ئاشنا عەبدوڵا: دووركەوتنەوەم لەسەر شاشە كاتییە و دەگەڕێمەوە

:: AM:09:27:02/10/2019 ‌

ئاشنا عەبدوڵا ڕاگەیاندكاری ناسراو كە پێشتر لە چەند كەناڵێك كاری كردووە، ماوەیەكی زۆرە لە شاشە نابینرێت. خۆی باس لە ئەزموونەكانی دەكات و لەم دیمانەیەی "وشە"دا ئاشكرای دەكات كە دووركەوتنەوەی لەسەر شاشە كاتییە، بەڵام دیاریش نییە كەی دەگەڕێتەوە.

بۆچی ماوەیەكە لە هیچ كام لە شاشە كوردییەكان دەرناكەوی؟
دووركەوتنەوەم لە تیڤی بەهۆی چەند كێشەیەكەوەیە و شتێكی كاتییە، بەڵام ئێستە كاتەكەی گونجاو نییە بۆ باسكردن.

كەی دەگەڕێیتەوە سەر شاشە؟
دیار نییە كەی دەگەڕێمەوە.

دنیای ڕاگەیاندنی كوردی بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو چۆن دەبینی؟
 ئێستە لە دنیای ڕاگەیاندنی كوردیدا پێشكەوتنێكی زۆرباش دەبینرێ، بەڵام دووبارەبوونەوەیەكی بێزاركەر لە هەندێ كەناڵ و سۆشیال میدیای كوردی دەبینرێت، بەداخەوە بە بیانووی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی لە كاری ڕاگەیاندن، هێرشێكی زۆر هەیە بۆ ناوزڕاندن، بە بڵاوكردنەوەی هەندێ بابەتی بێسەروبەر كە تەنیا بۆ پڕكردنەوەیە و هیچی تر.

ڕۆژانە بە چ كارێكەوە سەرقاڵی؟
بەردەوامم لە دەوامی ئاسایی خۆم.

بەپێی ئەزموونی تۆ ئەو كەسانەی كە دەیانەوێ ببن بە ڕاگەیاندكارێكی سەركەوتوو، چی بكەن؟
ئەگەر بتەوێ ببیت بە ڕاگەیاندكارێكی سەركەوتوو، پێویستیت بە ماندووبوون و هەوڵدان و قوربانییەكی زۆر دەبێت.

ئایا ئەكادیمیبوون مەرجە بۆ ئەوەی ببیت بە ڕاگەیاندكارێكی سەركەوتوو؟
ڕاگەیاندن سەرەتا حەز و خولیا و هەوڵ و كۆششێكی زۆرت پێ دەكات بۆ سەركەوتن، ئینجا ئەكادیمیبوون.

ئەی نهێنیی جوانییەكەت تا ئێستە چییە؟
گرنگی زۆر بە جوانكاری سروشتی دەدەم.

كاری ڕاگەیاندن چیی لێت سەندووەتەوە؟
دیاری و بەناوبانگی لەلایەك و ژیانكردن لە چوارچێوەیەكدا و سەندنەوەی هەندێ ئازادی لەلایەكی تر.

تا چەند لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی قسەت پێ دەكرێت؟
زۆر بەداخەوە بۆ ئەو كەسانەی هەڵدەستن بەناوی ئێمەوە لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی كار دەكەن.

ئەو پەیامانە چین كە لەلایەن هەوادارانتەوە پێت دەگات؟
ڕۆژانە نامە و پەیامێكی زۆرم پێ دەگات لە هەوادارەكانمەوە، ڕێز و سڵاوم هەیە بۆ هەموو ئەو كەسانەی بەڕێزەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا مامەڵە دەكەن.

وشە/دیمانەی شادان بەكر











وشە - وشه‌