له خانه‌كانی سه‌ربه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاودێری و گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵایه‌تی، له‌وكاته‌ی منداڵ ته‌مه‌نی ده‌گاته 18 ساڵ، ده‌بێت خانه‌كان جێبهێڵن، ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی به‌شێكیان تووشی تاوان ببن و زیان به خۆیان و به كۆمه‌ڵگه بگه‌یه‌نن.
محه‌مه‌د عه‌لی زیاتر له 24 ساڵه له خانه‌كانی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی چاودێری و گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ك توێژه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ری خانه‌كان خزمه‌تی كردووه، ئێسته به‌رپرسی پڕۆژه‌ی خێزانی جێگره‌وه‌یه له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه /خێزانی جێگره‌وه منداڵی ناو خانه‌كان ده‌داته ئه‌و خێزانانه‌ی خوازیاری به‌خێوكردنی منداڵن/، تیشك ده‌خاته سه‌ر ئه‌و گرفتانه‌ی ڕووبه‌ڕووی ئه‌و منداڵانه ده‌بنه‌وه كاتێك ته‌مه‌نیان ده‌گاته 18 ساڵی و ده‌بێ خانه‌كان جێبهێڵن.
له دوای 18 ساڵ، منداڵی ناو خانه‌كان ئاگه‌دار ده‌كرێن كه ده‌بێ خانه‌كان جێبهێڵن، بۆیه له‌سه‌ر شه‌قام و شوێنه گشتییه‌كان و هوتێل ده‌خه‌ون.
محه‌مه‌د عه‌لی بۆ "وشه" روونی ده‌كاته‌وه، ئاگای له زۆربه‌ی منداڵه‌كان هه‌یه كه ئێسته گه‌وره بوون و ته‌مه‌نیان له سه‌رووی 19 ساڵ و تا 30 ساڵییه، ئێسته به گرووپ ده‌ژین، چونكه له‌ناو خانه‌كاندا به گرووپ ژیاون، فێری ئه‌و ژیانه بوون.
خانه‌كان نه‌یانتوانیوه منداڵ به‌شێوه‌یه‌كی رێك په‌روه‌رده بكه‌ن و هه‌ندێكیان ده‌بن به تاوانكار
''خانه‌كان به‌دیلی شه‌قامن، ئێمه له خانه‌كان پاراستوومانن تا تووشی كێشه نه‌بن، به‌ڵام فێری ئه‌وه‌مان نه‌كردوون چۆن ژیان بكه‌ن و له‌گه‌ڵ كێشه‌كانی ژیاندا ده‌ستوپه‌نجه نه‌رم بكه‌ن. قسه‌یه‌ك هه‌یه ده‌ڵێت: ماسیم بۆ مه‌گره، فێری ئه‌وه‌م بكه چۆن ماسی بگرم" محه‌مه‌د عه‌لی وایگوت.
وه‌ك ئه‌و به‌رپرسه ده‌یخاته‌ڕوو، توانیویانه ژیانی هاوسه‌رێتی بۆ چه‌ند كوڕ و كچێك پێك بێنین كه له‌ژێر چاودێری خۆیاندا بوون، بۆ ئه‌وه‌ی دوای ته‌مه‌نی 18 ساڵی ژیانیان به‌شێوه‌یه‌ك دابینكراو بێت و خێزانی خۆیان هه‌بێت.
له‌باره‌ی هه‌ندێك رووداوی دوای جێهێشتنی خانه‌كان، ئه‌و پیاوه به ئه‌زموونه به نیگه‌رانییه‌وه ده‌ڵێ، "به‌داخه‌وه چه‌ند دانه‌یه‌كیان به‌هۆی نادیار له ته‌مه‌نێكی گه‌نجدا مردوون، هه‌ندێكیان گرتووخانه‌یان بینیوه و هه‌ندێكیان بوونه‌ته تاوانبار و تلیاككێش و به‌و گرفته‌وه ده‌ناڵێنن" عه‌لی وای گوت.
ئه‌وه‌یشی خسته ڕوو "ئه‌گه‌ر ئه‌و منداڵانه بنچینه‌یه‌كی سه‌لامه‌تی باشیان هه‌بێت، زۆرباش ده‌بن، حه‌یفه له‌و ته‌مه‌نه گه‌نجییه كه 18 یان 19 ساڵن له ده‌ستیان بده‌ین، به‌ڵام بنچینه‌یه‌كی سه‌لامه‌تیان نییه و خێزانیان نییه بۆی بگه‌ڕێنه‌وه".
محه‌مه‌د عه‌لی ئاماری پڕۆژه‌كه‌ی خسته‌ڕوو كه له ماوه‌ی سێ ساڵی ڕابردوودا، 39 خێزان تۆمار كراون له پڕۆژه‌ی خێزانی جێگره‌وه‌دا، هه‌روه‌ها 18 خێزان په‌سه‌ند كراون و توانراوه ببنه خێزانی جێگره‌وه و 11 منداڵیش نێراونه‌ته ناو خێزانه جێگره‌وه‌كان.
به‌پێی ئاماری شه‌ش مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاودێری و گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵایه‌تی سلێمانی، 14 منداڵ، 12 كوڕ و دوویان كچن و ته‌مه‌نیان له سفر بۆ چوار ساڵیدایه، هه‌روه‌ها له 31 منداڵ ئێسته له ماڵی كوڕان و چوار منداڵ له ماڵی كچان ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی 18 منداڵیان گه‌ڕێنراونه‌ته‌وه ناو خێزانه‌كانیان یان دراون به خێزانی جێگره‌وه.
بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و گرفته، ئه‌و به‌رپرسه‌ی خێزانی جێگره‌وه، داواكاره پڕۆژه‌ی خێزانی جێگره‌وه فراوان بكرێت و خێزانه‌كان بێن به ده‌نگ پڕۆژه‌كه‌وه، ئاماده‌یی به‌خێوكردنی منداڵی گه‌وره‌یشیان هه‌بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی خێزانه‌كان داوای به‌خێوكردنی منداڵانی سه‌رووی چوار ساڵ ناكه‌ن، به‌ڵام پێویسته حكوومه‌ت وه‌ك وڵاتانی تر مانگانه بڕێك مووچه ته‌رخان بكات بۆ ئه‌و خێزانانه تا كوڕێكی گه‌وره یان كچێكی گه‌وره‌یان بۆ به‌خێو بكات، له‌به‌رئه‌وه‌ی ناكرێت تۆ پاره‌ی نه‌ده‌یتێ و پابه‌ندیشی بكه‌ی به كۆمه‌ڵێك مه‌رج و منداڵیشی پێ به‌خێو بكه‌یت.
به‌رپرسه‌كه‌ی پڕۆژه‌ی خێزانی جێگره‌وه به پێویستی ده‌زانێ حكوومه‌ت كارێك بكات خانه‌كان نه‌مێنن، ته‌نیا له عێراق و چه‌ند وڵاتێكی دواكه‌وتوو خانه‌كان هه‌ن و له وڵاتانی پێشكه‌وتوو نه‌ماون. له خانه‌كان جۆره منداڵێك گه‌وره ده‌بێت كه توانای خۆپاراستنی نییه، چوار ساڵ پێش ئێسته لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك كرا، بۆ هه‌ر مانگێكی منداڵێكی ناو خانه، زیاتر له ملیۆنێك دینار خه‌رجی هه‌یه، كه‌چی دواتر دارێكی بێ به‌رهه‌م ده‌بێت، یان دوای ته‌مه‌نی 18 ساڵی له خانه ده‌ری ده‌كه‌ن و له‌وانه‌یه تاوانبارێكی لێ ده‌ربچێت.
له به‌رانبه‌ردا محه‌مه‌د گومه‌شینی گوته‌بێژی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ، به"وشه"ی ڕاگه‌یاند، ئه‌و منداڵانه‌ی ده‌چنه خانه‌كان، به كۆمه‌ڵێك فلته‌ردا ده‌ڕۆن و به‌پێی یاسا و ڕێنوێنییه‌كانی وه‌زاره‌تی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی، له خانه‌كاندا ده‌مێننه‌وه، به‌پێی یاساكانی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤیش مافه سه‌ره‌تاییه‌كانی وه‌ك خوێندن و چاودێریكردنیان دابین ده‌كرێ و مافی بینینی خێزانه‌كانیان هه‌یه، ئه‌گه‌ر خێزانیان هه‌بوو.
وه‌ك گۆمه‌شینی ئاماژه‌ی پێ دا، ئه‌م بابه‌ته پێویستی به چاره‌سه‌ره، ئه‌م یاسایه‌ش پێویستی به گۆڕین و هه‌مواركردنه‌وه هه‌یه، چونكه ئه‌وان له‌ژێر چاودێری و پاراستندان، به‌ڵام ناكرێ دوای ئه‌و ته‌مه‌نه ئه‌م منداڵانه بێ شوێن و جێ بن و بخرێنه سه‌ر شه‌قام، ئه‌گه‌ر بێ سه‌رپه‌رشت و بێ شوێن بن، به‌دڵنیاییه‌وه به‌لاڕێدا ده‌برێن و تووشی تاوان ده‌بن و زیانیان بۆ خۆیان و كۆمه‌ڵگه ده‌بێت.
وشه/ به‌دواداچوونی ئاریان محه‌مه‌د