ژیلا كەریمی /25 ساڵ/ كە خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە و ماوەی دوو ساڵە دەستی بە كاری مۆدێل كردووە، وەك خۆی دەڵێ "جگە لە كاری مۆدێل، مامۆستای وەرزش و كۆمپیوتەرە". ئەوەش ناشارێتەوە كە خەڵك نامەی زۆری بۆ دەنێرن و بە چاوێكی خراپ سەیری دەكەن.
ژیلا كەریمی لە تەمەنی 10 ساڵییەوە بەردەوام كاری كردووە و بە ماندووبوونی خۆی پارەی پەیدا كردووە، چونكە ناتوانێ كار نەكات و چاوی لە پارەی خەڵك بێت.
ئەو كچە كوردە بە پێویستی دەزانێ لە كاری مۆدێل خێزان پشتگیریت بكەن بۆ ئەوەی هەست نەكەیت تەنیایت و بتوانی بە ئارامی كار بكەیت.
لەو رووەوە زیاتر دەڵێت "من هەمیشە هەوڵم داوە كارەكەی خۆم بە پیرۆزی سەیر بكەم، بەڵام بەداخەوە خەڵكێك بە پێچەوانەوە بیر دەكەنەوە و قسەی ناخۆشم ئاراستە دەكەن و بە چاوێكی خراپ سەیری ئێمە دەكەن، بەڵام من گوێ بە هیچ قسەیەك نادەم و كارەكەی خۆم خۆش دەوێت."
ژیلا بۆ "وشە" دووپاتی دەكاتەوە، تا ئێستە بەشداری نۆ فیلم و چەندان ڕێكلامی بازرگانی كردووە و هەموو كارەكانی خۆی بە دڵ بووە، هیچ كارێك ناكەم دواتر پەشیمان ببمەوە، بەڵكو هەمیشە ئەو كارانە دەكەم كە دڵ و عەقڵم قبووڵی دەكەن.