پێنج ساڵە هیچ مامەڵەیەك بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان نەكراوە

:: PM:09:13:07/10/2019 ‌
ساڵانێكە هیچ مامەڵەیەكی نوێی مووچە بۆ كەمئەندام و سوودمەندانی تۆڕی پاراستنی خێزان ئەنجام نەدراوە، ئەوەیش كەمئەندامانی هێناوەتە دەنگ، بەرپرسێكی سەر بە وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتیش دەڵێ، وەزارەتمان لەو گرفتە ئاگادار كردووەتەوە.

رەحمان ئەحمەد بەرپرسی لقی گەرمیانی كۆمەڵەی ڕۆژ بە "وشە"ی راگەیاند، لە دوای ساڵی 2014وە هیچ مامەڵەیەكی كەمئەندامی بۆ ئەو كەسانە نەكراوە كە كەمئەندام بوونە بەهۆی ڕووداوەكانەوە.

راگرتنی مامەڵەی كەمئەندامی بارگرانی بۆكەمئەندامان دروست كردووە
ڕوونیشی كردەوە كە راگرتنی مامەڵەی كەمئەندامی بارگرانی بۆكەمئەندامان دروست كردوە، چونكە تا ئێستە لە گەرمیان و هەرێمی كوردستان تەنیا ئەو كەمئەندامانە مووچە و هاوكاری دەكرێن كە پێش 2014 و ساڵانی رابردوو مامەڵەیان بۆ كراوە.

لای خۆیەوە سەلاح  حەسەن بەڕێوەبەری تۆڕی پاراستنی خێزان لە بەرێوەبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی گەرمیان، بە "وشە"ی راگەیاند، راگرتنی مامەڵەی كەمئەندامان لە ساڵی 2014وە تا ئێستە گرفتی زۆری بۆ ئەو كەمئەندامانە دروست كردووە كە لەم ساڵانەدا كەمئەندام بوون یا بە كەمئەندامی لەدایكبوون.

هەروەك ئاماژەی بەوە كرد، ئەوان وەك بەرێوەبەراتییەكی سەر بە وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وەزیریان كاروكاروباری كۆمەڵایەتیان لەوگرفتە ئاگادار كردووەتەوە و هەوڵ هەیە بۆ كردنەوەی مامەڵە بۆكەم ئەندامان سوودمەندانی تۆڕی چاودێری خێزان.


گەرمیان /سەبری هۆرێنی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم