رێوشوێنی توند بۆ پاسەکانی گواستنەوەی قوتابیيان دەگیرێتە بەر

:: PM:12:32:09/10/2019 ‌
بەرپرسێکی ڕێكخراوەكانی سەلامەتی هاتوچۆ ئاشكرای دەكات، دوو جار بەرپرسانی هاتوچۆی هەرێمی كوردستانمان ئاگەدار كردووەتەوە كە لەکاتی سەرپێچیکردنیان ڕێكاری توند بەرانبەر پاسی گواستنەوەی قوتابیان بگرنە بەر.

ئەمڕۆ چوارشەم نۆی تشرینی یەكەم، زیاد محەمەد سەرۆكی ڕێكخراوی سەلامەتی "هاتوچۆ بۆ هەموان" بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە ماوەی یەك مانگدا دوو جار سەردانی بەرپرسانی هاتوچۆمان كردووە بۆ ئەوەی كاری پاسەكان ڕێكبخرێتەوە بۆ گواستنەوەی قوتابیان.

بەهۆی چەند پێكدادان و بەربوونەوەی منداڵ لە پاسەكان 28 قوتابی بریندار بوون 

ڕوونی كردەوە، ساڵی ڕابردوو لە هەرێمی كوردستان بەهۆی چەند پێكدادان و بەربوونەوەی منداڵ لە پاسەكان 28 قوتابی بریندار بوون، بۆیە پێویستە ڕێگری لێبكرێت.

باسی لەوەشكرد، بەرپرسانی هاتوچۆ پێیان ڕاگەیاندووین لە شەقامە سەرەكییەكان هەر شوفێرێکی پاس ڕێگە بدات بەكردنەوەی جامی پاسەكان و مینی پاسەكان و قوتابی سەری بێنێتە دەرەوە، ئەو شوفێرە سزا دەدرێت و ئاراستەی دادگا دەكرێت و تا ئاستی دەستگرتن بەسەر پاسەكەش هەنگاو دەنرێت.



وشە - رامیار جەواد

ئه‌م بابه‌ته 2096 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌