شێوەكارێك لە رۆژی لە دایكبوونی بەتابلۆكانی یارمەتی بۆ تووشبووانی شێرپەنجە كۆ دەكاتەوە

:: AM:09:53:09/10/2019 ‌

سەعادەت مووسا شێروانی، شێوەكار كە هەفتەی رابردوو پێشنگایەكی كردەوە لە هەولێر و داهاتەكەی بۆ نەخۆشخانەكانی شێرپەنجەیە، لەم دیمانەیەی "وشە" باس لە بەرهەمەكانی خۆی و دواین پێشانگەی دەكات كە لە هەولێر كردوویەتیەوە.

لە كەیەوە خولیای شێوەكاری بووی؟

لە منداڵییەوە خولیام كوتووەتە سەر شێوەكاری و لە تەمەنی 13 ساڵ دەستم پێ كردووە. لە تەمەنی 15 ساڵیدا مامۆستای تایبەتم گرتووە بۆ ئەوەی فێری هونەری شێوەكاریم بكات، دواتر پەیمانگەی هونەرە جوانەكانم لە رۆژهەڵات تەواو كرد، پاشان هاتمە باشووری كوردستان و بەشی وەرگێڕانی ئینگلیزیم لە زانكۆی سەڵاحەدین تەواو كرد.

لە نێوان وەگێڕان و شێوەكاری، بۆچی بایەخت كەوتە سەر شێوەكاری؟

هونەر لە سەرووی هەموو شتێكەوەیە، بۆیە زۆر ئارەزووی دەكەم، ماوەی 15 ساڵە كاری هونەریی دەكەم، بۆیە پێویست ناكات هونەرمەندی شێوەكار تابلۆكانی بكاتە قوربانی هیچ شتێك، چونكە تابلۆ گەورەترە لەوەی بیری لێ دەكەیتەوە، شێوەكاری كارێكی پیرۆزە.

ئەو بیرۆكەیە لە كوێوە هات كە داهاتی پێشانگەكەت بۆ تووشبووانی شێرپەنجە بێت؟

ماوەی دوو ساڵە پلان دادەنێم تا لە ڕۆژی لەدایكبوونم سوپرایزێك بۆ تووشبووانی شێرپەنجە بكەم، ئەوەبوو پێشانگەی "ژن و ژین"م كردەوە، ئەوە كارێكە لەپێناو مرۆڤایەتی و پێویستە لەسەر هەموو مرۆڤێك ئەوەی هەیەتی بیبەخشێت، بۆیە منیش بەم شێوەیە دەیبەخشم.

پێشنگەكەت لە هوتێلێكی گرانبەها كردووەتەوە، ئایا شوێنەكە كاریگەری هەبووە لەسەر فرۆشی تابلۆكان؟

نزیكەی 10 تابلۆم فرۆشراوە و شوێنەكە كاریگەری ئەوتۆی نەبووە، بۆیە بەنیازم لە چەند مانگی داهاتوو پێشانگایەكی گەورەتر بكەمەوە.

ئەوەیان چەندەمین پێشانگەیە لە هەرێمی كوردستان دەیكەیتەوە؟

بەمەوە پێنجەمین پێشانگەی تایبەتیم لە هەرێمی كوردستان كراونەتەوە، لە زانكۆی جیهان و لە چوارەمین فیستیڤاڵی هونەری لە هەولێر و لە پیرمام، هەروەها لە پەیمانگەی تەكنیكی ئاكرێ پێشانگەم كردووەتەوە و دواین پێشانگەشم هەر لە هەولێر بووە.
  
  



وشە - زریان تەها