تووشبووانی ئیفلیجی مێشك لە هەولێر ژمارەیان هەزار كەسە

:: PM:02:57:06/10/2019 ‌

 

لە نەخۆشخانەی هێلینای هەولێر كە تایبەتە بە نەخۆشانی ئیفلجی مێشك، نزیكەی هەزار نەخۆش تۆمار كراون، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكەش رای دەگەیەنێت، ئەوانەی تۆمارن نەخۆشییەكەیان درێژخایەنە و پێویستیان بە چارەسەری بەردەوام هەیە.


دایكی بێخاڵ ماوەی سێ ساڵە بەدەست ئازارەكانی كچەكەی دەناڵێنێت بە هۆی ئەوەی لە نۆ مانگییەوە تووشی ئیفلیجی مێشك بووە. ئەو بۆ "وشە" گوتی، لە نەخۆشخانە حكوومییەكان خزمەتێكی باش پێشكەشی ئەوان ناكەن.
دایكی بێخال مانگانە 500 دۆلار دەدات بۆچارەسیەری منداڵەكەی
دایكی بێخاڵ بە هۆی ئەوەی كچەكەی بۆ چارەسەر دەباتە سەنتەرێكی تایبەت بە تووشبووانی ئیفلیجی مێشك، مانگانە نزیكەی 500 دۆلاری ئەمەریكی دەدات، هیوای هەیە لە داهاتوو كچەكەی چارەسەری تەواو وەربگرێت، بەڵام داواكارم حكوومەت لە نەخۆشخانە حكوومییەكان گرنگیان پێ بدرێت.


ئەمڕۆ یەكشەم شەشی تشرینی یەكەم، بە بۆنەی رۆژی جیهانی ئیفلیجی مێشك چەند چالاكییەك بەڕێوە چوو، هەژێن تەڵعەت بەڕێَوەبەری نەخۆشخانەی هێلینا لە لێدوانێكی بۆ "وشە" رای گەیاند، دەمانەوێت بەردەوام ئاستی هۆشیاری هاووڵاتییان لەم ڕووەوە بەرزتر بكەینەوە، چونكە لەناو كۆمەڵگای ئێمە بەچاوێكی تر سەیری ئەو كەسانە دەكەن، ئەوان لە كۆمەڵگا فەرامۆش كراون، لە شوێنە گشتییەكان كەمتر دەردەكەون، ئەمەش مانای وایە لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە پەراوێز خراون.


لەبارەی ژمارەی ئەو نەخۆشی ئیفلیجییەی مێشك، بەڕێوەبەری نەخۆشخانە گوتی، زیاتر لە هەزار نەخۆش تۆمار كراون كە نەخۆشییەكەیان درێژخایەنە و پێویستییان بە چارەسەركردنی بەردەوام هەیە، هەیانە بەشێكی جەستەی لە كار كەوتووە و بەشێكیان لەماڵەوە دایك و باوكیان ڕاهێنیان پێ دەكەن.


بەپێی زانیارییەكان، ژمارەی ئەو كەسانەی تووشی نەخۆشی ئیفلیجی بوون، نزیكە لە 17 ملیۆن كەس لە تەواوی دنیا، ئەمەش وەك مەترسی دەبینرێت.


بەپلەی یەكەم هۆكارە بۆ چارەسەری ڕێژەیەكی باش بۆ ئەو نەخۆشییە
مەهدی خالید پسپۆڕ لە نەخۆشییەكانی جومگەكان و چارەسەری سروشتی بۆ "وشە" ئەوەی خستەڕوو، ئەو كەسانەی تووشی ئیفلجی مێشك دەبن، ئەو كاتە روو دەدات كە منداڵەكە لە ناو سكی دایكیدایە دوای سێ ساڵ لە دایكبوون تووشی دەبن.


لەبارەی چارەسەرەكان ئەو پسپۆڕە گوتی، چارەسەرەكان جۆراوجۆرن، لەوانە دەرمانی كیمیایی یان چارەسەری سروشتی كە لە سەنتەرەكان دەكرێت، ئەوەیش بە پلەی یەكەم هۆكارە بۆ چارەسەری ڕێژەیەكی باش بۆ ئەو نەخۆشییە، هیچ چارەسەرێك بۆ ئەو نەخۆشییە لە دنیا %100 نییە ، بەڵام بەردەوامبوون لە چارەسەری سروشتی وای لێ دەكات بەشێكی كارەكانی خۆی بكات. هەروەها ئەو پزیشكە داواكارە دایكان و باوكان منداڵەكەیان فەرامۆش نەكەن.


لە ساڵی 2012 هاوپەیمانی ئیفلیجی مێشك لە ئوسترالیا و دەستەی ئیفلیجی مێشك لە ئەمەریكا ڕۆژی شەشی ئۆكتۆبەریان بە ڕۆژی جیهانی ئیفلیجی مێشك دیار كرد، بەو هۆیەوە ساڵانە چەندان چالاكی بەڕێوە دەچن.


 









وشە - زریان تەها