ڕاگەیەنراوێك لە حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە

:: PM:08:06:08/10/2019 ‌
حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەبارەی دۆخی ڕۆژئاوای كوردستان نیگەرانیی خۆی لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرا كرد و ڕای گەیاند، حكوومەت بەردەوام لە نزیكەوە چاودێریی دۆخەكە دەكات.

لە بەیاننامەكەدا كە ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەم هەشتی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر بڵاو كراوەتەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان نیگەرانیی زۆری خۆی بەرانبەر بڕیاری كشاندنەوەی هێزەكانی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە ناوچەی ئارامی باكوری رۆژهەڵاتی سووریا و ئەو راپۆرتانەی باس لە ئەگەری هێرشی تاكلایەنەی توركیا بۆ ئەو ناوچەیە دەكەن دەردەبڕێت.

دەرەئەنجامەكانی هەر گرژبوون و پێشهاتێكی سەربازی، كاریگەری بۆ دەرەوەی سنووری سووریاش دەبێت
حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوا لە توركیا دەكات، وەك ئەندامێكی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە شەڕی دژ بە تیرۆر، هیچ هەنگاوێك نەهاوێژێت كاریگەریی نەرێیی لەو پێشكەوتنە بكات كە لە شەڕی دژی داعشدا بەدی هاتووە و مەترسی لە كۆنترۆڵدەرچوونی چەكدارە تیرۆریستە دەستگیركراوەكان هەبێت.

پێویستە كێشەكان رێگەچارەیەكی سیاسیی گشتگیریان بۆ بدۆزرێتەوە
"دەرەئەنجامەكانی هەر گرژبوون و پێشهاتێكی سەربازی، كاریگەری بۆ دەرەوەی سنووری سووریاش دەبێت و لەوانەیە دۆخێك دروست بكات ببێتە هۆی گەڕانەوەی داعش و ئاوارەبوونی ژمارەیەكی زۆری خەڵك، بۆیە زۆر پێویستە هەموو لایەنەكانی كێشەكە، بە هێزە كوردییەكانیشەوە، لە رێگەی گفتوگۆ و دایەلۆگەوە دۆخەكە هێور بكەنەوە" لەبەیاننامەكەدا وا نووسراوە.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتی دەكاتەوە، پێویستە كێشەكان رێگەچارەیەكی سیاسیی گشتگیریان بۆ بدۆزرێتەوە كە مافەكانی هەموو هاووڵاتییانی سووریا و لە نێویشیاندا كورد پارێزراو بن.

هەروەك ئاماژە بەوە كراوە، هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش، قوربانییەكی زۆری داوە و ئێستەیش میوانداریی ملیۆنێك و سەد هەزار ئاوارە و دەربەدەر دەكات كە زۆربەیان لە دەست ئەو تەنگژانەوە پەنایان بۆ هەرێمی كوردستان هێناوە. ئەركی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشە رێگا لە دروستبوونی لێشاوێكی تری ئاوارەبوون بگرێت.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كاتێكدا بەردەوام لە نزیكەوە چاودێری دۆخەكە دەكات، لە رێی چەندان كەناڵیشەوە كار لەسەر ئەو پرسە دەكات.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم