ڕۆژنامه‌ی "واشنتن پۆست"ی ئه‌مه‌ریكی چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له ژێر ناونیشانی "سه‌رۆكی كورده‌كان: كوردستانی سه‌ربه‌خۆ نه ده‌نگۆیه نه خه‌ون" بڵاو كردووه‌ته‌وه و تێیدا بارزانی ده‌ڵێ، ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان نه خه‌ونه و نه ده‌نگۆیه، به‌ڵكو ئامانجێكه و ده‌ست به هه‌نگاوی كرده‌یی ده‌كه‌ین بۆ هێنانه دی، هاوكات باس له‌وه‌ش ده‌كات كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره بوو و ده‌ڵێ، ئه‌گه‌ر ژماره‌یه‌كی سنوورداری هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكاش له عێراق بمابایه‌وه، ئه‌وا داعش نه‌یده‌توانی مووسڵ و ڕومادی داگیر بكات. مانه‌وه‌ی سه‌ربازانی ئه‌مه‌ریكا له كوردستان به‌پێویست ده‌زانێ و ناردنی چه‌كی قورسیش به پێویستییه‌كی گرنگتر. باس له‌وه‌ش ده‌كات، به ڕزگاركردنی مووسڵ تیرۆر له عێراق كۆتای نایه‌ت و ئه‌وانه‌شی له‌و باوه‌ڕه‌دان له وه‌همدان.
واشنتن پۆست نووسیویه‌تی، یه‌كێك له یاریكه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی شه‌ڕی دژ به تیرۆر، سه‌ركرده‌ی ناوچه‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری كوردستان له باكوری عێراق "مه‌سعوود بارزانی" ئه‌وان شه‌ڕی تیرۆریستان ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی تری عێراق، بارزانی هه‌فته‌ی ڕابردوو له داڤۆسی سویسڕا بۆ واشنتن پۆست دوا.
واشنتن پۆست: چیتان له حكوومه‌تی نوێی ئه‌مه‌ریكا به‌سه‌رۆكایه‌تیی تره‌مپ له واشنتن ده‌وێ؟
بارزانی: كوردستان پێشبینی هاوكاری و به‌رده‌وامی زیاتری هاوكارییه‌كان ده‌كات.
واشنتن پۆست: ئه‌مه مانای به‌خشینی چه‌كی قورسه به هێزه‌كان، یان جۆری ئه‌و هاوكارییه چۆنه به بۆچوونی ئێوه؟
بارزانی: هه‌موو جۆره هاوكارییه‌كی سه‌ربازی و سیاسی.
واشنتن پۆست: جۆری پشتیوانییه سه‌ربازییه‌كان چین؟
بارزانی: ئه‌وه‌ی گرنگه بۆ ئه‌و هێزانه‌ی له هێڵی پێشه‌وه‌ی جه‌نگن و پێویستیان پێیه‌تی، هه‌روه‌ها مه‌شق و بنیادنانی تواناكان، تا ئێسته تانك و تۆپهاوێژ پێشكه‌ش نه‌كرا، به‌ڵام ئێمه له ڕاستیدا پێویستمان پێیه‌تی.
واشنتن پۆست: ئێسته ئێوه پشتیوانی ئاسمانی و بۆردمانی فڕۆكه‌كانی ئهمهریكاتان هه‌یه؟
بارزانی: به‌ڵێ پشتیوانی و بۆردمانی ئاسمانی زۆر باشن و سوودی زۆریان هه‌بووه.
واشنتن پۆست: ئه‌ی مه‌شق و ڕاهێنان؟
بارزانی، به‌ڵێ ئه‌ویش ڕاسته.
واشنتن پۆست: ئه‌ی هه‌ماهه‌نگی هه‌واڵگری؟
بارزانی: هاوكاری هه‌واڵگری له نێوان ئاژانسه‌كان و ئه‌مه‌ریكا هه‌یه.
واشنتن پۆست: شه‌ڕی مووسڵ چه‌ندی تر درێژه ده‌كێشێت تا ڕزگار بكرێ؟
بارزانی: به درێژایی 100 كیلۆمه‌تر هێڵی پێشه‌وه و به‌رگری تیرۆریستان له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه له تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری ڕابردوو تێك شێكنرا و هێزه‌كانی عێراق له‌وێوه به‌ره‌و مووسڵ پێشڕه‌وییان كرد، سوپای عێراق كاری باشی كردووه، هه‌رچه‌ند شه‌ڕه‌كه قورس و خوێناوییه، له ڕۆژانی داهاتوودا به‌شی ڕۆژهه‌ڵاتی شاره‌كه كۆتای دێ و ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه به‌شی ڕۆژئاوایهتی، به‌گوێره‌ی لێكدانه‌وه‌كان كارێكی قورسه و ئه‌ركه‌كان قورس‌تر ده‌بن، به‌ڵام تیرۆریستان به‌رده‌وامن له لاوازبوون.
واشنتن پۆست: ئه‌و خه‌ڵكه‌ی ئێسته له نێو مووسڵدان زۆرینه‌یان سوننه‌ن؟
بارزانی: به‌ڵێ، ئه‌و خه‌ڵكه‌ی ئێسته له مووسڵن سوننه‌ن.
واشنتن پۆست: شاره‌زایان له‌باره‌ی چاره‌نووسی سوننه‌كانی عێراق نیگه‌رانن، هاوكات له میلیشیاكانی شیعه‌ش ده‌ترسن، له ئه‌گه‌ری چوونیان بۆ ئه‌و ناوچانه له‌وكاته‌ی شاره‌كه ئازاد ده‌كرێته‌وه؟
بارزانی: ڕێككه‌وتن هه‌یه كه چه‌كدارانی شیعه نه‌چنه ناو شاره‌كه، تا ئێسته‌ش نه‌ڕۆیشتوون و ته‌نیا سوپا و پۆلیسی فیدراڵی له‌وێن.
واشنتن پۆست: كه‌وتنی تیرۆریستان له مووسڵ واته كۆتای داعش له عێراقدا؟
بارزانی: ئه‌وه وه‌همێكه ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان وایه ڕزگاركردنه‌وه‌ی مووسڵ واته كۆتای داعشه له عێراق، ڕه‌نگه داعش ببێته‌وه به قاعیده، یان ڕێكخراوی تیرۆر، هه‌روه‌ها ڕه‌نگه بمێنێته‌وه و كرده‌ی نهێنێ و تیرۆریستی له ناوچه‌كه به‌رده‌وامی هه‌بێت.
واشنتن پۆست: سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مه‌ریكا ده‌ڵێ، ئێمه ده‌چین و تیرۆریستان له‌ناو ده‌به‌ین، چۆن له‌مه ده‌ڕوانن؟
بازرانی: ئێمه ده‌توانین و ئاماده‌ین هه‌ماهه‌نگ بین له‌گه‌ڵیدا و كار بكه‌ین له پێناوی له‌ناوبردنی داعش، به‌ڵام ئه‌مه كارێكی ئاسان نییه، به‌ڵام ئێمه له‌گه‌ڵیداین بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و ئه‌ركه.
واشنتن پۆست: ئایا ده‌كرێ؟
بارزانی: جه‌نگه‌كه ته‌نیا سه‌ربازی نییه، به‌ڵكو پرسێكی ئایدلۆژیشه، واته لایه‌نه‌كانی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتووری ده‌گرێته‌وه، جه‌نگێكی فره‌جه‌مسه‌ره، پێویستی به هه‌وڵی به كۆمه‌ڵ و سه‌ركردایه‌تی ئه‌مه‌ریكا هه‌یه.
واشنتن پۆست: ئایا پێشوازی له هه‌ڵبژاردنی تره‌مپ ده‌كه‌ن؟ به‌و شێوه‌یه ده‌یبینن كه سه‌ركرده‌ی به‌هێزی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانه؟
بارزانی: هیوادارین سه‌ركه‌وتوو بێ، به دڵنیایییه‌وه ئه‌مه ئیراده‌ی گه‌لی ئه‌مه‌ریكایه.
واشنتن پۆست: ئایا ده‌تانه‌وێ بوونی سه‌ربازانی ئه‌مه‌ریكا له كوردستان به‌رده‌وام بێت؟
بارزانی: پێشوازی له‌مه ده‌كه‌ین، چونكه ئه‌مه هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی یه‌كتره له پێناوی ڕێگری له گه‌شه‌كردنی تیرۆر.
واشنتن پۆست: تۆ نیگه‌رانی له‌وه‌ی دوای مووسڵ، ئه‌مه‌ریكا له عێراق بكشێته‌وه؟
بارزانی، به‌هیوام ئه‌مه‌ریكا جارێكی تر ئه‌و هه‌ڵه‌یه دووباره نه‌كاته‌وه، به سه‌ركرده‌كانی ئه‌مه‌ریكام گوت، كه له ساڵی 2010 و 2011 له عێراق بوون، گوتم ئه‌گه‌ر له عێراق بكشێنه‌وه، ئه‌و ده‌رفه‌ت به‌وه ده‌ده‌ن تیرۆر گه‌شه بكات، ئه‌گه‌ر ژماره‌یه‌كی سنوورداری هێزه‌كانیش بمابانه‌وه، داعش نه‌یده‌توانی ڕومادی و مووسڵ كۆنتڕۆڵ بكات.
واشنتن پۆست: ئێران له كوردستان چه‌ند به‌هێزه؟
بارزانی: ئێران پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حزبه سیاسییه‌كانی هه‌یه كه له حكوومه‌ت و ده‌ره‌وه‌ی حكوومه‌تن.
واشنتن پۆست: ئایا ئێران پێگه زۆره‌كه‌ی به‌جێ ده‌هێڵێت له عێراقدا؟
بارزانی: ئه‌مه ڕاستییه، ئێران له هه‌ر كه‌سێكی تر پێگه‌ی زیاتری له عێراق هه‌یه.
واشنتن پۆست: ئایا ئه‌مه له ئه‌نجامی ئه‌و شه‌ڕه بوو كه ئه‌مه‌ریكا دژی سه‌دام حوسێن به‌رپای كرد؟
بارزانی: كۆمه‌ڵێك هه‌ڵه له واقیعدا ئه‌نجام دراون، زۆرێك له خه‌ڵك ده‌ڵێن بڕیاری ئه‌مه‌ریكا بۆ شه‌ڕ دژی عێراق و لادانی ڕژێمی سه‌دام حوسێن بڕیارێكی هه‌ڵه بوو، به پێچه‌وانه‌وه باشترین بڕیار و مرۆییترین بڕیار بوو، به‌ڵام هه‌ڵه‌كه لێره‌یه كه هاوپه‌یمانان و ئه‌مه‌ریكا ئه‌نجامه‌كانی كۆنگره‌ی له‌نده‌نیان له دیسێمبه‌ری 2020 له‌به‌رچاو نه‌گرت، كاتێك ئۆپۆزسیۆن ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ڕێگه‌ی سه‌ركردایه‌تیكردنی وڵاته‌كه دا، به‌ڵام هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا خودی خۆیان له هێزێكی ڕزگاركه‌ره‌وه بۆ هێزێكی داگیركه‌ر گۆڕی.
واشنتن پۆست: به‌شێوه‌یه‌كی ورد و نزیك له‌گه‌ڵ توركیا نه‌وت هه‌نارده ده‌كه‌ن؟
بارزانی: به‌ڵێ ئه‌مه ڕاسته و ئێسته‌ش به‌رده‌وامه.
واشنتن پۆست: حكوومه‌تی ناوه‌ندی به‌غدا له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌دا نییه و ئه‌مه‌ی ناوێت؟
بارزانی: هیچ گونجاو نییه بۆ به‌غدا سكاڵا و ڕه‌خنه له‌مه بگرێ، له‌كاتێكدا به‌غدا به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی و نا ده‌ستووری بڕیاری بڕینی بودجه‌ی ئێمه داوه، ئه‌مه‌ش تاكه ڕێگه‌یه كه ئێمه بڕیار بده‌ین بۆ هه‌نارده‌كردنی نه‌وت، به‌ر له‌وه‌ی بودجه‌مان بۆ نه‌نێردرێ، ئێمه هیچ نه‌وتێكمان هه‌نارده نه‌كردووه له ڕێی توركیاوه.
واشنتن پۆست: كاتێك توركیا بۆردمانی كورده‌كانی سووریا ده‌كات، ئه‌مه بۆ ئێوه هه‌ڵوێستێكی ناخۆش نییه؟
بارزانی: نه‌خێر ئه‌و دوو پرسه پێوه‌ست نین به یه‌كه‌وه.
واشنتن پۆست: قسه هه‌ن خه‌ونی تۆ ئه‌وه‌یه ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان ڕابگه‌یه‌نرێ، ئایا سه‌ربه‌خۆیی ڕاده‌گه‌یه‌نیت؟
بارزانی: ئه‌مه نه خه‌ونه نه ده‌نگۆ، به‌ڵكو واقیعێكه و دێته دی، ئێمه هه‌موو شت ده‌كه‌ین له پێناوی به‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجه، به‌ڵام به ئاشتی و بێ توندوتیژی.
واشنتن پۆست: چه‌ند كاتی پێویسته بۆ هاتنه دی؟
بارزانی: ئێمه هه‌موو هه‌وڵی خۆمان ده‌خه‌ینه گه‌ڕ بۆ هاتنه دی ئه‌و ئامانجه له نزیكترین كاتدا، ئێسته كاتی هاتووه و كاتێكی گونجاوه بۆ گرتنه‌به‌ری هه‌نگاوی كرده‌یی، شه‌ش ملیۆن كورد له ناوچه‌یه‌ك ده‌ژین كه پێی ده‌گوترێ كوردستان، نه‌ك باكوری عێراق.
واشنتن پۆست: باوكت، مسته‌فا بارزانی، یه‌كێك بوو له سه‌ركرده ناوداره‌كانی كورد بۆ ئه‌مه هه‌وڵی ده‌دا؟
بارزانی: ئه‌و سه‌ركردایه‌تی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كوردی ده‌كرد، منیش له ته‌مه‌نی 16 ساڵییه‌وه بووم به پێشمه‌رگه و تا ئێسته‌ش پێشمه‌رگه‌م، هیچ گوند و شاخ و دۆڵێكی كوردستان نه‌ماوه پێیدا نه‌ڕۆیشتبم، ئه‌مڕۆ هه‌موو هه‌وڵی من بۆ ئه‌وه‌یه ده‌وڵه‌تی كوردی دابمه‌زرێ، من هیچ ئه‌رك و هه‌ڵوێستێكی سیاسیم نییه، جگه‌له هه‌وڵدان بۆ هێنانه دی ئه‌و ئامانجه.
واشنتن پۆست: چۆن له دۆخی سووریا و داعش ده‌ڕوانن؟
بارزانی: هیچ ڕوون نییه كی دۆستی یه‌كتره و كێ دوژمن، نه هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له سووریا، نه ئیئتیلافی ئۆپۆزسیۆن، هه‌مووان ئاڵۆزن، من تێناگه‌م چی ڕوو ده‌دات، ئه‌وه‌ی ڕوونه ته‌نیا ئه‌وه‌یه ڕێككه‌وتن له نێوان واشنتن و مۆسكۆ له‌وباره‌وه هه‌یه.
واشنتن پۆست: بۆچوونی تۆ له‌باره‌ی ڕۆڵی ڕووسیا چییه؟ ئه‌و ئێسته هێزێكی گرنگه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست؟
بارزانی: ڕووسیا ده‌زانێ چۆن یاری ده‌كات، ئه‌و ده‌زانێ چی ده‌وێت و له سه‌ره‌تاوه‌ش ئه‌مه ڕوون بوو، ئه‌وان تێگه‌یشتنی ڕوون و به‌رچاوڕوونی ته‌واویان هه‌بوو، به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت و ئامانجی خۆیان دیاری كردبوو.
واشنتن پۆست: ده‌یه‌وێ هه‌ژموون به‌سه‌ر ناوچه‌كه بسه‌پێنێت؟
بارزانی: من له‌و باوه‌ڕه‌دا نیم ئه‌وان بیانه‌وێ به‌سه‌ر ته‌واوی سووریا زاڵ بن، به‌ڵام به‌شێك له سووریا گرنگه بۆ ئه‌وان، بۆیه به سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره به‌رگری لێ ده‌كه‌ن و ده‌یپارێزن.
واشنتن پۆست: هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌مه‌ریكاش به‌هێزه له‌وێ؟
بارزانی: له‌و باوه‌ڕه‌دام كه هه‌ڵویستی ئه‌مه‌ریكا له‌باره‌ی سووریا ڕوون نییه و به‌هێزیش نییه.
واشنتن پۆست: ئایا تۆ هیچ ئاماژهیهكت بۆ ڕووسه‌كان ناردووه؟
بارزانی: به دڵنیایییه‌وه.