كچە ڕۆژهەڵاتییەك لە سلێمانی پێشانگایەكی كردەوە

:: PM:04:46:05/10/2019 ‌
ڕۆژینا تاهیر تەمە /24 ساڵ/ كچە كوردێكی لەدایكبووی شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە و لە شاری بۆكان دەژی، بۆ كردنەوەی پێشانگایەك بۆ كارە ھونەرییەكانی ڕووی كردووەتە سلێمانی.

ڕۆژینا بەشی گرافیكی لە زانكۆی ورمێ تەواو كردووە و ئێستە شێوەكارە بە سیرامیك و فڵچە لەسەر كانڤاس و پەڕە وێنە دەكێشێت، هەروەها دەستی شیعریشی هەیە.

ڕۆژینا ماوەی چەند ڕۆژێكە لە هۆڵی مۆزەخانەی سلێمانی كارە هونەرییەكانی لە پێشانگایەكی تایبەتدا نمایش كردووە و چاوی بینەران بە كارە هونەرییەكانی ئاشنا دەكات.

پێشانگای دیكۆراتی كەلوپەلی كولتووری كۆنی كردووەتەوە
ڕۆژینا لەبارەی پێشانگاكەی بە "وشە"ی گوت، پێشانگای دیكۆراتی كەلوپەلی كولتووری كۆنم كردووەتەوە بە مۆدێرن، قوڕی سیرامیكی سارد و پلێتی زیوی و ئاڵتونیم بەكار هێناوە بۆ دروستكردنی كەلوپەلەكان، تابلۆم پێ دروست كردوون.

ئاماژەی بەوە دا، 48 تابلۆ بە قیاسی جیاواز و 60 پارچە كاری هونەریم بە سیرامیكی سارد دروست كردووە، تابلۆكانی لەسەر كانڤاس دەكێشێت بە بۆیەی ئاوی و زەیتی.

ڕۆژینا خاوەنی دوو پێشانگای تایبەتە كە لە سلێمانی و لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان كردوویەتیەوە، هەروەها بەشداری لە چەند پێشانگایەكی هاوبەشدا كردووە.

سلێمانی/ ئاریان محەمەد





وشە - سه‌رخێڵ هاشم