تره‌مپ: به‌رده‌وامیى هاوكاریى هێزه‌ كوردییه‌كانی سووریا زۆرى تێ ده‌چێ

:: PM:06:14:07/10/2019 ‌
دۆناڵد تره‌مپى سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا داكۆكى له‌باره‌ى كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له‌  سووریا ده‌كات و ده‌ڵێ "به‌رده‌وامى له‌سه‌ر هاوكاریكردنى هێزه‌ كوردییه‌كانى هاوپه‌یمانى ئه‌مه‌ریكا زۆرى تێ ده‌چێ".

 ئه‌مڕۆ دووشه‌م، حه‌وتى تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ر، ئاژانسى "رۆیته‌رز"ی به‌ریتانی ئاماژه‌ى بۆ چه‌ند توویتێكى دۆناڵد تره‌مپ كردووه‌ كه‌ داكۆكى له‌ بڕیارى كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا ده‌كات له‌ سه‌ر سنووره‌كانى توركیا له‌ رۆژئاواى كوردستان.

 تره‌مپ ده‌ڵێ "كورده‌كان له‌گه‌ڵ ئێمه‌ جه‌نگان، به‌ڵام بڕه‌ پاره‌ى زۆر و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نى بێ شوماریان وه‌رگرتووه‌، ئه‌وانیش چه‌ندان ده‌یه‌یه‌ له‌گه‌ڵ توركیا شه‌ڕ ده‌كه‌ن".

تره‌مپ: كورد پاره‌ و چه‌كى زۆریان له‌ ئێمه‌ وه‌رگرتووه‌
ده‌رباره‌ى پرسى كوردیش دۆناڵد تره‌مپ ده‌ڵێ "ئێسته‌ كاتى ئه‌وه‌ هاتووه‌ توركیا و ئه‌وروپا و سووریا و ئێران و عێراق و رووسیا و كورده‌كان بارودۆخه‌كه‌ یه‌كلا بكه‌نه‌وه‌".

 به‌یانى ئه‌مڕۆ هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌ر دوو ناوچه‌ى سه‌رێكانى و گرێسپى له‌ نزیك سنوورى توركیا كشانه‌وه‌ ئه‌مه‌یش ناڕه‌زایى هه‌سه‌ده‌ لێ كه‌وته‌وه‌، چونكه‌ خۆى به‌ هاوپه‌یمانى ئه‌مه‌ریكا ده‌زانێت.

 كۆشكى سپى راىگه‌یاند كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا پێوه‌ندى به‌ ئۆپراسیۆنێكى سه‌ربازى توركیاوه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ریكا نه‌ پاڵپشتى ئۆپراسیۆنه‌كه‌ ناكات.
 


وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل