هه‌موو هۆكاره‌كانی سه‌رێشه‌ ئاشكرا بوون

:: PM:09:16:06/10/2019 ‌

باوترین نەخۆشی كە هیچ مرۆڤێك نییە تووشی نەبێت، بریتییە لە سەرئێشە، بەڵام هۆكاری ئەو نەخۆشییە تەنیا یەك دانە نییە، زانایان سەدان جۆر هۆكاریان لەبارەی ئەو نەخۆشییە دۆزیوەتەوە.

بەپێی توێژینەوە پزیشكییەكان، ئەگەرچی هۆكارەكانی سەرێشە زۆرن، بەڵام گرنگترینیان ئەمانەی خوارەوەیە كە دەبێ ڕەچاو بكرێن:

1-كەمخەوی: هەموو مرۆڤێك لە رۆژێكدا  پێویستە حەوت سەعات و نیو بخەوێت، كەمتر لەو ماوەیە، دەبێتە هۆی ئەوەی دووچاری سەرئێشە ببێتەوە‌ زۆرجار تەنانەت بە خواردنی دەرمانیش چارەسەر ناكرێت تا نەخەوێت.

2- دانیشتنی زۆر لە بەرانبەر كۆمپیتەر: بەكارهێنانی كۆمپیتەر بۆ ماوەیەكی درێژ بەبێ پشوو، مەترسی بۆ سەر تەندروستی دروست دەكات، بەجۆرێك وا دەكات ماسوولكەكانی چاو بەرەو گرژی و ئاستی بینینی لاواز بكات، ئەمەش دەبێتە هۆكاری تووشبوون بە سەرئێشە، بۆیە وا باشترە لە ساتەوەختی بەكارهێنانی كۆمپیتەر، ناوە ناوە، پشوو بدەیتە چاوەكانت.

ئه‌گه‌ر هۆكاره‌كانی سه‌رێشه‌ بزانی باشتر ده‌توانی خۆتی لێ بپارێزی

3-مانەوە لەبەر خۆر بۆ ماوەیەكی درێژ: هەرچەندە تیشكی خۆر سوودی هەیە، بەڵام مانەوە لەبەر خۆر بۆ ماوەیەكی درێژ، ئاو لە جەستەی مرۆڤ كەم دەكات، دواجار دەبێتە هۆی دروستبوونی سەرئێشە، بۆیە ئەگەر چوویتە بەر خۆریش، هەوڵ بدە ئاو زۆر بخۆیتەوە. 

4- نەخۆشی: هۆكارگەلێكی تر هەیە پێوەندی بە نەخۆشیی ئەندامەكانی تری مرۆڤەوە هەیە، بۆ نموونە  "بوونی لوو" لەناو سەردا، "كێشەی بینینی چاو"، ئەم جۆرە نەخۆشییانە دەبێتە هۆكاری سەرئێشەی بەردەوام، ئەگەر سەرئێشەكەت گەیشتە ئەو حاڵەتەی كە بەردەوامی هەبوو، ئەوا پێویستە بەزووترین كات سەردانی پزیشكی پسپۆر لەو بواردا بكەیت. 

5-بەدهەرسی: لەبەرئەوەی گەدە نوێنەری دابەشكردنی خۆراكە بۆ گشت ئەندامەكانی لەش، بۆیە ئەگەر كێشەیەك هەرسكردنی خۆراك لە ‌گەدەدا روو بدات، دەبێتە هۆكاری دروستبوونی سەرئێشە.

6- كێشانی جگەرە: وەك ئاشكرایە جگە له مەترسی بۆ سەر گیانی مرۆڤ، هیچ سوودێكی نییە، یەكێك لەو زیانانەش بریتییە لە هەوكردنی لووت كە كاریگەری راستەوخۆی هەیە لەسەر دروستبوونی سەر ئێشە.



وشە - كوردۆ شابان