەكانی فیستیڤاڵەكە ڕكابەری سینەمایی كوردی و نێودەوڵەتی دەكەن لە بەرهەمەكانی درێژی سینەمایی و كورتە فیلم، بەڵگەفیلم، ئەنیمەیشێن و ئەزموونی و بەشی ركابەریی "سینەمای كوردی" (نەتەوەیی) كە بریتییە لە بەرهەمەكانی درێژی سینەمایی و كورتە فیلم، بەڵگەفیلم، ئەنیمەیشێن و ئەزموونی و هەروەها سازدانی وۆركشۆپەكانی پسپۆڕانەی سینەمایی و كۆڕ و كۆبوونەوەی بەرهەمهێنانی هاوبەش.

فواد جەلال بەڕێوەبەری فێستیڤاڵ بە "وشە"ی ڕاگەیاند، چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەڵەتی فیلم بە دروشمی "شێرپەنجەی زەوی" دەستی پێ كرد و لە ڕۆژانی یەك تا حەوتی ئوكتۆبەری 2019 لە  پێنج هۆڵی "سیتی سینەما"، "سینەما سالم"، هۆڵی "ئەمنە سوورەكە" و هەروەها لە تەلاری "هونەر" لە شاری سلێمانی پایتەختی فەرهەنگ و هونەری هەرێمی كوردستانی عێراق بەڕێوە دەچێت.

لە دوای راگەیاندنی بانگەوازی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی سلێمانی‌، نزیكەی پێنج هەزار فیلم لە رێگای ماڵپەڕی فێستیڤاڵ نێردراوە كە لە دوای دووبارە بینینەوەی سەرەتایی لە لایەن مامۆستایانی بەئەزموون و پسپۆڕ، بە رێژەی 134 فیلم لە چوارچێوەی فیلمەكانی درێژی سینەمایی، كورتە فیلمەكان، بەڵگەفیلم و ئەنیمەیشێن لە 78 وڵاتی جۆراوجۆری دنیا بۆ نمایش كردن و كێبڕكێ هەڵبژێردراون.

 نزیكەی 78 وڵاتی دنیا بە بەرهەمەكانیان بەشداری لە فێستیڤاڵەكەدا دەكەن، لەوانە ئەڵمانیا، فڕەنسا، ئێران، لبنان، توركیا، عێراق، مەراكیش، وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپی بە بەرهەمەكانیان لە چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی سلێمانی ئامادە دەبن و چەندان كەسایەتی لەم وڵاتانەوە لە فیستیڤاڵەكەدا بەشداری دەكەن.

لەلایەن ئەندامانی دەستەی ناوبژیوانی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "سلێمانی" 14 خەڵاتی تەندیسی زێڕینی "كاجی زێڕین" و خەڵاتی پارە دەدرێتە براوەكانی فێستیڤاڵەكە كە بە باشترین فیلمی نێونەتەوەیی، باشترین دەرهێنان، باشترین دەقی سیناریۆی فیلم، باشترین وێنەگرتنی فیلم، باشترین كورتە فیلمی نێونەتەوەیی و خەڵاتی تایبەتی دەستەی ناوبژیوان بە هەڵبژێردراوان پێشكەش دەكرێت.

سلێمانی/ ئاریان محەمەد



وشە - سه‌رخێڵ هاشم