سووریا.. هەسەدە داوای سەپاندنی ناوچەی دژەفڕین دەكات

:: PM:06:09:09/10/2019 ‌

دوای ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا دەست پێكردنی ئۆپرسیۆنی سەربازی توركیای بۆ سەر ناوچە كوردییەكانی باكوری رۆژهەڵاتی سووریا راگەیاند، هێزەكانی سووریا دیموكرات كە لەو ناوچانە باڵادەستن، داوای لە ئەمەریكا و نەتەوە یەكگرتووەكان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش كرد كە ناوچەیەكی دژەفڕین لەو ناوچانە بسەپێنن بۆ وەستاندنی هێرشەكەی توركیا.

ناوچەیەكی دژەفڕین بۆ وەستاندنی هێرشی توركیا
هەسەدە ئەمڕۆ چوارشەم لە بەیانامەیەك لەدوای دەست پێكردنی ئۆپراسیۆنەكەی توركیا رای گەیاند كە ئەوان نیازپاكی خۆیان لە بەرانبەر رێككەوتنی رێوشوێنی تەناهی لە نێوان ئەمەریكا و توركیا دەربڕیوە كە باسی دامەزراندنی ناوچەیەكی ئارام لە باكوری رۆژهەڵاتی سووریا دەكات بۆ رێگرتن لە هێرشی توركیا، بەڵام ئەوە وای كرد كورد بێ پارێزی بمێننەوە.

هەسەدە داوای سەپاندنی ناوچەیەكی دژەفڕینی لە باكوری رۆژهەڵاتی سووریا كرد بۆ پاراستنی ئەو ناوچانە و وەستاندنی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ناوچەكە. لای خۆیەوە مستەفا بالی، گوتەبێژ بەناوی هەسەدە رای گەیاند كە بەهۆی بۆردمانەكانەوە ترس و تۆقین لە نێوان دانیشتوانی ئەو ناوچانە دروست بووە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل