تا 50% نرخی خوێندن دادبەزێ و دەرماڵەش بە قوتابیانی زانكۆ دەدرێت

:: PM:04:28:09/10/2019 ‌
هەوڵەكان بۆ دابەزاندنی نرخی خوێندن لە زانكۆكانی پاڕالێل و ئێواران و تایبەتەكان بەردەوامی هەیە، هاوكاتی ئەوەش لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان لە هەوڵدایە بۆ گەڕاندنەوەی دەرماڵەی قوتابیان. گەلاوێژ عوبێد بڕیاردەری لیژنەكە دەڵێ، وەزارەتی خوێندنی باڵا گەڕانەوەی دەرماڵە لەگەڵ وەزارەتی دارایی تاوتوێ دەكات.

لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پەرلەمانی كوردستان، لەسەر پرسی كەمكردنەوەی نرخی خوێندن لە زانكۆكانی پاڕالێل و ئێواران و تایبەتەكان، گەڕانەوەی دەرماڵە و چەند پرسێكی تر لەگەڵ ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دوێنێ سێشەم هەشتی تشرینی یەكەم كۆبوونەوە.

دكتۆرە گەلاوێژ عوبێد بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا بە "وشە"ـی راگەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار درا خوێندنی پاڕالێل نرخەكەی بە رێژەی 45% كەم بكرێتەوە، هاوكات خوێندنی ئێواران و زانكۆ و كۆلیژە ئەهلییەكان بە جێگیری 25% لە نرخەكانیان كەم دەكرێنەوە، بۆ هەندێك بەش تا 50% نرخیان دادەبەزێت، گوتی "ئەو دوو بڕیارە لە كۆبوونەوەكە دراوە و تەنیا قوتابیانی قۆناغی یەكەم لێی سوودمەند دەبن و بۆ خوێندنی ئەمساڵ جێبەجێ دەكرێن".

ساڵانە وەزارەتی خوێندنی باڵا پێویستی بە شەش ملیار دینار هەیە تا دەرماڵە بۆ قوتابیان دابین بكات
پێوەند بە درەماڵەی قوتابیان كە ماوەی چەند ساڵێكە لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە پاساوی تەنگژەی دارایی و ئابووری بڕاوە، بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا روونی كردەوە، ئەو پرسە لە كۆبوونەوەكە تاوتوێ كرا، چەند پێشنیارێكیش هەبوون لەوانە دانانی سندووقێكی تایبەت، گوتی "وەزارەتی خوێندنی باڵا درەخستەیان ئامادە كردووە كە چەندیان پێویستە تا دەرماڵە بە قوتابیان بدەن، ئەو پرسەش لەگەڵ وەزارەتی دارایی تاوتوێ دەكەن".

بەگوێرەی زانیارییەكانی دەست "وشە" كەوتووە، ساڵانە وەزارەتی خوێندنی باڵا پێویستی بە شەش ملیار دینار هەیە تا دەرماڵە بۆ قوتابیان دابین بكات.

دكتۆرە گەلاوێژ عوبێد ئەوەشی خستەڕوو كە لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاری گەڕانەوەی 10 نمرە بۆ قوتابیان درا، بەو مەرجەی ئەو قوتابییەی سوودمەند دەبێت لەو 10 نمرەیە، بتوانێ قۆناغێكی خوێندن ببڕێت.
 
هەریەكە لە زانكۆكانی حدبا، نور، كیتاب و قەلەم كە دەكەونە سنووری هەردوو پارێزگای كەركووك و مووسڵ، زۆرێكیش لە قوتابیانی كورد لەو زانكۆیانە دەخوێنن، بەڵام ئەو زانكۆیانە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا ددانپێدانراو نین، لە بەرانبەر ئەمەشدا نۆ زانكۆ هەن لە هەرێمی كوردستان كە لەلایەن حكوومەتی عێراق ددانپێدانراو نین.
لە كۆبوونەوەی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا، بڕیاری پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەش درا تا لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای حكوومەتی عێراق ئەو پرسە تاوتوێ بكەن و كێشەكە چارەسەر بكەن.


وشە - فه‌رمان سادق