یەكێتی ئەوروپا داوای وەستانی ئۆپراسیۆنەكەی توركیا دەكات

:: PM:06:38:09/10/2019 ‌

لەو كاتەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوا لە توركیا دەكات كە هاووڵاتییان بپارێزێت و دان بەخۆیدا بگرێت، یەكێتی ئەوروپا داوا لە توركیا دەكات هێرشەكەی بوەستێنێت و ئەوان تێچووی دامەزراندنی ناوچەیەكی ئارام ناگرنە ئەستۆ، فڕەنساش سەركۆنەی هێرشەكە دەكات و دەیگەیەنێتە ئەنجوومەنی ئاسایش.

یەكێتی ئەوروپا: با هێرشەكە بوەستێت
جان كلوود یۆنیكەر، سەرۆكی یەكێتی ئەوروپا ئەمڕۆ چوارشەم داوای لە توركیا كرد هێرشەكەی لە سووریا بوەستێنێت و دان بەخۆیدا بگرێت و دووپاتی كردەوە كە یەكێتییەكە تێچووی دامەزراندنی ناوچەیەكی ئارام لە باكوری سووریا ناگرێتە ئەستۆ.  

فڕەنسا بەتوندی سەركۆنەی ئۆپراسیۆنەكە دەكات
لەوكاتەی رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی وریایی لە كردنەئامانجی هاووڵاتییان دا، فڕەنسا بەتوندی سەركۆنەی هێرشەكەی توركیای كرد بۆ سەر باكوری سووریا و گەیاندییە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئیمیلی دو مۆنشالان، وەزیری كاروباری ئەوروپای فڕەنسی گوتی، فڕەنسا بەتوندی سەركۆنەی ئەو ئۆپراسیۆنەی توركیا دەكات و داوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ باسكردنی ئەو بابەتە كردووە. 

پرسەكە دەگەیندرێتە ئەنجوومەنی ئاسایش
زیاتر گوتی، هەریەك لە فڕەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا خەریكی ئامادەكردنی راگەیاندنی هاوبەشن كە تیایدا دووپاتی سەركۆنەكردنی توندی ئەوەی لە سووریا روودەدات دەكەنەوە و داوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەكەین.

هەر ئەمڕۆ نووسینگەی ئیمانوێل ماكڕۆن سەرۆكی فڕەنسا رای گەیاند كە ماكڕۆن نیگەرانی زۆری خۆی لە دەست پێكردنی ئۆپراسیۆنی توركیا دەربڕیوە، لەوكاتەی ئەڵمانیا سەركۆنەی هێرشەكەی توركیای كرد و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە رای گەیاند كە ئەو ئۆپراسیۆنەی توركیا پشێوی لە ناوچەكە زیاتر دەكات و بوونی داعش بەهێز دەكاتەوە.

لای خۆیەوە جیری ماتیۆز، سەرۆكی ئێستەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و باڵوێزی باشووری ئەفریقیا داوای لە توركیا كرد كە هاووڵاتییان بپارێزێت و دان بەخۆیدا بگرێت. 

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەم دوای راگەیاندنی دەست پێكردنی ئۆپراسیۆنەكەی توركیا، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا هێرشیان كردە سەر سەری كانی، جیا لە بۆردمانی تۆپخانەكانی توركیا كە ئەوەش وای كرد دەیان لە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە ئاوارە بن. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل