ڤیدیۆ.. دوو سەرخۆش لە هەولێر پۆلیسێك بریندار دەكەن

:: AM:09:26:05/10/2019 ‌
بەرپرسێكی هاتوچۆی هەولێر ئاشكرای دەكات، شەوی ڕابردوو لەلایەن دوو هاووڵاتی كە لەژێر كاریگەریی خواردنەوەی مادە كهوولییەكان بوون، ڕووداوێكی هاتوچۆ ڕووی دا و بەوهۆیەوە پۆلیسێكی هاتوچۆ بریندار بوو.

ئەمڕۆ شەموو پێنجی تشرینی یەكەم، فازڵ حاجی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، درەنگانی شەو رابردوو لە چوارڕیانی بەردەم هوتێل فەرید لە شەقامی 30مەتری ئۆتۆمبێلێكی جۆری تاهۆی تایبەت كە دوو گەنجی سەرخۆشی تێدابوو، لەسەر ترافیك لایت بۆ چرای سوور نەوەستان و رۆیشتن.

گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر گوتی، كاتێك گەیشتە ناو مەیدانی چوارڕیانەكە تووشی پێكدادان بوون لەگەڵ تاكسییەك كە لە چرای سەوزەوە دەهات، دواتر لەنگەری تێكچوو و خۆی كێشا بەكابینەی پۆلیسی هاتوچۆ و پۆلیسەكەی بریندار كرد، شوفێری تاكسییەكەش بریندار بوو و دواتر تاهۆیەكە رایكرد و شوێنی رووداوەكەی جێهیشت.

ئاشكرای كرد كە گەنجەكان بەتەواوی سەرخۆش بوون، خەڵكی شاری هەولێر نەبوون و بەمیوانی هاتبوونە هەولێر، دوایی گرتنیان درانە بنكەی پۆلیس بۆلێكۆڵینەوە لەگەڵیان.



وشە - رامیار جەواد