لە قوتابی مزگەوتەوە بۆ سەرۆکی نووسەرانی کورد

:: AM:11:07:03/10/2019 ‌
بەیانی ئەمڕۆ پڕۆفیسۆر د. عزەدین مستەفا رەسووڵ، نووسەر و لێكۆڵەری مێژوو و ئەدەبیاتی كورد بەهۆی نەخۆشی لە سلێمانی كۆچی دوایی كرد.

ئەمڕۆ پێنجشەم سێی تشرینی یەكەم، پڕۆفیسۆر عزەدین مستەفا رەسووڵ لە دامەزرێنەرانی یەكێتی نووسەرانی كورد و نووسەر و لێكۆڵەری كورد كە بە كۆڵەكەی مێژووی ئەدەبی كوردستان ناو دەبرێت، كۆچی دوایی كرد.

فاروق مەلا مستەفا برای د. عزەدین مستەفا رەسووڵ بە میدیاكانی راگەیاند، ماوەیەك د. عزەدین تووشی جەڵتەی دڵ هاتبوو و دۆخی تەندروستی تێكچووبوو.

ئەمڕۆ دوا وتاری لە گۆشەیەكی رۆژنامەی كوردستانی نوێ بەناوی "ئەم كونجەش" بڵاو بووەتەوە و تیایدا لەژێر ناوی "ئیتر بۆ بنووسم" تیشكی خستووەتە سەر یەكگرتوویی كورد و داوای لە هەردوو حزبی دەسەڵاتداری كوردستان "یەكێتی و پارتی" كردووە تەبا و یەكگرتوو بن.

بڕیارە ئەمڕۆ لە سلێمانی لە گۆڕستانی سەیوان لە رێوڕەسمێكی شایستەدا بە بەشداری نووسەر و ئەدیب و هاووڵاتییانی كوردستان تەرمەكەی بەخاك بسپێردرێت.

دكتۆر عزەدین مستەفا رەسووڵ لە سەرەتای نەوجەوانییەوە لە شۆڕش و بەرهەڵستی داگیركەرانی كوردستاندا بەشداری كردووە و بەدەر لە كەسایەتی ئەدەبی وەك كەسێتییەكی سیاسیش ناوی هەبووە و بەهۆیەوە چەندان جار لەكار لادراوە و دوور خراوەتەوە.

عزەدین كوڕی مەلا مستەفای سەفوەت كوڕی حاجی مەلا ڕەسووڵی دێلێژەیە، ساڵی 1934 لە گەڕەكی دەرگەزێن لە شاری سلێمانی لەناو خێزانێكی خوێندەوار لەدایك بووە.

د. عزەدین لە مزگەوتی حاجی مەلا ڕەسووڵی دێلێژە لای باوكی خوێندوویەتی، ساڵی 1939 وەك گوێگر لە قوتابخانەی غازی وەرگیراوە، پاش نیوەی ساڵ بەهۆی ئەوەی كە خوێندكارێكی وریا بووە، كراوە بە خوێندكار و سەری ساڵیش بە یەكەم دەرچووە.

چووەتە ناوەندی و لە سێی ناوەندی تاقیكردنەوەی بەكەلۆریی ئەنجام داوە و سەركەوتوو بووە، مستەفای سەفوەت پێی گوتووە: بۆ درێژەدان بە خوێندن بچۆ بۆ بەغدا و لە كۆلێژی شەریعە بخوێنە، هەم خوێندنێكی ئەكادیمییە، هەم مەلایەتییەكەشت دەمێنێتەوە.

دوای چوونی بۆ بەغدا، بووەتە خوێندكاری كۆلێژی شەریعە، بەڵام بەهۆی تێكەڵبوونی بە كاری سیاسییەوە، ساڵی یەكەمی شەریعەی پێ تەواو نەكراوە و لە كۆلێژ دەركراوە، ساڵی دواتر چووەتە پۆلی چوارەمی بەشی زانستیی لە سلێمانی و دەستی بە خوێندن كردووەتەوە، پۆلی پێنجەمی لە بەشی ئەدەبی كە تازە لە سلێمانی كراوەتەوە تەواو كردووە و دواتر چووەتە بەغدا.

ساڵی 1951 لە خانەی ماڵی مامۆستایان وەرگیراوە، ساڵی 1952 بەشداری ڕاپەڕینی ئەو ساڵە بووە لە شاری بەغدا، بریندار بووە و دواتر لە كۆلێژ دەركراوە لەبەر بەشداریكردنی لە راپەڕینەكەدا گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و لە بەڕێوەبەرایەتی مەلاریا بە ناونیشانی كرێكار دامەزرێنراوە.

دواتر بووە بە مامۆستای سەرەتایی لە قەڵادزێ، بەڵام لەوێش بە هۆی كاری سیاسییەوە گواستراوەتەوە بۆ سلێمانی، دواتر بۆ قەمچووغە، لەوێش بە كاری سیاسییەوە خەریك بووە، دووبارە گێڕاویانەتەوە بۆ سلێمانی.

بەڵام لەبەر خراپی موتەسەریفی سلێمانی د. عزەدین هەڵاتووە بۆ شام و عێراقی بەجێهێشتووە، دووبارە لە كۆلێژی ئاداب لە شام درێژەی بە خوێندن داوە و پۆلی دوو و سێی بەشی عەرەبیی ئادابی تەواو كردووە، هەتا شۆڕشی 14ی تەمووزی 1958 گەڕاوەتەوە بەغدا و لە قۆناغی سێیەمی خانەی مامۆستایان دانراوە. دوای تەواوكردنی هەر لە بەغدا لە بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی كوردی كە یەكەم ساڵ بووە پێك هێنراوە دامەزراوە.

لەو سەردەمەدا عەبدولكەریم قاسم لەسەر ئەركی دەوڵەت دەستی بە ناردنی خوێندكاران كرد بۆ سۆڤیەت. عزەدین مستەفا ڕەسووڵیش یەكێك بووە لەو خوێندكارانەی چووەتە سۆڤیەت.

دوای تەواوكردنی زمان، لەگەڵ كەمال مەزهەر و نەسرین فەخریدا چووەتە باكۆ، 24ی حوزەیرانی 1963 پلەی دكتۆرای وەرگرتووە و پاشان بە داوای حزبی شیوعیی عێراق چووەتە سۆفیای پایتەختی بولگاریا بۆ سەرپەرشتیی ڕادیۆی نهێنیی دەنگی گەلی عێراق.

ساڵی 1965 گەڕاوەتەوە بۆ كوردستان و چووەتە شاخ و بووە بە پێشمەرگەی حیزبی شیوعیی عێراق، بەڵام دوای ساڵێك مانەوە لە بارەگای بارزانی، 26ی كانوونی یەكەمی 1966 بە هەوڵی نەمر مەلا مستەفا بارزانی بووەتە مامۆستا لە زانكۆی بەغدا و لە بەشی كوردی دامەزراوە.

ساڵی 1979 چووەتەوە مۆسكۆ و لەوێ درێژە بە خوێندن داوە و پلەی دكتۆرایی و پڕۆفیسۆری وەرگرتووە.

لە ساڵی 1992 بووە ئەندام لە یەكەم خولی پەرلەمانی باشووری كوردستان لەسەر لیستی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، بەڵام وەك كەسێكی بێلایەن.

عزەدین مستەفا رەسووڵ یەكێكە لە دامەزرێنەرانی یەكێتیی نووسەرانی كورد، یەكەم بەیاننامەی دامەزراندنی ئەو یەكێتییە بە قەڵەمی عزەدین نووسراوە كە دەستەی دامەزرێنەرانی 11 كەس بوون.

دوای گەڕانەوەی نووسەرانی شاخ لەدوای بەیاننامەی 11ی ئادار، ئەو دەستەیە هەڵوەشێنراوەتەوە و لە بەغدا هەڵبژاردن كراوە، د. عزەدین بە كۆی 63 دەنگ بووەتە سەرۆكی یەكێتیی نووسەرانی كورد.

د. عزەدین ڕۆڵێكی گرنگی لە یەكێتیی نووسەراندا گێڕاوە، چ لە چارەسەركردنی كێشەكاندا و چ لە چالاكییەكاندا، بەتایبەت دەركردنی گۆڤاری یەكێتیی نووسەران.

لە خانەی بەرزی مامۆستایان وەرگیراوە، یەكسەر بووەتە ڕۆژنامەنووس لە ڕۆژنامەی ئەهالی پاش داخستنی گۆڤارەكەش گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و ڕۆژنامەی ژین بابەتی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی.

عیزدەین مستەفا رەسووڵ لە ساڵی 1974 لە ریزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەستی بە كاری سیاسی كردووە، بەڵام لە ساڵی 1949 دەچێتە ریزەكانی حزبی شیوعی عێراقییەوە.

خاوەنی چەندان لێكۆڵینەوەی گرنگە لەسەر مێژووی ئەدەبی كوردی و سەدان وتار و لێكۆڵینەوەی نووسیوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەم، د. عزەدین بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی 85 ساڵی لە سلێمانی بەهۆی نەخۆشییەوە گیانی لە دەست دا و ماڵاوایی لە ژیان كرد.


وشە - هیدایه‌ت جان