"وشە" سزای بكوژەی خێزانە پێنج كەسییەكەی هەولێر ئاشكرا دەكات

:: AM:09:31:05/10/2019 ‌
ڕاوێژكارێكی یاسایی ئاشكرای دەكات ئەو تاوانەی لەلایەن كەسێكەوە لە هەولێر ئەنجام درا و پێنج كەس كوژران، تاوانەكەی دەچێتە مادەی 406ـی لە یاسایی سزادانی عێراق.

ئەمڕۆ شەموو پێنجی تشرینی یەكەم، شوان عەبدولقادر ڕاوێژكاری یاسایی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەو تاوانەی كوشتن كە دوو ڕۆژی ڕابردوو لە هەولێر ئەنجام درا، تاوانەكەی دەچێتە چوارچێوەی بڕگەی یەكەمی مادەی 406 لە یاسایی سزادانی عێراقی ژمارە 111ـی ساڵی 1969ـی هەمواركراو.

ئەو ڕاوێژكارە گوتی، سزاكەی لە سێدارەدان دەبێت ئەگەر تاوانبار هەڵسابێت بە تاوانەكە و ئەگەر كوشتنەكە مكوڕیی پێشینە یان یادەوەری(ترصد)ی لەگەڵ دابێ، واتە ئەگەر كەمینی بۆ دانابوو یان ئەگەر كوشتنەكە بە بەكارهێنانی مادەیەكی ژەهراوی، یان تەقە و یان تەقەمەنی ڕووی دابێ.

باسی لەوەش كرد لە سزاكە هاتووە، ئەگەر كوشتنەكە بەهۆی هاندەرێكی یان بەكرێ بووبێ یان تاوانكار ڕێی دڕندانەی لە كارەكە بەكارهێنا یان ئەگەر فەرمانبەر یان خزمەتێكی گشتی بكات لەكاتی كاری فەرمانبەرێتیی یان خزمەتەكەی یان بەهۆی ئەوەوە بێ، یان ئەگەر تاوانكار مەبەستی كوشتنی دوو كەس و زێتری بووبێ و بەیەك كار ئەوەی كردبێ.

ئاشكرای كرد، بەشێكی دەقەكە باس كراوە، ئەگەر كوشتنەكە بەنقەست لەگەڵ تاوانێكی یان زێتر لە تاوانەكانی كوشتنی بە ئەنقەست یان دەست پێكردن بە تاوان یان كوشتنەكە وەك ڕێ خۆشكردن بێت بۆ كەتنی گەورە (جنیایە)، یان كەتنێك بێ كە سزاكەی بریتی بێت لە گرتن لە ساڵێك كەمتر نەبێت یان بۆ ئەوە كرابێ تا ئاسانكاری یان جێبەجێكردن بێ بۆ بكەری یان بەشداری تاوانەكە تا بتوانێت هەڵبێ، یان دووچاری سزا نەبێ یان ئەگەر تاوانكار حوكم كرابێت بە بەندكردن (سجن)ی تاهەتایی و لەماوەی جێبەجێكردنی سزاكە تاوانی بە ئەنقەست كوشتنی كردبێ یان دەستی پێ كردبێ.

ڕۆژی پێنجشەم لە ڕاگەیەنراوەكەی ئاسایشی هەولێر هاتووە، لە ڕێكەوتی سێی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر لە نزیك گوندی پیرڕەشی شاری هەولێر، تەرمی ژن و پیاوێك و سێ منداڵ لەلایەن تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دۆزرانەوە، سەرجەمیان بە فیشەك كوژرابوون.

لە بەشێكی تری ڕاگەیەنراوەكە هاتووە، دوای لێكۆڵینەوە و كۆكردنەوەی بەڵگەی تاوان لەلایەن تیمە تایبەتەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، توانرا كەسی تۆمەتبار ئاشكرا بكرێ و دواتر لە ماوەیەكی كورتدا هێزەكانمان توانیان تاوانبارەكە بگرن.

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ڕوونی كردووەتەوە، كە تاوانبار لە لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان ددانی بە تاوانەكەی ناوە و ناوی "ف.ك. ر"ە، ئێوارەی دووی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر هەستاوە بە كوشتنی تەواوی ئەندامانی خێزانێكی پێنج كەسی، كە لە بنەڕەتدا ئەو خێزانە خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستانن و لە گوندی پیرڕەش نیشتەجێ بوون.

هێما بۆ ئەوەیش كراوە كە تاوانبار سەرەتا پیاوی خێزانەكە "بەسام حوسێن ڕەسووڵ"ی كوشتووە و دواتر خێزانەكەی بە ناوی "سوالین محەمەد نەزیر، پاشان منداڵەكانی بە ناوی حوسێن 11 ساڵ و روشكا حەوت ساڵ و محەمەدی پێنج ساڵی كوشتووە، لێكۆڵینەوەكەیش لە ڕووداوەكە بەردەوامی دەبێ تا بە تەواوی هەموو وردەكارییەكانی ئاشكرا دەكرێن.




وشە - رامیار جەواد