بەبەراورد بەساڵی رابردوو، ئەمساڵ لە سنووری شارۆكەی پێنجوێن، بەرهەمی "ترشە سماق" رووی لە زیادبوون كردووە و بۆتە هۆكارێكی بژێویی و پەیداكردنی داهات.
ئەحمەد عوسمان، جووتیاری بەئەزموون و خاوەنی داری سماق لە پێنجوێن بە "وشە"ی راگەیاند، هەڵكەوتەی جوگرافی و گونجاویی رەوشی كەشوهەوا وایكردووە چەندین داری سرووشتی لە پێنجوێن بڕوێن، یەكێك لەوانە ترشە سماق.
زیاتر روونی دەکاتەوە، داری ترش، درەختێكە بەرزییەكەی لە مەترێكەوە تا دوو مەتر دەبێت و بۆڵ بۆڵ سماق دەگرێت، هەموو سەرپەلەكانی،= بۆڵێكی پێوەیە، سوور دەبێتەوە و لەدوای مانگی هەشتەوە وردە وردە لە ناوچەكەمان پێدەگات.
ئەمساڵ بە هەزاران تەن ترش بەرهەم هاتووە
"لەدوای ساڵی 1991 كە دوای راگوێزانی دانیشتووان و هاووڵاتییانی پێنجوێن لەلایەن رژێمی پێشووی بەعسەوە كاتێك گەڕاونەتەوە بۆ دەڤەری پێنجوێن، ئاشنای ترش بوون و تاوەكو ئێستاش لە زۆربەی ماڵ و رێگا گشتییەكاندا داری ترش هەیە" ئەحمەد عوسمان وای گوت.
ئەو خەڵكانەی باخیان هەیە خۆیان ترش لێدەكەنەوە، ئەوەشی كە باخی نییە، دەچێتە بەرزایی و شاخ و هەردەكان كە خاوەنیان نییە و دارەکان خۆڕسکن.
ئەو جووتیارە باس لەوەیش دەکات، بەشێك بۆ خواردن و بەشێكی تریش وەك سەرچاوەیەكی پەیداكردنی داهات و بژێوی ترش دەکات، رێژەی ئەمساڵیش زۆر زیاترە لە پار، چونكە پار زۆربەی داری ترشەكان وشك بوون و بەرهەمیان كەم بوو، بەڵام ئەمساڵ دەتوانین بڵێین بە هەزاران تەن ترش بەرهەم هاتووە.
وەک ئاماژەی پێ دەدات، بەشێك لە دار ترشەكان لەو شوێنانەن كە مینی لێیە و ئەوەش مەترسی بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییان دروستكردووە و دوای كۆكردنەوەی دەكرێتە فەردە و رۆژانە لەبەر هەتاودا دادەنرێت تا ترشەكە بەتەواوی بۆ خواردن دەشێت.
پێنجوێن ناوچەیەكی كوێستانییە و نزیكەی 1312 مەتر لەئاشتی دەریاوە بەرزە و گونجاوە بۆ زۆربەی بەرهەمە كشتوكاڵییە دەستكرد و خۆڕسكەكان.
پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی